تشرینی دووەم 19, 2019

کاریگەریی خێزان لەسەر بەکولتوورکردنی خوێندنەوە

خاڵێک لە خاڵە دیارەکانی سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەک، کارکردنە بۆ ئەو خەونە بۆ ئەوەی بکرێتە واقیع. ئەگەر ئێمە بمانەوێت خوێندنەوە بکەین بە کولتوور، دەکرێت لە چەند ئاستێکی جیاجیاوە کاری بۆ بکەین، لەوانە خێزان و قوتابخانە و کەناڵەکانی میدیا و کۆمەڵە و گروپەکان، کە چالاکیی کولتووری و ڕۆشنبیریی ئەنجام دەدەن. لەم بەشەدا تەنها تیشک دەخەمە سەر گرنگیی خێزان لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و ڕۆڵی خێزان لە دروستکردنی ئارەزووی خوێندنەوە و خۆشەویستکردنی کتێب لەلای تاک.

یەکێک لە ئەرکەکانی هەر خێزانێک دابینکردنی پێداویستییەکانە بۆ ئەندامانی خێزان. هەموو خێزانێک بەپێی داهاتی مانگانەی هەوڵی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئەندامەکانی دەدات و ئەوەش لە ڕێی دابینکردنی خەرجیی جلوبەرگ و دابینکردنی خەرجیی ڕۆژانە و چەند پێداویستییەکی دیکە. بەڵام زۆر بەکەمی، یان ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت، کە بڵێین هیچ خێزانێک بەشێک لە داهاتەکەی بۆ کڕینی کتێب و گۆڤار بۆ ئەندامانی خێزانەکەی تەرخان ناکات، کە ئەمە خاڵێکە لەلای زۆرینەی خێزانەکانی، نەک کوردستان، بەڵکو خێزانە خۆرهەڵاتییەکانیش بایەخی پێ نەدراوە. (بێگومان دەڵێم زۆرینە، نەک هەموو خێزانەکان) هەر بۆیە خوێندنەوە لە وڵاتانی خۆرهەڵات بە بەراورد بە وڵاتانی خۆرئاوا لە ئاستی بەراوردکردندا نییە. لێرەدا بۆ ئەوەی قسەکانم تەنها تیۆری نەبێت، باس لە ئامارەکانی خوێندنەوە دەکەم لە ئەمەریکا و دواتریش ئاماژە بە ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی دەکەم.
گه‌لی ئه‌مریكا، کە ئێستا وەکو یەکێک لە گەلە پێشەنگەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت، ڕێژەی خوێندنەوە تێیاندا بەرزە و بەپێی ئەو ئامارانەی لە سایتی (mental-floss) خراوەتە ڕوو ڕێژەی خوێنەر بەپێی تەمەن بەم شێوەیەیە:
1- ژماره‌یه‌ك له‌ خوێنه‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا ده‌ست له‌هیچ جۆره‌ كتێبێك ناده‌ن: به‌شێكی كه‌می خوێنه‌ری ئه‌مریكی له‌ رێگه‌ی ماڵپه‌ره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه‌ خوێنه‌ری كتێبه‌ جۆراوجۆره‌كانن، به ‌جۆرێك 30%ی ئه‌مریكییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ کتێب دەخوێننەوە.
2- گه‌نجه‌كانی ئه‌مریكا زیاتر له‌ ته‌مه‌نه‌كانی تر ده‌خوێننه‌وه: 80%ی گه‌نجانی ئه‌مریكا له‌نێوان ته‌مه‌نی 18-29 ساڵدان خوێنه‌ری كتێبه‌كانن. به‌ جۆرێك 68%ی خوێنەرە ئه‌مریكییه‌كان له‌نێوان ته‌مه‌نی 50-64 ساڵدان. هاوکات 69%یشیان تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاترە.
3- زۆرترین ژماره‌ی كتێبی خوێنراوه‌ لای هاوڵاتییه‌كی ئه‌مریكی ده‌گاته‌ 12 كتێب له‌ ساڵێكدا: هەر بەپێی ئەو ئامارانەی خراونەتە ڕوو به‌رزترین ژماره‌ی كتێبی خوێنراوه‌ لای هاوڵاتییه‌كی ئه‌مریكی له‌ ساڵێكدا ده‌گاته‌ 122 كتێب، ڕێژه‌ی ناوه‌ندیش ده‌گاته‌ 4 كتێب، به‌ڵام بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی پله‌یه‌كی جیاوازن، یان خوێندكارن، ئه‌و ژماره‌یه‌ ده‌گاته‌ 17 كتێب له‌ ساڵێكدا.
4- ژنان زیاتر ده‌خوێننه‌وه‌ له‌ پیاوان: به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌ ئه‌مریكا ئه‌نجام دراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ژنانی ئه‌مریكا زیاتر ده‌خوێننه‌وه‌ له‌ پیاوان، به‌ جۆرێك زۆرترین ژماره‌ی كتێبی خوێنراوه‌ لای پیاوانی ئه‌مریكا له‌ ساڵێكدا ده‌گاته‌ 9 كتێب، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ لای ژنان ده‌گاته‌ 12 كتێب له‌ ساڵێكدا.
لێرەدا پێم باشە ئامارێکی د. زەید عەلی ئەلفەیسەڵ بە یاد دەهێنمەوە، کە چەند ئامارێکی گرنگی لەبارەی خوێندنەوەوە لە ئەوروپا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی خستۆتە ڕوو و ئەو نووسیویەتی: هەر تاکێکی ئەوروپی ساڵانە تێکڕا 35 کتێب دەخوێنێتەوە. هەروەها هەر تاکێکی ئیسرائیلی ساڵانە 45 کتێب دەخوێنێتەوە. لە کاتێکدا لە وڵاتە عەرەبییەکاندا بە هەشتا کەس تەنها یەک کتێبیان بۆ خوێندنەوە بەردەکەوێت.
بێگومان ئەم ئامارانە ئەگەر بەتەواویش دروست نەبن، بەشێکی زۆر لە ڕاستییان تێدایە و هەرێمی کوردستانیش لە دەرەوەی ئەم ئامارانە نییە. ترسناکیی ئەم ئامارانە لەوەدایە، کە دەتوانین تەنها لە ڕێی ئەم ئامارانەوە ئەو پاشکەوتووییەی خۆرهەڵات و ئەو پێشکەوتنەی خۆرئاواش درک بکەین. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئەم جۆرە ئامارانە ساردمان نەکاتەوە لەوەی دەست بە پڕۆژەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و هەوڵی خوێندەوارکردنی کۆمەڵگەکەمان بدەین. هەر لێرەوەشەوە گرنگی و ئەرکی خێزان دەردەکەوێت، چونکە خێزان دەتوانێت لە چەند ئاستێکی جیادا ڕۆڵی هەبێت لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە. یەکەم ئاست دەبێت مانگانە بڕێک پارە بۆ ئەم پڕۆسەیە تەرخان بکرێت، چونکە پێداویستیی تاک تەنها دابینکردنی جلوبەرگ و خۆراک نییە، بەڵکو پەروەردەکردن و وشیارکردنەوە و ئامادەکردنیەتی بۆ نێو ژیان و کۆمەڵگە کە یەکێک لە ڕێگەکانی ئەم ئامادەکردنە خوێندنەوە و بەدەستخستنی کتێبە. خاڵی دووەم ئەوەیە کە پێویستە بەخێوکەر هاوکاریی منداڵەکانی بکات لەوەی کەشی گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت بۆ خوێندنەوە و گرنگیی خوێندنەوەیان تێبگەیەنێت. پاشانیش هاوکارییان بکات بۆ ڕێکخستنی کاتەکانی ڕۆژانەیان و لەوێشەوە دابینکردنی کات بۆ خوێندنەوە. ئەمە بێجگە لەوەی پێویستە زۆر جار بەشدار و هاوکاری بێت لەوەی زانیارییەکانی نێو پەرتووکەکە لەلای منداڵ بمێننەوە و ئەمەش بە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی کتێبەکە و هاوکات ڕوونکردنەوەی تێمە سەرەکییەکانی و دەرخستنی شتە نادیارەکانی نێو کتێبەکە دەکرێت.
کاتێک ئەم خاڵە سادە و ئاسانانەمان جێبەجێ کرد، نەوەیەک ئامادە دەکەین، کە ئاشقی زانست و زانیاری بێت و لەوێشەوە دەتوانرێت ئەمە ڕۆڵی هەبێت لە خۆشەویستکردنی خوێندن لەلای و گرنگیی فێربوون و تێکۆشان لەپێناو بەدەستهێنانی زانیارییدا. لەگەڵ ئەم قۆناغەدا ئەرکی مامۆستایان و پەروەردەکاران دەست پێ دەکات کە لە پێشووتردا تیشکم خستە سەر.
بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەم قۆناغە بەرینە پێشەوە، گرنگە ڕەچاوی ڕێنماییەکانی پسپۆڕانی بواری پەروەردە بکەین، کە چەند ڕێنوێنییەکی گرنگیان خستۆتە ڕوو بۆ ئەوەی ئارەزووی خوێندنەوە لای منداڵ گەشەی پێ بدرێت و بچەسپێنرێت، کە ئەمانەن:
* بەبەردەوامی و بە دەنگی بەرز کتێب بۆ منداڵەکەت بخوێنەرەوە، لە ڕێگای خوێندنەوەوە بە دەنگ، منداڵ باشتر فێری خوێندنەوە دەبێت، بە دەنگی بەرز خوێندنەوە باشترین شێوەیە بۆ ئەوەی ئاگایی زمانی بچێتە سەر.
* با منداڵەکەت هەموو ڕۆژێک ماوەیەک بخوێنێتەوە، ئەگەر بتەوێت منداڵەکەت خوێنەرێکی باش بێت، پێوستی بە ڕاهێنانی زۆر و بەردەوامە.
* با منداڵەکەت بە دەنگی بەرز بۆت بخوێنێتەوە، ناسینەوەی وشەکان گەلێک ئاسانترە کاتێک بە دەنگی بەرز دەخوێنێتەوە و تۆش گوێت لێ دەبێت کە دەنگەکان چۆن دەڵێت.
*با منداڵەکەت کتێبێک کە پێشتر زۆر حەزی لێ بووە و ئێستاش خۆشی دەوێت بخوێنێتەوە زۆر خۆشە کە بگەڕێتەوە سەر ئەو شتانەی کە پێشتر و کاتی زووتر بەمنداڵی، خۆی خوێندوونیەتیەوە.
*دانووسان و بیرکردنەوە وەکو (میتۆد) بەکار بێنن بۆ دوان لەسەر ناوەڕۆکی دەق. باسی ئەوەش بکەن کە چۆن دەقەکان جیاوازن.
هەموو ئەم خاڵانەی لێرەدا خرانە ڕوو دەکرێت ببنە هاندەر بۆ خوێندنەوەی منداڵ، بێگومان ڕەنگە ئەمە لە سەرەتاوە سەخت بێت، بەڵام مەحاڵ نییە، هەموو کارێک لە سەرەتاوە سەختە، بەڵام هیچ کارێک مەحاڵ نییە. دایک و باوک دەتوانن بەپێی حەزی منداڵەکانیان و دۆخی خێزانەکە ڕێگەی نوێ، بەدەر لەوەی لێرەدا پێشنیار کرا، بخەنە ڕوو، چونکە لە ڕێی ئەزموونکردنی ڕێگەی دیکەوە لەوەیە بە ئەنجامی باشتر بگەین.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler