ئاب 22, 2019

هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی لــه‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا

شوان عه‌لی مه‌نمی

له‌كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕگه‌یه‌ك ده‌بینرێت بۆ باشتركردنی ڕه‌وشی په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی ئه‌رێنییه‌ له‌ ئه‌نجامی بنكۆڵی و لێڕامانی زیاتری ڕه‌هه‌ند و لایه‌نه‌ لالێنه‌كراوه‌كانی په‌روه‌رده‌، كه‌ بۆ هه‌ر وه‌زیرێكی تازه‌ ده‌سته‌به‌كاربووی په‌روه‌رده‌ بۆته‌ ته‌حه‌دییه‌كی گه‌وره‌، چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ك بتوانێت ئه‌و میكانیزمانه‌ بهێنێته‌ سه‌ر مێزی كاره‌كانی و ده‌رنجامێكی ئه‌رێنیان لێبه‌رهه‌م بهێنێت.

هاتنە‌ ناو ناوه‌نده‌كانی خوێندن
ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی به‌ره‌وڕووی هه‌رێمی كوردستان بوویه‌وه‌ دورونزیك لێكه‌وته‌و سستی خسته‌ نێوپرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و متمانه‌ی نێوان كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌ڕاده‌یه‌ك لاوازكرد، ئه‌گه‌ر كاربۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و متمانه‌یه‌ نه‌كرێت ئه‌وا مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كان ده‌رده‌كه‌ون، جا بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌ختی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆی سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكات و گوێ له‌ مامۆستایان بگرێت و گۆڕنكارییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان و هه‌مواری پرۆگرامه‌كان و ئه‌زموون و داهێنانه‌كانی فێركاری له‌گه‌ڵیان گه‌نگه‌شه‌ بكات .

منداڵان تاقیگه‌ی فێركاری نین
ئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی ڕابردوو بینیمان چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی بێئه‌نجام له‌ پرۆگرامه‌كان كران كه‌ قوتابی و خوێنكار بونه‌ قوربانی سیستمی به‌ ئینگلیزیكردنی پسپۆڕی بیركاری و زانست له‌ بازنه‌ی یه‌كه‌م بۆ قۆناخی بنه‌ڕه‌تی و پاشان گواستنه‌وه‌ی بۆ بازنه‌ی دووه‌م، من ده‌پرسم ئایا نمونه‌‌یه‌ك وه‌رگیراوه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی پرۆسه‌كه‌ و ڕاده‌ی سه‌ركه‌ووتویی یان لێژنه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌ڵسه‌نگاندانیان بۆ ئاستی زانستی و توانایی تێگه‌یاندنی مامۆستایانی ئه‌و پسپۆڕییه‌ كردووه كه‌ به‌ خولێكی 45 رۆژی بتوانن له‌ ڕووی زمانه‌وانی و شاره‌زایی له‌بابه‌ته‌كه‌ زانیارییه‌كان بگوازنه‌وه‌ بۆ مێشكی منداڵێكی بنه‌ڕه‌تی ؟
توندوتۆڵكردنی كۆنترۆڵی ئه‌زموونه‌كان.
ئه‌وه‌ی له‌م ساڵ و له‌ساڵانی رابردوو هاتنه‌پێشه‌وه‌ له‌باره‌ی ڕه‌وشی به‌رێوه‌چوونی ئه‌زموونه‌كانی پۆله‌كۆتاكان جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، چونكه‌ هه‌ركه‌موكوڕییه‌ك له‌ به‌رێوه‌چوونی ئه‌زموونه‌كان پاكی و بێگه‌ردی پرۆسه‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه .

پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی
ئه‌وه‌نده‌ی من سه‌رنجمداوه‌ له‌كاتی دانانی پرۆگرامه‌كانی زمانی كوردی زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ ڕه‌چاوی ئه‌و رێنووسه‌نه‌كراوه‌ كه‌ په‌رتوكه‌كانی له‌سه‌ر داڕێژراوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ی هه‌و‌ڵداروه‌ شێوه‌زار و ئیدیۆمی ناوچه‌یی به‌ركاربێت، كه‌متر هه‌وڵدراوه‌ رێنووسێكی یه‌كگرتووی كوردی به‌كاربێت .

© 2017 Hawler