کانونی دووەم 25, 2020

كێ خواردنی (عەسەلیات) ی لەبیر ماوە؟

جاران خواردنێكی زۆر خۆش و بەتام هەبوو كە دەستگێڕەكان لە كوچە و كۆڵانەكانی شار كۆڵان بە كۆلان و ماڵ بە ماڵ دەیانگێڕا منداڵ و مێرد منداڵەكان بە كۆمەڵ لە دەوریان كۆدەبوونەوە و لێیان دەكڕین كە پێی دەگوترا (عەسەلیات) كە چەند ڕەنگێكی وەك سوور و زەرد و سەوز و پەمبەی هەبوو، ئەو خواردنە بە شێوەیەكی زۆر جوان لە ماڵەوە دروست دەكرا.

جا زۆر منداڵەكان بە خوێ و لیمۆندزییەوە دەیانخوارد كە ئەوسا نرخەكەی بە پێنج فلوس بوو، بەڵام هەر زوو ساغ دەبەوە و كۆتایی دەهات، كەچی ئەمڕۆ ئەو خواردنە نەماوە و بۆتە یادگاری، بۆیە لەمبارەیەوە (عمران موسا سەوزەچی) دەڵێ:
بەبیرم دێ منداڵ بووم لە گەڕەكی سەیداوەی شاری هەولێر كابرایەكی بەژن و باڵا درێژی چاوشین كە پایسكسلێكی 28 ی هەبوو ئەو ئەعەسەلیاتەی دەفرۆشت و پڕ بە دەمی هاواری دەكرد یاڵڵا عەسەلیات... یاڵڵا عەسەلیات ئێمەش بەوپەڕی تامەزرۆییەوە لە دەورەی كۆدەبووینەوە و لێمان دەكڕی، بەڕاستی تامێكی زۆر خۆشی هەبوو، ئێستاش خەون بەو ڕۆژانە دەبینین كە هەرگیز دووبارە نابنەوە، هەروەها مامۆستا (ئیحسان خۆشناو) دەڵێ:
خواردنی عەسەلیات لەو كات و ساتەدا تاموچێژێكی زۆر خۆشی هەبوو، من ئەوەندەم لەبیر ماوە ئەگەر كابرا بێ زەمیر بوایە لێمەندوزیەكەی كەمتر بوو لە خێیەكەی، بۆیە لە سووریان نەدەخورا، ئەو خواردنە بۆ منداڵان جۆرێك بوو لە دڵنەوایی، بەڵام ئێستا نەماوە، خۆ ئەگەر ماشبێ ئەوا زۆر كەمە، لەلایەكی دیكەوە (ڕەشاد گەردی) دەڵێ:
عەسەلیات خواردنێكی زۆر بەتاموچێژ بوو، هەرژار و دەوڵەمەند بەبێ جیاوازی دەیانخوارد و تامو چێژیان لێوەردەگرت، ئێستاش تامی لەسەر زارم ماوە هێندە خۆش بوو، دواتر مامۆستا (پشتیوان ساڵح خدر) دەڵێ:
عەسەلیات خواردنێكی كۆن بوو لە زۆربەی گەڕ’كەكانی شار دەفرۆشرا، یادگارییەكی خۆشی بۆ گەورە و بچووك جێهێشتووە كە مرۆڤ هەرگیز ئەو ڕۆژانە لە یاد ناكات كە بە تامەزرۆییەوە ئەو عەسەلیاتە خۆشەمان دەكڕی و نۆشمان دەكرد، هەروەها (هاوكار كوردە) دەڵێ:
بەڕاستی عەسەلیات بە تام بوو، بەبیرم دێ هەموو پاش عەسران دەهاتە گەڕەكەكامان (بەلاشاوە) ئەوەی دەیفرۆشت ناوی (محەمەد) بوو كە بە (محەمەد كوردستانی) ناسراو بوو، بەڵام ئێستا ئەو خواردنە نەماوە و كەسیش نیە وەكو جاران زیندووی بكاتەوە و بیفرۆشێ و بەو كارە دڵی منداڵان و مێردمنداڵان خۆش بكات، دوا جار (قەهار مەلا قەرە) دەڵێ:
من یادگاری زۆرم لەگەڵ عەسەلیات هەیە و زۆرم خواردووە و خۆشم وەك دەستگێڕێكیش فرۆشتوومە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیاوە ئەو خواردنە كۆنانە بەرەو نەمان چوون و نەماون، ئەگەر جار جارە وەك یادگارییەك بیگێڕینەوە.

© 2017 Hawler