شوبات 27, 2020

زۆرترین بینراو كۆمه‌ڵایه‌تی

كارامه‌یی په‌يوه‌ندىكردن چييه‌؟

‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێكه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی كه‌سایه‌تی له‌ پاڵ لایه‌نه‌كانی (ده‌روونی، رۆحی، ژیری و جه‌سته‌یی)، رێژه‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تی مرۆڤ به‌ر لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌وێت، كه‌ رێژه‌یه‌كی گرنگ و به‌رچاوه‌ له‌ ژیانی مرۆڤه‌كاندا. لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی وێنه‌ی كه‌سایه‌تی تاك دیاری ده‌كات، به‌هۆیه‌وه‌ سیفاتێك یان چه‌ند سیفاتێك له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌رییه‌وه‌ پێی ده‌درێت، كه‌به‌هۆیه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ تاكه‌كان له‌سه‌ریان كه‌ به‌باشترین شێوه‌ خۆیان بناسن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ باشترین رێگا و شێواز په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا دروست بكه‌ن، پێویسته‌ مرۆڤه‌كان وێنای خۆیان له‌به‌رچاو بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كه‌ خۆیان بۆ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده‌ بكه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كی گونجاو دروست بكه‌ن، كه‌ ببێته‌ هۆی ئاسووده‌یی ده‌روونی و زیاتر به‌هێزكردنی كه‌سایه‌تی خۆی و زیادكردنی ئاستی متمانه‌ به‌خۆبوونی.

چه‌ند لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ژیانی ئێمه‌دا
1. دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ رۆژانه‌ییه‌كان له‌ ژیانماندا.
2. هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ململانێكان كه‌ له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا رووده‌دات.
3. لێزانی و كارزانی له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی چالاكانه‌.
زۆر گرنگه‌ كه‌ مرۆڤ بتوانێ په‌یوه‌ندییه‌كی گونجاو و دروست له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ی خۆیین و ئه‌وانه‌شی له‌ خواره‌وه‌ی خۆیین دروست بكات، بتوانێ هاوسه‌نگییه‌كی باش رابگرێت.
 گرنگی دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بریتین له‌:
1. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ناتوانێ به‌ته‌نیا بژیت، بۆیه‌ پێویستی به‌كه‌سانی تر هه‌یه‌ و پێویسته‌ په‌یوه‌ندی نوێ دروست بكات.
2. هه‌ندێ له‌ توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتنی كه‌سه‌كان له‌ ژیاندا به‌ڕێژه‌ی له‌ (75%) بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ته‌نیا له‌ (15%)ـی بۆ لایه‌نی زانینی و معریفی ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌.
3. په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی یارمه‌تیده‌رێكی زۆر باشی زیاد كردنی به‌رهه‌مه‌كانه‌ له‌و ژینگانه‌ی تۆ تێیدایی.
4. دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان یارمه‌تیده‌رێكی زۆرباشه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ هه‌ست به‌ رازیی بوون بكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌بێـته‌ هۆی زیاتر كردنی ئاستی متمانه‌ به‌خۆبوون.
چه‌ند یاسایه‌كی گرنگ بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان:
1. به‌شێوه‌یه‌كی ڕێزدارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌س بكه‌.
2. كاتێك له‌گه‌ڵ كه‌سێك مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌یت وا بكه‌ كه‌ هه‌ست بكات كه‌ تۆ گرنگی پێده‌ده‌یت كه‌ ناوی ده‌هێنێ یان سیفاتێكی باشی ده‌ده‌یته‌ پاڵ، یانیش هه‌ندێ شتی باشی له‌سه‌ر باس ده‌كه‌یت.
3. له‌كاتی مامه‌ڵه‌كانت له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كان ته‌نیا ته‌ركیز له‌سه‌ر باشییه‌كان بكه‌، ته‌ركیز له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌ت بكه‌وه‌ نه‌وه‌ك له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی.
4. به‌ها بۆ كه‌سه‌كان دابنێ و بارودۆخه‌ بچوكه‌كان مه‌كه‌ به‌ كێشه‌.
5. په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایی (تۆ بڕاوه‌ و من بڕاوه‌) دروست بكه‌، خاڵی هاوبه‌ش بدۆزه‌وه‌، به‌دوای ئه‌و شتانه‌دا بگه‌ڕێ كه‌ سوود به‌تۆ و ئه‌و و كه‌سانی تر ده‌گه‌ینێ.
6. ئاستی گرنگی پێدانی خۆت بۆ كه‌سه‌كه‌ ده‌رببڕه‌، هه‌وڵبده‌ له‌سه‌ری بدوێی.
7. فێره‌ هونه‌ری گوێگرتن ببه‌، له‌ قسه‌ پێبڕین دوور بكه‌وه‌، له‌گه‌ڵیدا به‌ و ته‌ركیز بكه‌، بزانه‌ چی ده‌ڵێت لێی تێبگه‌.
8. هه‌وڵبده‌ به‌ ناڕاسته‌وخۆی هه‌ڵه‌كانی بۆ راست بكه‌یته‌وه‌، هاوكاری بكه‌، له‌ شێوازی هێرش بردن دووربكه‌وه‌، ئاگادار به‌ هه‌ست و ویستی ره‌خنه‌گرتن به‌سه‌رتدا زاڵ نه‌بێت.
9. واز له‌ رابردوو بهێنه‌، هه‌وڵبده‌ كار له‌سه‌ر ئێستاتان بكه‌یت، كۆنه‌ كا به‌ با مه‌كه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی ره‌ق و ناره‌حه‌تی له‌نێوانتاندا.
10. باشییه‌كانی بۆ بگێڕه‌وه‌ یان بۆی باسبكه‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ زیاده‌ ڕۆیی و ماكیاژ كردن.
11. داوای چاكه‌ و باشی بۆ بكه‌ له‌ هه‌موو كاروبارێكیدا.
12. كۆنتڕؤڵی هه‌ڵچوونه‌كانت بكه‌، رێگا به‌ هه‌ڵه‌شه‌یی مه‌ده‌.
13. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كت هه‌بوو دان به‌هه‌ڵه‌كه‌تدا بنێ، هه‌وڵمه‌ده‌ مافی پێشێل بكه‌یت و بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ بده‌یت.
14. به‌ هه‌ڵچوونه‌كانی ڕابردووت مامه‌ڵه‌ مه‌كه‌، دووباره‌ ده‌رفه‌ت بده‌ خۆت و به‌رامبه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سه‌ر له‌نوێ په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌رێنی دروست بكه‌نه‌وه‌.
15. ئه‌و ئه‌زموون و شاره‌زایی و كارامه‌ییانه‌ی كه‌ هه‌ته‌ و ده‌زانی بۆ ئه‌وان ده‌گه‌نجێ باسی بكه‌.
16. قسه‌كردن و بیروڕاكانت با هه‌میشه‌ ئه‌رێنی بێت له‌سه‌ر كه‌سانی تر، له‌ ره‌خنه‌گرتنی زۆر له‌كه‌سانی تر دووربكه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ناو بردنی په‌یوه‌ندییه‌كانت.
17. له‌كاتی هه‌بوونی كه‌سانی تر له‌نێوانتاندا له‌سه‌ر ده‌رخستنی رووه‌ باشه‌كان سوور به‌، هه‌وڵمه‌ده‌ نه‌هێنییه‌كان باس بكه‌ی.
18. به‌رده‌وام و به‌بێ زیاده‌ڕۆیی، هه‌روه‌ها له‌ شوێنی خۆیدا به‌بێ كه‌مته‌رخه‌می ئه‌م وشانه‌ به‌كاربهێنه‌ (سوپاس، ببوره‌، به‌یارمه‌تیت، زۆرباشه‌، خۆشحاڵبووم…). له‌ به‌كارهێنانی ئه‌م وشانه‌ ده‌ستكراوه‌ و زار كراوه‌ به‌. چونكه‌ كاریگه‌ر گه‌وره‌یان هه‌یه‌.
19. هاوسۆزبه‌، واته‌ هه‌ست و سۆزه‌كانی خۆت به‌ گوێره‌ی بارودۆخه‌كان بۆ كه‌سه‌كان ده‌رببڕه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی پێویست و له‌ سنوری خۆی به‌بێ زیاده‌ڕۆیی.
20. له‌سه‌ر به‌ڵێن و په‌یمانه‌كانت سوربه‌ كه‌ پێیت داوه‌، هه‌وڵبده‌ به‌ڵێن و په‌یمانێك به‌ كه‌سه‌كان بده‌یت كه‌ له‌سنوری ده‌سه‌ڵات و تواناتدا بێت.
21. له‌ چه‌له‌حانێ و شه‌ڕه‌ ده‌مه‌ دووربكه‌وه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندییه‌كان كاڵده‌كاته‌وه‌، هیچ سوودێكی نییه‌.
22. به‌رده‌وام گه‌شبین به‌ و زه‌رده‌خه‌نت له‌سه‌ر لێوان بێ، ئه‌مه‌ت له‌بیر بێت كه‌ هاوڕێكه‌ت ئه‌جری له‌سه‌ر تۆ هه‌یه‌.
23. له‌ قسه‌ ره‌ق و دڵ برینداره‌كانت دوور بكه‌وه‌.
24. نه‌رم و له‌سه‌رخۆبه‌، وه‌ك خۆتبه‌، له‌ نواندن دووربكه‌وه‌، كار به‌م یاسایه‌ بكه‌ كه‌ تۆ خۆتی نه‌وه‌ك كه‌سی تر.
25. هاوكاری هاوڕێكانت بكه‌، گیانی هاوكاری خۆشی ده‌به‌خشێ. به‌ڵام ئاگاداربه‌ كه‌ وه‌ك مه‌شه‌خۆ له‌سه‌رت نه‌ژین.

 

دانا سه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی

© 2017 Hawler