تشرینی یەکەم 17, 2019

هەموو ساڵێک لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بەکۆمەڵە پێشوازیەکی گرنگ و بەرچاو، ناوەندەکانی خوێندن لەخۆ ئامادەکردندان بۆ وەرزی تازەی خوێندن، بۆ ئەوەی قوتابی و مامۆستا بە ووزەیەکی گەرم بێنەوە نێو ماڵی دووەمیان، کە ماڵی پەروەردەو فێرکردن و زانست و زانیاری یە، بۆیە گرنگە هەمووان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتیە گشتیەوە، ئیش و کارەکانمان بەجێ بگەیەنین .
 یەکێک لەو لایەنە گرنگانەی کە پێویستە بەرێوەبەر و مامۆستا و کارگێری قوتابخانە، بەگرنگیەوە کاری لەسەر بکەن بریتیە لە (شوشتنی قوتابخانەکان ) ئەم شوشتنەش هەموو لایەنەکانی ژینگەو بینای قوتابخانە دەگرێتەوە، وەک ( پۆلەکان، گۆرەپانی قوتابخانە، تەوالێت، دەستشۆر، باخچەی قوتابخانە، کۆگا، تانکی ئاوخواردنەوە، ... هتد ).
کە هەمووی لە چوارچێوەی ژینگەدۆستی قوتابخانە خۆی دەدۆزێتەوە، خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دوایی خەریکە ئەم بابەتەگرنگە دەبێتە دیاردەیەکی شارستانی پەروەردەیی سەردەم، کە چەند ڕۆژێک بەر لە ساڵی نوێی خوێندن، لەلایەن بەرێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستا و کارگوزار هەمووان بەیەکەوە ئەم هەڵمەتە ژینگەییە جوانە ئەنجامدەدەن و ژینگەی ناوەندەکانی خوێندن، (باخچەی منداڵان، قوتابخانە جوان و پاک و خاوێندەکەن، بۆئەوەی قوتابی پۆلی یەکەم و پۆلەکانی تر بە روانینێکی جوان لە ژینگەی قوتابخانە بڕوانن، چونکە وەک دەزانین لە وەرزی هاوین، قوتابی دابراوە لەخوێندن، بۆیە خۆڵ و خاشاک و پیسی لە پۆلەکان و گۆرەپان کۆبۆتەوە ئیدی پێویستی بە خاوێنکردنەوەو شوشتن هەیە، بۆیە ئەگەر لە ڕوانگە سایکۆلۆژیەکەوە لەم بابەتە بڕوانین، ئەوا هەست دەکەین ئەو قوتابخانانەی کەلەیەکەم ڕۆژی خوێندن پاک و خاوێنن و دەشۆرێن ئەوا قوتابی بە کەیفخۆشی و دڵخۆشیەوە لە ئاسۆی قوتابخانەو خوێندن دەڕوانێ، ئەگەر بە پێچەوانەوەش بێت، ئەوا قوتابی هەست بەبێ تاقەتی و ژینگە نادروستی دەکات، بۆیە بەشی ژینگەو تەندروستی لەبەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، مانگێک بەر لە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، لە گشتاندنێکدا، نوسراو ئاراستەی سەرجەم پەروەردەی قەزاکان دەکات، بۆئەوەی بەر لە وادەی خوێندن، ئامادەباشی بکەن، لە شوشتنی قوتابخانەو پاک و خاوێنی و ژینگەدۆستی و شوشتنی تانکی ئاو و پاککردنەوەی تەوالێت و دەستشۆر و زێراب و مەنهۆلەکان، ئەمەشیان لە پێناو سەلامەتی و تەندروست باشی قوتابی یە بەشێوەیەکی گشتی، کەواتە پێوستە لەسەر سەرجەم بەرێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن، بەبایەخەوە لەم لایەنە گرنگەی پەروەردەو فێرکردن بڕوانن، کە ئەمەشیان ئاماژەیەکی سەرەتایی باشە بۆ هاتنی قوتابی بۆ دەروازەی قوتابخانە بەشێوەیەکی جوان و پاک و خاوێن و دڵگیر، بۆئەوەی لەیەکەم چرکەساتی هاتنی قوتابی بۆ قوتابخانە وێنەیەکی جوانی لەزەین دروست بکەین، تا بەدرێژایی ساڵ هەمیشە بەپاک و خاوێنی ڕایبگرێت و قوتابخانە پیس نەکات .
*بەرپرسی ژینگەو تەندروستی لەبەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

 

ئاری ئاغۆک*

© 2017 Hawler