کانونی یەکەم 16, 2019

گەشتێك بۆ ناسینی تاوەری میلاد

تاوەری میلاد كە بە تاوەری میلادی ئەلیكترۆنی و تاوەری تاران یش ناسراوە كە لە تارانی پایتەختی ووڵاتی ئێرانە، بەرزییەكەی دەگاتە ٤٣٥ مەتر، بە چوارەم بەرزترین تاوەرەكانی گەیاندن دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، وە بەرزترین تاوەر لەووڵاتی ئێران.

لە ساڵی ٢٠٠٠ بەردی بناغەی ئەم تاوەرە دانراوە لەسەر ڕووبەری (١٥٤٤٠٠)م٢ وە لە ساڵی ٢٠٠٧ تەواوكرا و لە ساڵی ٢٠٠٨ بەڕووی گەشتیاران كرایەوە.
سەرەتای دروستكردنی ئەو تاوەرە زیاتر بۆ مەبەستی بەهێزكردن و درێژكردنەوەی شەپۆڵەكانی ئێزگەكانی تەلەفزیۆن و رادیۆ و بوارەكانی گەیاندن و ئەنتەرنێت بنیاتنرا، پاشان بۆ جوانی و سەرنج راكێشی گەشتیاران.
تاوەری میلاد لەلایەن كۆمپانیایەكی گەورەی ئەو ووڵاتە و بەدەست و بازووی كرێكار و ئەندازیارانی ناوخۆ دروست كراوە، وە سەرجەم ئەو كەل و پەل و ئامێر و پێداویستیانەی كە تێیدا بەكارهاتووە سەرجەمیان دروستكراوی ووڵاتی ئێرانن.
ئەم تاوەرە لە سێ بەشی سەرەكی پێك هاتووە: بەشی خوارەوەی (٦) شەش نهۆمە لەسەر رووبەری (١٧٠٠٠م٢)، نهۆمی یەكەم تایبەت كراوە بە چوونە ژوورەوەی میوانان و بەخێرهێنانیان، وە شەش پلكانەی كارەبایی بۆ دابین كراوە بۆ سەرخستنی میوانان كە توانای گواستنەوەی ٩٠٠٠ كەسی هەیە لە یەك كاتژمێردا، وە (٣) ئەسانسۆر بۆ سەرخستنی میوانانی تێدا دروست كراوە كە هەر یەكەیان ٢١ كەس بەلایەنی كەم هەڵدەگرێت، لە نهۆمی خوارەوە شوێنی پشوودان و دیمەنی ئەم ستوونە گەورانە بەرچاو دەكەوێت كە ئەم تاوەرەی لەسەر بنیاتنراوە، وە لە نهۆمەكانی دووەم تاوەكو شەشەم چەندین شوێنی یاری و بازاڕ و شوێنی بازرگانی تێدا دروست كراوە.
بەشی ناوەڕاستی ئەو تاوەرە كە باڵای تاوەرەكە نیشان دەدات بەشێوەی ٨ هەشت پاڵو دروستكراوە بە بەرزی ٣١٥ مەتر.
بەشی سەرەوە ئەم تاوەرە كە ئەنتێناكانی لەسەر ڕاگیركراوە، بەشێوەی هەڕەم دروستكراوەو بە ماددەی كانزایی ڕووپۆش كراوە لە ١٢ نهۆم پێك دێت بە رووبەری ١٢٠٠٠م٢، بەشی یەكەمی ئەم نهۆمانە بۆ بینینی تارانی پایتەخت دابین كراوە لەگەڵ بوونی چەندین دووربین بۆ بینینی شوێنە دوورەكانی ئەو شارە، وە نهۆمەكانی سەرووتر پێك هاتوون لە ئوتێلی پێنج ئەستێرەو قاوەخانەو شوێنی چاودێری و سەلامەتی و پێشانگا و هۆڵ و چێشخانە و گەلێك شوێنی تر، وە لە نهۆمی شەشەمی بەشی سەرەوەی ئەم تاوەرە چێشتخانەیەكی خولاوی تێدا دروستكراوە كە ٣٠٠ كەس تیایدا جێگای دەبێتەوە و لەماوەی یەك كاتژمێردا خولێك بەدەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە، ئەمەش وا دەكات میوانانی ئەو چێشتخانەیە هەموو تارانی پایتەخت ببینن لەشوێنی خۆیانەوە، وە نزیكەی ٨٠٠ ئامێری وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی بۆ ٤ زمانی دیكە دابین كراوە.
ئەنتێناكانی سەر ئەم تاوەرەوە كە لەسەرووی بەشی سەرەوە ڕاگیركراوە، لەماددەی فولاز دروستكراوە بەبەرزی ١٢٠ مەتر لەسەر (١٦)ستوونی بەهێز بە رووبەری (٦) مەتر لەبەشی سەرەوە، كە ٣٦٠٠٠٠ پارچە فولاز و برغی و سەموولەی تێدا بەكارهاتووە و كێشەكەیان ٣٥٠ تەنە، وە بەرزكەرەوەیەكی دوو كەسی بۆ دابینكراوە تاوەكو بەرزی ٣٨٥ مەتر لە بەرزی تاوەرەكە، تاوەكوە بە ئاسانی بتوانن سەربكەون و كاری بەستان و چاكردنەوە لە ئەنتێناكان بكەن.
تاوەری میلاد جگە لە جوانی و قەشەنگی، دەورە دراوە بە چەندین باخچەو نافورەی جوان و پەیكەر و كاتژمێری خۆری و پاركێكی وەستانی ئۆتۆمبێل كە جێگای (١٠٠٠) ئۆتۆمێلی تێدا دەبیتەوە.
سیروان مەغدید دیبەگەیی

© 2017 Hawler