کانونی یەکەم 16, 2019

كارامه‌یی بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌

ن؛داناسه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی 

]

كه‌سی ره‌خنه‌‌گر به‌چاوی ره‌خنه‌ سه‌یری هه‌موو شتێك ده‌كات. به‌ ئاسانی ناچێته‌ ژێر باڵی هیچ بیرباوه‌رێك تاكو هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی بۆی نه‌بێت، ره‌خنه‌‌ له‌ خراپی و دروستیه‌كانی نه‌گرێت، تاكی ره‌خنه‌‌گر به‌چاوی ره‌خنه‌‌ سه‌یری هه‌موو داموده‌زگاكان و هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن ده‌كات، هه‌روه‌ها شیكردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئاراسته‌ به‌ها و بیروباوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌یه‌ ده‌كات، ته‌نانه‌ت شیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كه‌سه‌ نزیكه‌كانیشی ده‌كات (غنیم، 2006). ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی ره‌خنه‌‌ ده‌گرێت زۆر به‌وردی و زیره‌كانه‌ سه‌یری شته‌كان بكات و به‌ فلته‌رێكی عه‌قڵی و مه‌نتیقیدا تێپه‌ر ببێت، رێگا‌یه‌كی زانستیانه‌ بگرێته‌ به‌ر دووربێت له‌ شێوازی هه‌ڕه‌مه‌كی و بێ بنه‌مای زانستی، نه‌كه‌وێته‌ داوی هه‌ست و سۆز و لایه‌نی سۆزداری. پێش ئه‌وه‌ی باسی چۆنیه‌تی ره‌خنه‌گرانه‌ی زانستی بكه‌ین پێویسته‌ له‌م دوو شێوازه‌ی ره‌خنه‌‌ ئاگاداربین و زانیاریمان له‌سه‌ری هه‌بێت وه‌ك گومڕایی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رهه‌ڵستی كۆمه‌ڵایه‌تی. یه‌كه‌م گومڕایی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌و كه‌سه‌ ده‌وترێت كه‌ به‌ خێرایی و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و عقلانی په‌ی به‌ پێوه‌ر و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نابات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یداته‌ به‌رنوكی ره‌خنه‌‌.
به‌رهه‌ڵستی كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌م كه‌سه‌ ده‌وترێت له‌گه‌ڵ پێوه‌ر و به‌هانی كۆمه‌ڵگا یه‌كناگرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی تێڕوانینێكی گاڵته‌ ئامێز و ره‌خنه‌‌گرانه‌ی بۆ به‌ها و دابونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌یه‌، وا ده‌زانی ئه‌مانه‌ خزمه‌ت به‌نه‌وه‌ی ئێستا ناكه‌ن و به‌ڵكو زیاتر له‌ خزمه‌تی مردووه‌كانه‌، ئه‌وان بۆخۆیان دایانناوه‌. لێره‌دا ئه‌م به‌رهه‌ڵستیه‌ بۆ دوو هۆ ده‌گه‌رێته‌وه‌ یان ئه‌وه‌تا ئه‌و كه‌سانه‌ زیره‌كیه‌كی قوڵیان هه‌یه‌، لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كان به‌ئاسانی ده‌بینن، یانیش ئه‌م كه‌سانه‌ هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر شته‌كان نیه‌ (خه‌لیل،2007: 115-116). ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ قاڵبی ره‌خنه ‌‌گرتنێكی زانستی خۆی له‌م هۆیه‌ی یه‌كه‌م ده‌بینێته‌وه‌. كه‌سی ره‌خنه‌‌گر كه‌سێكی تێگه‌یشتوو و زیره‌كه‌ ده‌زانێت لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كان كامانه‌ن، ره‌خنه‌‌كانی به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌كانییه‌تی نه‌وه‌ك هه‌ڕه‌مه‌كی نه‌زانانه‌ بێت. بۆ نموونه‌ كه‌سی ره‌خنه‌‌گری زیره‌ك چۆن ده‌ڕوانێته‌ ئه‌م نموونه‌یه‌ (خواردنه‌وه‌ی كهوڵ چه‌وری خوێن داده‌به‌زینێت)؟ ئه‌م به‌ پرسیاره‌ قووڵ و یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان و سوود وه‌رگرتن له‌هه‌ندێ شێوازی وه‌ك تێرامان و بێده‌نگی گفتوكۆی ئازاد و مه‌به‌ستدار، ده‌ڵێت كام سه‌رچاوه‌ی كتاب و گۆڤاری زانستی باسی كردووه‌؟ یان خوێن چه‌ند جۆر چه‌ورییان تێدایه‌؟ هه‌موویان داده‌به‌زینێت یان ته‌نها یه‌كێكیان؟ ئایا رێگا‌یه‌كی كه‌م زیان تر نیه‌ بۆ دابه‌زاندنی چه‌وری خوێن؟ ئایا له‌ رووی ئایینییه‌وه‌ رێگا پێدراوه‌؟ ئایا كۆمه‌ڵگا چۆن سه‌یری تاكی به‌كارهێنه‌ری ئه‌م مادده‌یه‌ ده‌كات؟ ئایا له‌ رووی پزیشكییه‌وه‌ هیچ زیانێكی تری نیه‌؟ ئایا دڵنیایت رووداوی ئۆتۆمبێل و خووگرتوی ڕوونادات)؟ (ناسری، 2008). ئه‌مانه‌ كارامه‌ییه‌كانی بیری ره‌خنه‌‌ گرن، ده‌توانن له‌م كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕویان ده‌بێته‌ خۆیان رزگار بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی هیچ زیانێك ببن، دواتر ببنه‌ بارگرانی به‌سه‌ر كه‌سانی تره‌وه‌.
له‌ناو پاناتی بابه‌تی ره‌خنه‌گرتندا باس له‌ دوو جۆر له‌ ره‌خنه‌ گرتن ده‌كرێت وه‌ك:
یه‌كه‌م/ ره‌خنه‌ی دروستكه‌ر؛ كه‌ ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ ئامانجی راسنكردنه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی كاره‌كانه‌، به‌شێوه‌یه‌كی باشتر، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌درێن به‌ ئامانجه‌كانیان بگه‌ن.
دووه‌م/ ره‌خنه‌ی رووخێنه‌ر؛ ئه‌و ره‌خنه‌یه‌یه‌ كه‌ به‌ ئامانجی له‌ناو بردنی كاره‌كان ره‌خنه‌ ده‌گرێت، گوێ به‌ هیچ خاڵێكی ئه‌رێنی نادات له‌ كاره‌كان، هه‌مووی شته‌كانی به‌لاوه‌ خراپه‌.
قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی ره‌خنه‌گرتن
پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ ره‌خنه‌ له‌ هه‌ر كارێك، شتێك، ره‌فتارێك. بگرێت پێویسته‌ ئه‌م رێككارییانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ خۆیدا یان له‌ پرۆسه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ بكات، وه‌ك؛
یه‌كه‌م/ قۆناغی شیكردنه‌وه‌؛ له‌م هه‌نگاوه‌دا پێویسته‌ كه‌سه‌كه‌ شیكردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو بۆ كاره‌كان، نوسینه‌كه‌، كرداره‌كان بكات.
دووه‌م/ قۆناغی خستنه‌ به‌ر پێوه‌رێك؛ واته‌ تۆ ده‌ته‌وێ له‌ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ره‌خنه‌ بگریت، كه‌واته‌ ده‌بێته‌ میكانیزمێك یان رێچكه‌ و رێبازێكی ئه‌ده‌بی له‌به‌رچاو بگریت. بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی خۆی له‌سه‌ر ئه‌نجام بده‌یت.
سێیه‌م/ هه‌ڵسه‌نگاندن؛ ئه‌م قۆناغه‌ دوا قۆناغه‌، پاش هه‌ردوو قۆناغی یه‌كه‌م دێته‌ به‌رهه‌م. كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كان ده‌كه‌ین به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی.

© 2017 Hawler