کانونی دووەم 25, 2020

پارێزەر قادر ژەوان

هەردوو رەگەزی نێر و مێ بوونەتە سەرچاوەی بنیاتنانی خێزان و كۆمەڵگا، واتە ئەگەر ئەم دوورەگەزە بوونیان نەبێ ئەوا ژیان تارمایی بەسەردا دەكشێت و كۆتایی پێدێت، كەواتە هاوسەرگیری وەكو سوونەتی ژیان هەژمار دەكرێت و دروستە ئەنجامبدرێت، ئەمە جگەلەوەی ئەم پرۆسەیە هەردوو رەگەز لە كۆمەڵێك دەرهاویشتەی نەرێنی دوور دەخاتەوە، بۆ ئەم مەبەسە دەمەوێت باس لە بابەتێك بكەم، ئەویش (دەستگیرانداری)ە، كە سەرەتای هاوسەرگیری و بنیاتنانی خێزان لەوێوە دەسپێدەكات.

دەستگیرانداری
دەستگیرانداری هەنگاوی یەكەمە بۆ بەیەكگەیشتنی هەردوو رەگەز و سەرەتای بنیاتنانی خێزان لەوێوە دەستپێدەكات.
یەكەم: پێناسەی دەستگیرانداری:
داواكردنی پیاوە بۆ هاوسەرگیری بە ئافرەتێك كە هیچ بەربەستێكی كاتی یان تاهەتایی شەرعی و یاسایی نەبێت.
دەستگیرانداری بریتییە لەو ماوەی نێوان (خوازبێنیكردن و تاوەكو ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری)، واتە دەستگیرانداری ئەو وادە و بەڵێنانەن كە لە نێوان (خوازبێنیكار) كە كوڕە و (خوازبێنیكراو) كە كچە، لەسەری رێكدەكەون، ئەویش بەمەبەستی ئەنجامدانی هاوسەرگیری و پێكهێنانی خێزان.
لەو كاتەوەی كە هەردوولا رێكدەكەون و وادە و بەڵێن دەكەوێتە نێوانیان، ئەوا سەرەتای دەستگیرانداری دەستپێدەكات تا ئەو كاتەی كە لە رووی شەرعی و یاساییەوە گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن.
لە مادەی(3) بڕگەی(3)ی یاسای باری كەسی بەكار لە هەرێمی كوردستاندا هاتووە (بەڵیندان بە هاوسەرگیری و خوێندنی فاتحە و دەستگیرانداری، بە گرێبەست لە قەڵەم نادرێت). چونكە بەڵێن بە هاوسەرگیری و خوێندنی فاتحە كارێكی ئامادەكاری پێشوەختەیە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری. بۆیە دەبێ هەردوو (كوڕ و كچ )بەر لە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری، ئەوا بە باشی سەیری یەكتری بكەن و سەرنجی رووخساری یەكتری بدەن و بیر لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی دوای گواستنەوە بكەنەوە، چونكە تاوەكو ژیانیان مابێ بەیەكەوە ژیان دەبەنەسەر، ئەگەر وەها نەكەن ئەوا دواتر دەرهاویشتەی خراپی لێدەكەوێتەوە.
لەبەر ئەوەی دەستگیرانداری تەنها وادە و بەڵێنە و هیچ گرێبەستێكی شەرعی و یاسایی لە نێوان (كوڕ و كچ) دا نیە، بۆیە پەشیمان بوونەوە و جیابوونەوە و لێكترازانیان ناچێتە چوارچیوەی جیابوونەوە و تەڵاقەوە، بەپێی یاسا قەرەبووی زیان لێكەوتووش مامناوەندی دەبێت و دادوەر ئەمە یەكلایی دەكاتەوە.

دووەم: پەشیمانبوونەوە لە دەستگیرانداری و كاریگەرییەكانی:
پەشیمانبوونەوە لە دەستگیرانداری، چ لەلایەن پیاوەوە یاخود لەلایەن ژنەوە بێت، ئەگەر پاساوی شەرعی و یاسایی هەبوو دەشێ هەبێ، بەڵام ئەگەر بەبێ پاساو بێت ئەوا بە كارێكی نادروست و بێزراو لەقەڵەم دەدرێت، چونكە لەگەڵ وەفا و پەیمان یەكناگرنەوە.
لەمادەی 3بڕگەی 1ی یاسای باری كەسی بەكار لە هەرێمی كوردستاندا هاتووە{هاوسەرگیری گرێبەستێكی ئارەزوومەندانەیە لەنێوان (پیاو و ژن)دا، كە بەپێی شەرع هەر یەكێكیان بەوی دیكە حەڵاڵ دەكات و مەبەست تیایدا پێكهێنانی خێزانە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بەزەیی و بەرپرسیارێتی هاوبەش} بەپێی دادگەریەكانی(احكام) ئەم یاسایە.

ماوەی دەستگیرانداری
پێویستە ماوەی دەستگیرانداری درێژترین ماوە بێت، بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ هەر یەك لەو دوو هاوسەرە بڕەخسێت كە بتوانێت لەنزیكەوە و بەقەناعەتەوە هاوسەری خۆی دەستنیشان بكات و هەردوو هاوسەر بە باشی بتوانن شارەزای سرووشتی هەڵس و كەوت و شێوازی مامەڵە كردن لەگەڵ بەرامبەر و رەوشت و جۆری بیركردنەوەی یەكتری بن، بێگومان لەدوای ئەو ماوەیەدا هەرچەندە هەوڵی شاردنەوەی خەوشە
شاراوەكان بدرێت دەردەكەون، چونكە پاڵنەری هاوسەرگیری لەگەڵ كەمی ماوەی دەستگیرانداری مەترسی بەدواوەیە.

پرۆسەیەكی ئەوەندە سەخت نییە ئەوەندەش ئاسان نیە

بۆ ئەو كچ و كوڕنەی كە هێشتا نەچوونەتە قەفەسی زێڕینەوە و هاوسەرگیریان نەكردووە! هەرچەندە پرۆسەی هاوسەرگیری پرۆسەیەكی ئەوەندە سەخت نییە تاوەكو بۆ ئەنجامدانی تووشی ترس و دڵە راوكێ ببن، بەڵام ئەوەندەش ئاسان نیە كە بەبێ بەرنامە و بەبێ خۆئامادەكردن ئەم كارە بكەن، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئەم رێنماییانەی كە باسمكردن لەبەرچاویان بگرن، ئەمە جگە لەوەی كە رەگەزی نێر دەبێ لەرووی ئابووریەوە خۆی ئامادە بكات و پلان و بەرنامەی بۆ پێداویستی سەرەتایی هەبێت و بژێوی ئایندە لەبەرچاوبگرێت.

© 2017 Hawler