کانونی یەکەم 16, 2019

لە نێو كورددا هەرەوەزی و هاریكاری كارێكی زۆر جوان و جوامێرانە بوو

ئەگەر هێز و توانا بدەینەوە خۆمان و چەند ساتێك بۆ ژیانی گوند و دێهاتەكان بگەڕێینەوە كە خەڵكەكە چەندە بە سادەیی و ساكاریی و بێ گرێ دەژیا بە جۆرێك ڕێز و خۆشەویستیەكی بێ سنووریان بۆ یەكدی هەبوو هەر ئەوەش وایكردبوو بۆ هەموو كار و بارێك هاوكاری و هاریكاری یەكدی بكەن، بەڵێ لە نێو ئێمەی كورد دا هەرەوەزی و زبارە و هاریكاری كردنی یەكتری كارێكی زۆر جوان و جوامێرانە بوو بە تایبەتی لە نێو خەڵكی گوند و دێهاتەكانی كوردستاندا كە هەمیشە بەو گیانە لەخۆ بردووە كاریان كردووە و وێنەیەكی زۆر جوان و بەرچاویان پێشكەشی هەموو دنیا كردوە، بە تایبەتی بۆ دروێنە و كار و باری جووتیاری و ئاژەڵداری و زۆر كار و باری دیكەی وەك دیوار سواق دان و زۆر كاری دیكەی كە پەوەست بوە بە ژیانی گوندی، ئەوەش گیانی برایەتی و خۆشەویستی و تەبایی لەنێو خەڵكەكان قووڵتر كردۆتەوە و پەیامێكیش بوو بۆ هەموان كە هەموو كارێكی گران بە هەرەوەزی و هاریكاری زۆر ئاسان و سادە دەبێت، هەر بۆیە كاتێك خەڵكی گوندی بەرەو وەرزی سەختی ستان هەنگاویان دەنا، دەبوایە هەموو ساڵێك خانووەكانیان بە قووڕ جوان سواق بدەن نەبادا بەفر و باران و ساردی كاری تێ بكات، بێگومان ئەو كارەش زۆر قوورس و دژوار بوو، بۆیە دەبوایە ئەو كارە بە زبارە و هەرەوەزی بكەن تا بە شێوەیەكی ئاسان تەواو بێت، ئەوەی جێگای سەرنج و دڵخۆشی بوو خەڵكی گوندی بە نۆرە ئەو كارەیان بۆ یەكدی دەكرد و بە قسەی خۆش و گێڕانەوەی نووكتە و قەسەی نەستەق كارەكانیان بە زوویی تەواو دەكرد، پاشان ماندووبوونی خۆیان دەحەساندەوە و نانێكی باشیان دەخوارد و خاوەن خانووش سوپاس و ستایشی ئەو هاریكاریی و هەرەوەزیەیان دەكرد، بۆیە خوازیاری ئەوەین ئەو جۆرە كارانە لە نێو هەموو خەڵكی زیندوو بێتەوە و جارێكی دیكە خەڵكی بەو گیانە لێبوورەیەوە باوەش بەیەكدا بكەن و لە هەموو كار و بارێكدا یارمەتی یەكدی بدەن تا هەموو لایەك سوود لەیەكدی ببینن، چونكە ئەمڕۆ هەموو شتێك گۆڕاوە و بۆتە پارە و ماددە و بواری هاوكاری و یارمەتیدان زۆر بەرتەسك بۆتەوە و بگرە لە هەندێ جێگا و شوێن هەر بوونیشی نیە، بێگومان ژیانیش بەو كارانەوە جوانە و خەڵكیش لە سێبەریدا وچانێك دەدات و دەحەسێتەوە.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler