شوبات 28, 2021

10 ئامۆژگاری بۆ گەشت و سەیرانێكی شیاو

ئامادەكاری بۆ خواردن و گەشتێكی تەندروست سەرچاوەی پارێزگاریكردنە لە جەستەتان، پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە كە پێویستە لە پێناو گەشتێكی تەندروست مەرجە تەندروستییەكان لەبەرچاو بگیرێت.

خۆبەدورگرتن لە خواردنی چەور و ئاوی جۆگە بۆ خواردنەوە و قاپ شۆردن بەشێكن لە ڕێنماییە پزیشكییەكان بۆیە پزیشكان لە چەند خاڵێدا ئامۆژگاریمان دەكەن ڕەچاویان بكەین تا تەندروستیمان پارێزراوبێت:
1. كاتێك خۆراك ئامادە دەكەن نابێت بەشەو ئامادەی بكەن و بیكوڵێنن، هەربۆیە وا باشترە بەیانی زوو هەستن و خۆراكەكان حازر بكەن، چونكە ئەو خواردنەی ئامادەی دەكەن چەورە و مادەی پرۆتیناتی زۆرە وگۆشتیشی تێدایە، ئەوانەش كاتێك لە نێو ئۆتۆمبێل دادەنرێت و تا دەبرێتە شوێنی گەشتكردنەكەیان ئەگەر هەیە تێك بچێت، هەروەها ئەگەریش هەیە میكرۆب بچێتە ناوی، هاوكات بەهۆی ئەوەی كە شوێنی گەشتكردن دڵڕفێنە گەشتیاران زیاتر دەخۆن و ئەمەش وا دەكات تووشی نەخۆشی گەدە و سكچوون و ڕشانەوە بن.
2. دەبێت هەوڵبدەن خواردنەكانیان زۆر چەور نەبێت، گۆشت بۆخۆی چەورە ئەگەر هاتوو هەر بەكاریان هێنا لە خۆراكەكانیان ئەوا ڕۆن زۆر بەكار نەهێنن تا خۆراكەكانتان چەور نەبێت، چونكە ئەو خۆراكە چەورانە لەكاتی گەشت كردن كەزۆر دەخورێت ئەگەر هەیە توشی نەخۆشی گەدە و ڕیخۆڵەتان بكات.
3. پێویستە ئەو خۆراكەی كە لەنێو ئۆتۆمبێل دادەنرێت لە شوێنێكی گەرم دانەنرێت، ئەگەر چی دایدەپۆشن ئەوا كێشە نییە، بەڵام پێویستە لە شوێنێكی وەها دایبنێن ئەو خۆراكانە نەترشێت و لە ڕوی تەندروستییەوە نەبێتە كێشە.
4. پێویستە كاتێك كە گەیشتنە شوێنی دیاریكراو جێگەیەگی تەندروست دیار بكەن، شوێنەكەپیس نەبێت و هەوایەكی پاكی هەبێت و تا پێیان بكرێت جگەرە نەكێشن و هەوای پاكژ هەڵمژن، هەروەها پێویستە ئەو شوێنەی هەڵی دەبژێرن دور بێت لە گژوگیای بەرز چونكە ئەگەر هەیە كە لە نێو ئەو گژوگیایە مار و دوپشك خۆیان حەشاردابێت، ئەگەربێت و پێشتانەوە نەدەن ئەگەر هەیە بەسەر جەستەتاندا هەڵگەڕێت و توشی حەساییەتتان بكات.
5. پێویستە منداڵەكان وا فێر بكەن كە هیچ گژوگیایەك نەخۆن و دەستی لێنەدەن چونكە ئەگەر هەیە ئەو گژوگیایە ژەهراوی بێت و منداڵیش كەمتر توانای بەرگری لەو گژوگیایە بكات و ئەگەر هەیە ببێتە مایەی گیان لەدەست دانی منداڵ، هەروەها ئەگەر منداڵ دەستی لە گیا داو هەستیان كرد توشی حەسایەت هاتووە ئەوا پێویستە بەزوترین كات ببرێت بۆ لای پزیشك ونەخۆشخانە تا چارەسەر بكرێت.
6. كەمبخۆن چونكە زیاتر واباوە دوای نانخواردنی نیوەڕوانان سەیرانچی بەسەر چیادەكەون و دەچن و دەگەڕێن، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە توشی نەخۆشیتان بكات، بۆیە واباشە كەم بخۆن و ئاگاتان لە تەندروستی خۆتان بێت.
7. خەڵك لە بەهاردا دەبێت خۆیان بەدوربگرن لە مەلەوانیكردن چونكە ئەو جێگەیانەی كە ئاوی لێیە لە ڕوی تەندروستییەوە شیاو نییە بۆ مەلەكردن. هاوكات هیچ گرێنتییەك نییە كە شوشەی شكاو، بەردی تیژ، پاشماوەی ئۆتۆمبێلی تێدا نەبێت لەكاتی خۆهەڵدان ئەگەر هەیە كەسەكە دوچاری كارەساتێك بێت و یاخوود توشی خوێن بەربوون بێت.
8. بە هیچ جۆرێك ئاوی جۆگەو گۆمەكان بەكار نەهێنن بۆ خواردنەوە و قاپ شۆردن، چونكە ئەو ئاوانە بەهیچ جۆرێك مادەی كلۆریان تێدا نییە و ئەگەریش هەیە تێكەڵ بوبێت بە پاشەڕۆی خەڵكی گوندەكان وسەیرانكەران و نابێت قاپ و دەستیان بشۆن، هەوەها "چا"ی پێلێ نەنرێت.
9. ئەو ئاوەی كە لە بتڵ كراوە نابێت لە بەر ڕۆژ دای بنێن چونكە مانەوەی ئاوی لە بتڵ كراو لەدوای شەش كاتژمێر لەبەر ڕۆژ لە ڕووی تەندروستییەوە شیاو نابێت بۆ خواردن.
10. ئەو پاشماوانەی كە لەخۆراك و ئاو دەمێنێتەوە پێویستە بەشێوەیەكی تەندروست هەڵبگیرێت و فرێ بدرێت، چونكە ئەو پاشماوە پلاستیكیانە خەڵك توشی شێرپەنجە دەكەن و پێویستە بەشێویەكی تەندروست فرێ بدرێت

 

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر
.

© 2017 Hawler