کانونی یەکەم 08, 2019

چەند سەرنجێکی کورت بە بەنۆی ڕۆژی جیهانی مامۆستایانەوە

ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەسکەندەری مەکدۆنی سەبارەت بە مامۆستا هەیە، ئەو لەوێدا دەڵێت: "ئه‌گه‌ر باوكم ژیانی پێبه‌خشیووم، مامۆستاكه‌م فێری كردووم چۆن ئه‌م ژیانه‌ بكه‌م." بێگومان مامۆستاکان دووەم فێرکاری ژیانی ئێمە و هونەرەکانی ژیانمان فێردەدەن، و بەشێک لە ژیانیشمان پێ دەبەخشن. سەرەتا ئێمە دایک و باوکەوە فێردەبین و دواتر مامۆستاکان، کە ئەوانن بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر فێری هەموو هونەرەکانی ژیانمان دەکەن. بە جۆرێک مامۆستا ڕاستەقینە و خەمخۆرەکان دەتوانن بمانکەنە مرۆڤی ئەکتیڤ و سوودبەخش و داهێنەر بۆ کۆمەڵگە و بە پێچەوانەشەوە مامۆستاکانی دیکە ڕەنگە هیچ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی ئاییندەمان دانەنێن.

بە درێژایی ئەو دوازدە ساڵە لە خوێندنگە بووم تەنها سێ مامۆستام هەبوو، کە بە دڵ لەگەڵیاندا ئاسوودە بووم و بە مامۆستاکانی ژیانی خۆمیان دەزانم، یەکێکیان لە قۆناغی ناوەندی (لە پۆلی یەکەی ناوەندی بووم) مامۆستای زمانی عەرەبیم بوو (ئەوەندەی لە یادم بێ) ناوی لوقمان بوو، بەهۆی بارودۆخی گرانی و دەستکورتی زۆرەوە هەر زوو وازی لە پیشەی مامۆستایەتی هێنا و بووە کرێکار لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار، کە ئەوکات هێشتا لە کاردابوو، ئیتر بۆ هەمیشە من ئەو مامۆستایەم نەبینییەوە و ئێستاش بەداخم لەوەی کە بۆ هەر زوو بەجێی هێشین، چونکە یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی کە زۆر کاریگەریی باشی هەبوو لەسەرمان و بەشێکیشمان دوای ماڵئاواییکردنی فرمێسک ڕژایە چاوەکانمان.
دووەم مامۆستام هەر لە ناوەندی، بەڵام لە پۆلی دووەمی ناوەندی (هەشتی ئێستا) ناسی کە مامۆستا شەعلان شەوکەت بوو، ئەم مامۆستایە، تەنها مامۆستا نەبوو بە مانا بچووکەکەی، بەڵکو پەروەردەکارێکی گەورە بوو، ئەو هەر ڕۆژێک پۆلێک وانەی نەبوایە و خۆشیی وانەی نەبوایە، لە کتێبخانە خنجیلانەکەی خوێندنگەکە کتێبێکی دەگرت بە دەستییەوە و کتێبی بۆ ئەو پۆلە دەخوێندەوە. من و چەند هاوڕێیەکم لە ڕێی مامۆستا شەعلانەوە تۆوی خوێندنەوە لە هزرماندا چێنرا و وردە وردە ئاویدا تاگەورە بوو و گەشەی سەند. بۆیە ئەم مامۆستایەش یەکێکە لەو مامۆستایانەی کە قەرزاربارییم و خۆشبەختانە لەم ساڵانەشدا جارێک بە دیداری شادبوومەوە.
سێیەم مامۆستا و کاریگەرترینیانە مامۆستا ڕزگار خدر بوو، ئەم مامۆستایە لە قۆناغی ئامادەیی وانەی زمان و ئەدەبی کوردی پێ دەوتین، مامۆستایەک بوو، گەورەتر لە ناوی خۆی ڕزگارکەری ئێمە بوو لەو بێئومێدییەی تییدا بووین و ئەو چرای ئومێدێکی نوێی لە دڵماندا هەڵکرد. هەر ئەم مامۆستایە دەستگیرۆیی کردین بۆ جیهانی خوێندنەوە و نووسین و هەر بە هاوکاری ئەم مامۆستایە گۆڤارێکی ناوخۆیی و ساڵانەی هاتە بەرهەم، کە بە بەرهەمی خوێندکاران نەخشێنرابوو. هەوڵەکانی ئەم مامۆستایە بووە هۆی ئەوەی زۆربەی ئەوانەی لەو بڵاوکراوە ناوخۆییەدا بابەتیان بڵاوکردەوە دواتر دەمبینین بوونەتە نووسەر، کە دەتوانم بڵێم ئەگەر هەوڵەکانی ئەم مامۆستایە نەبوایە ئەو وزانە دەپووکانەوە و پشتگوێ دەخران.
ئەوەی لەسەرەوە خستمەڕوو گرنگی ئەو مامۆستایانە و کاریگەرییانە لەسەر فێرخواز. مامۆستای ڕاستەقینە. پیشەی مامۆستایی تەنها بۆ چڕینی مووچە و کوشتنی کات و ئەرکی فەرمانبەرانە نابینێت. ئەرکی مامۆستا گەورەتر لەوەی تەنها فەرمانبەر، یان مووچەخۆرێک بێت، بەڵکو ئەو پەروەردەکار و بەرپرسیارە بەرامبەر بە ئاڕاستەکردنی نەوەیەک و پەروەردەکردنی بە شێوەیەکی تەندروست کە لە دواڕۆژدا، نەوەیەکی بەرپرسیار و داهێنەر و خزمەتکاری گەل و وڵات بێت. ئەوەی لە دە دوازدە ساڵەی ڕابردوودا سەرنجم داوە لێشاوێک لە مامۆستا، ئەرک و بەرپرسیارێتی مامۆستایەتیان خستووەتە سەر شانیان بەبێ ئەوەی لە ئەلف و بێی مامۆستایی بزانن و شانیان هەڵگری پەیامی پیرۆزی مامۆستا بێت، کە بە بڕوای من دامەزراندنی مامۆستا و پێدانی سیفەتی مامۆستایی و پەروەردەکاریی پێویستی بە پێداچوونەوەی تەواوەتی هەیە و ئەمەش ئەرکی وەزارەتی پەروەردەیە، کە لەمەولا بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکات.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ ناونیشانی وتارەکەم "هەموو قەرزاری مامۆستا ڕاستەقینەکانین!"، ئایا بەراست هەموومان قەرزای مامۆستایین. بێگومان هەمووان قەرزاری مامۆستا دڵسۆز و فێرکارە بە ئەمەکەکانین، بەڵام هەرگیز قەرزاری (مامۆستا مووچەخۆر) و نابەرپرسیار نین، چونکە بە درێژایی ئەو 12 ساڵە لە خویندنگە خوێندوومە زیاتر بەر 40مامۆستای جیاواز کەوتووم، بەڵام تەنها سێدانەیان پەروەردەکاری ڕاستەقینە بوون و ئەوانی دیکە ئەرکی مامۆستاییان تەنها وەکو ئەرکێکی فەرمانبەرێکی ئاسایی وەرگرتبوو. بەلای منەوە ئەمە تەواو جیاوازە. ئەرکی مامۆستا گەورەترە لە فەرمانبەرێکی ئاسایی، (بێگومان کاری فەرمابەرانیش پیرۆزە و ئەوانیش خزمەت دەکەن) بەڵام ئەرکی مامۆستا پلەیەک زیاترە، چونکە سەروکاری لەگەڵ پەروەردەکردنی نەوەیەکدا هەیە، کە دەشێ لەسەر دەرستی مامۆستایەکی کارامە چارەنووسی ئەو نەوەیە بەرەو دوارۆژێکی رۆشن بچێت.
لە یادی رۆژی جیهانی مامۆستادا کە رۆژی پێنجی ئەم مانگە بوو، پیرۆزبایی لە هەموو پەروەردەکار و مامۆستایەکی ڕاستەقینە دەکەم. خۆشم بە قەرزارباری ئەو سێ مامۆستایە دەزانم، کە کاریگەریی زۆریان لەسەر ژیان و بیرکردنەوەی من هەبووە و ئەوان مامۆستا ڕاستەقینەکانی ژیانی من بوون. بۆیە ئەم رۆژە، رۆژی پیرۆزبایی کردنە لە مامۆستا ڕاستەقینەکان و دەشێ هەموان گوڵی خۆشەویستی لە گەردی ئەو مامۆستایانە بدەین و نەک تەنها جارێک سەدانجار دەستی ماندووبوون و پەروەردەکارییان بگوشین.

© 2017 Hawler