ئاب 22, 2019

قوتابی وەک گرنگترین پێکهاتەی پرۆسەی پەروەردەو خوێندن، لە سەنتەری قوتابخانەدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، چونکە لە رێگەی قوتابخانەوە، دنیادیدەی قوتابی بەرەو فراوانی و ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی دەچێت، زۆرجار بیرکردنەوەی بەشێک لە خێزانەکان، تایبەت دایک و باوک، ئامانجیان تەنیا بۆ بەدەست هێنانی پلەی بەرزو شوێنی بەرزی منداڵەکانیانە، لەقۆناغی بنەرەتیەوە تا دواین قۆناغ کە قۆناغی ئامادەییە، خێزان هەمیشە داوای بەدەست هێنانی نمرەی باش لە قوتابی دەکات ! لەکاتێکدا ئەم لێکدانەوەو بیرکردنەوەی خێزان بەرامبەر بەقوتابی، فەرامۆشکردنی تابڵۆشاراوەکانی ناوەوەی قوتابیە بەرامبەر بە قوتابخانەو ئایندەی خودی خۆیەوە، بۆیە پێویستە پێگەی قوتابی لە قوتابخانە بە گرنگی و بایەخەوە لێ ی بڕوانین، چونکە لە ڕەهەندی پەروەردەوە لەم پێگەیە چەند دیوێکی شاراوەی ژیانی قوتابی هەن، پێویستە مامۆستا و خێزان بەدوای دابگەڕێن تا لە چەقی پێگەیەکی بەهێز و کاریگەر خۆی بدۆزێتەوە کە ئەویش لەم خاڵانەی خوارەوە بەدی دەکرێت:

١- خۆدۆزینەوە
بەر لەهەموو شتێک دەبێت بزانین قوتابی خۆی لە چ گۆشەنیگایەکی پەروەردەو قوتابخانە دەدۆزێتەوە، ئایا تواناشاراوەکانی لە چ بوارێک و لە چ وانەیەکە ؟ ئایا لەکامە ڕێگاوە دەیەوێ خۆی بدۆزێتەوە ؟ لە چ وانەو بابەتێک هەست بەسستی و لاوازی تێگەیشتن دەکات ؟ لەهەمانکاتدا ئایا کام بابەت و وانەی لا خۆشەویستە؟ ئایا تا چەند ژینگەی دەروونی ئارامە ؟ ئەمانە هەمووی بەشێکی گرنگن لە خاڵی خۆدۆزینەوەی قوتابی لە چ بوارێک و چ روانگەیەک، ئەگەر خۆدۆزینەوەی بە بڕواو متمانەوە بێت، ئەوا بێگومان لەوڕێگایە سەرکەوتوو دەبێت و پێویستە خێزان و مامۆستا هاوکاری بن، نەک فەرامۆش کردن .

٢-پێگەی کەسایەتی
زۆرجار قوتابی بە ووشەیەک یا کاردانەوەیەکی نەرێنی خێزان و مامۆستا و بەرێوەبەر، ئەوا روبەروی حالەتێکی دەروونی خراپ دەبێتەوە، هەست بە لاوازی پێگەی کەسایەتی خۆی دەکات بەرامبەر بە قوتابیانی هاوپۆڵی، بەتایبەتی قوتابیانی نەوجەوان و هەرزەکار، کە لە قۆناغ و تەمەنێکی هەستیاردان، دەبێت هەموومان بەو بەرپرسیاریەتیە پەروەردەیی و مرۆڤایەتیە لە ئێستا و داهاتووی قوتابی بڕوانین، چونکە ئەوان پێگەی داهاتووی ووڵاتن، بۆیە گرنگیدان بە پێگەی کەسایەتی و دروستبوونی کەسایەتی بەهێز، خاڵی سەرەتای پەروەردەیەکی دروست و کاریگەرە.

٣-گرنگیدان بەبەهرە تایبەتیەکان
لە ناوەندی خوێندن دا، پێگەی قوتابی تەنیا لە بواری زانست و فێربوون خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو بەڕوانگەیەکی هەمەچەشن و دۆزینەوەی بەهرەشاراوەکانی، ئەوا پێگەی قوتابی بەهێزتر و بەووزەتر دەبێت بۆ مامۆستا و خێزان و قوتابخانە، بۆیە دەبێت مامۆستا و ماڵباتی قوتابی ئەوە بزانن، کە قوتابی تەنیا بۆ خوێندن ناچێتە قوتابخانە، بەڵکو لەتەک پەروەردەو خوێندن، ئەوا گرنگیدان و دۆزینەوەی بەهرە شاراوەکان یەکێکە لەو خاڵە سەرکەوتوانەی کە پێگەی قوتابی بەهێزتر دەکات، ئەویش بەدۆزینەوەی( بەهرەی هونەریی، دەنگخۆشی، وێنەکێشان، نواندن ) هەروەها، بەهرەی وەرزشی، چونکە زۆربەی زۆری کەسایەتیە هونەری و وەرزشی و راگەیاندنکار و نووسەر و ئەدیبان، لەو وێستگەیە و لەو پێگە گرنگەوە خۆیان دۆزیوەتەوەو دواتر بوونەتە ناو و ناوبانگی گەورەو ناسراو.
کەواتە گرنگە پەروەردەکاران و ماڵبات و مامۆستا و کارگێری قوتابخانە، هەمیشە بە چاوی ئومێدو بایەخەوە لە پێگەی قوتابی بڕوانن، تا قوتابی ماڵ و قوتابخانەو مامۆستا و خێزان و دەوروبەری خۆش بوێ و بزانێ پێگەی خۆی لە چ ئاستێکی بەرزو جوان دایە.

*سەرپەرشتیاری هونەری

 

ئاری ئاغۆک*

© 2017 Hawler