کانونی یەکەم 16, 2019

سیستمی پەروە ردە لە ژێر وردبینیدا

بۆ ئەوە بە وردی لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان تێبگەین و خاڵە لاوازەکانی دیاری بکەین، دەبێت سەرەتا میتۆدە فێرکارییەکەی بناسین و بزانین چ جۆرە میتۆدێکە؟ لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم لەرێی سوود وەرگرتن لە تیۆرەکانی کتێبی "پێداگۆگی ستەملێکراوان"ی پاوڵۆ فێری هەڵسەنگاندن بۆ چەند لایەنێکی میتۆدی فێرکاری لە هەرێمی کوردستاندا بکەم. ئامانجی ئەم بەشەی نووسینەکەم بۆ ئەوەیە بزانین ئەو میتۆدە فێرکارییەی لە کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت دەچێتە نێو چ خانەیەکی پۆلێن بەندییەوە؟ ئایا میتۆدێکی فێرکاری پێشکەوتنخوازە؟ یان میتۆدێکی فێرکاری کۆنخواز و چەقبەستووە، کە پاوڵۆ فێری ناوی دەنێت میتۆدی فێرکاری بانکی.
فێربوونی بانکی لەوەوە هاتووە هەر زانیارییەک بدەیتە فێرخواز وەکو خۆی بمانداتەوە بەبێ هیچ داهێنان و زیادکردنێک. وەکو چۆن کە پارە لە بانکدا هەڵدەگیرێت و وەکو خۆی دەمێنێتەوە. چەمکی فێرکردنی بانکی وای دادەنێت و لێکی دەداتەوە کە خەڵک شیاو و ئامادەسازن بۆ خۆگونجاندن و دەستەمۆیی و سەرۆکایەتیکرنیان. هەر بەپێی ئەم میتۆدە، مرۆڤ تەماشاکەرە، نەک بونیادنەر و دروستکەر. ئەوەشی لە هەمووی کارەساتبارترە ئەوەیە، کە لەم میتۆدەدا پێوەری پێشکەوتن لەسەر بنەمای ئەزبەرکردن و وەرگرتنی بێ چەندوچوون دەبێت، ئەمانە هەموویان کە ئامادە کراون بۆ جێبەجێکردن دەبن بە هۆکاری بیرنەکردنەوە و سڕینەوەی هەموو بیرکردنەوەیەک. هاوکات فێرکاری بانکی واقیع دەکات بە ئەفسانە و ئەو ڕاستییە سادانەی دەبنە هۆکارێک بۆ شرۆڤەکردنی مرۆڤەکان دەیانشارێتەوە. فێربوونی بانکی بەرەنگاری دیالۆگ دەبێتەوە و بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ فێرخوازاندا دەکاتە کە کاڵایەکن بۆ یارمەتیدان.
بەر لە هەرشت دەمەوێت ئاماژە بە قسەیەکی پاوڵۆ فێری بکەم کە دەڵێت: "بۆ ئەوەی بتوانین پەروەردەیەکی سەردەمیانە بهێنینە ئاراوە، پێویستە بە مرۆڤکردنی مرۆڤەکان مسۆگەر بکەین". بێگومان خودی ئەم قسەیە دەیان دەلالەت هەڵدەگرێت، بەڵام ڕەنگە مەبەستی سەرەکی فێری وەکو لە تەواوی کتێبەکەشدا دەردەکەوێت ئەوە بێت، کە مرۆڤ لە مرۆڤخستن نەخەین و نەیکەین بە کۆیلە. بێگومان سەرچاوەی سەرەکی ئەم بە کۆیلەکردنەش پەروەردەیە، چونکە لە رێی پەروەردەوە دەتوانرێت نەوەیەکی کۆیلە و گوێڕایەڵ و بیرنەکەرەوە دروست بکرێت و بەپێچەوانەشەوە هەر لە رێی پەروەردەوە دەتوانرێت نەوەیەکی وشیار و بیرکرەوە و ڕەخنەگر و داهێنەر پێشکەشی کۆمەڵگا بکرێت.
یەکێک لە گرنگییەکانی ئەم میتۆدەی فێری ئەوەیە کە پرۆسەی پەروەردە بە بێلایەن نازانێت و ئەو لایوایە پەروەردە، یان دەچێتە خزمەتی دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکارەوە، یان بەرانبەر دەسەڵاتی ستەمکار هەڵوێست وەردەگرێت و خزمەتی خوێندکاران و کۆمەڵی ستەملێکراودا دەبێت. بۆ ئەوەی پەروەردە نەچێتە خزمەتی دەسەڵاتی سیاسی ستەمکارەوە دەبێت پەیڕەوی میتۆدێکی فێرکردنی پێشکەوتنخواز بکرێت، کە ئەم پەروەردەکارە میتۆدی پێشکەوتنخوازی "ئاسۆیی/ ڕزگاریدەر"، کە پشت بە دیالۆگ دەبەستێت پێشنیار دەکات. ئەم میتۆدە کێشە و مەسەلەکان دەخاتە بەردەست و لەسەر بونیادنان و داهێنان فۆکەس دەکات. هانی بیرکردنەوەی ڕاست و دروست دەدات لەسەر واقیعەکە و ئاڕاستەی کار دەکات بۆی. لە کاتێکدا میتۆدی فیرکاری بانکی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە زانیاری ئاخنینە مێشکی فێرخواز دەکات و بەوەی واقیعەکەیان واقیعێکی قەدەرییە و گۆڕانی تێدا ناکرێت، بەڵام پرۆسێسی فێربوون، کە رێچکەیەکی ئاسۆیی بگرێتە بەر لەسەر نەخشەڕێگەی پیشاندان و دەرخستنی کێشە و مەسەلەکان بونیاد نراوە، ئەم واقیع و ڕەوشە وەک مەسەلەیەک، وەک پرسێک پیشاندەدات.
فێری لە چەندین جێگەدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەبێت لە ڕێی گۆڕینەوەی بیروڕاوە فێرکاری بچەسپێنرێت و ئەو دەڵێت: "فێربوونی ڕاستەقینە ئەوە نییە، کە کەسی "ئەلف" کەسی "بێ" فێربکات، یان بە پیچەوانەوە کەسێ "بێ" کەسی "ئەلف" فێربکات، بەڵکو فێربوونی راستەقینە ئەوەیە، کە کەسی "ئەلف" لەگەڵ کەسی "بێ" پێکەوە فێردەبن. جیهانیش دەکەوێتە نێوانیانەوە. جیهان دەکەویتە ژێر کاریگەرییانەوە و ڕووبەڕووشیان دەبێتەوە، لەم فێربوونەدا، دیدگا و بۆچوونی دیکە دێنە ئاراوە. ئەم دیدگا و بۆنچوونگەلەش نوێ و بەرهەمهاتووانە، هەڵگری نیگەرانی و گومان و هیوان، یان هەڵگری ڕەشبینین لەسەر مەسەلەیەکی گرنگ، کە دەشێت پشتی پی ببەسترێت بۆ بونیادنانی ناوەڕۆکی بەرنامەی فێربوونی نوێ.
"فێربوونی ئازادانەی ویستگەرا" پێکهێنانی نێوان مامۆستا و قوتابی ئاڕاستە دەکات. فێربوون پێویستە بەو شێوەیە پێکبێت، کە هەردوو جەمسەرە ناکۆکە پێکبێت و ناکۆکییەکە بسڕێتەوە و بەو جۆرەی مامۆستا قوتابی بێت و قوتابیش مامۆستا بێت. ئەم چارەسەریەش بە ڕەتکردنەوەی فێربوونی سیستمی بانکی دەکرێت. چونکە سیستمی فێربوونی بانکی وەک خۆی ناکۆکییەکە لەنێوان مامۆستا و قوتابییدا دەهێڵێتەوە و درێژەپێدەری دەبێت.
ئێستا کاتی ئەوەیە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی فێربوونی بانکی بخەینەڕوو وەکو ئەوەی فێری لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە:
1-مامۆستا فێردەکات، قوتابیش فێردەبێت.
2- مامۆستا هەمەشتزانە و قوتابی هیچ نەزان.
3- مامۆستا بیردەکاتەوە، قوتابی بیری پێ دەکرێتەوە.
4- مامۆستا ئاخێوەرە (قسەکەرە) و قوتابی گوێگرێکی ملکەچ.
5- مامۆستا ئامۆژگاری دەکات، قوتابی ئامۆژگاری وەردەگرێت.
6- مامۆستا هەڵدەبژێرێت و بژاردەکانیشی دەسەپێنێت، قوتابیش ئەکتەرە و بژاردەکانی مامۆستا لەسەر شانۆی قوتابخانە بەپێی میتۆی بانکی لە نمایش دەکاتەوە.
7- مامۆستا چاپووک و چالاکە، قوتابیش بە خەیاڵ لە میانەی مامۆستاوە کار دەکات.
8- مامۆستا ناوەڕۆکی بەرنامەکانی هەڵدەبژێرێت "بەبێ ئەوەی لەگەڵ قوتابیدا دیالۆگیان لەسەر بکات" قوتابیش دەبێت خۆی لەگەڵ ناوەڕۆکانەدا بگونجێنێت.
9-مامۆستا دەسەڵاتی مەعریفە و دەسەڵاتی پیشەیی تێکەڵ دەکات و وەک پولی پێچەوانەی ئازادی قوتابی دەیانخاتەڕوو.
10- لە پرۆسێسی فێربووندا مامۆستا "خود"ە، واتە "سەبجێکتە"، بەڵام قوتابی تەنها "کاڵا"یە، واتە "ئۆبجێکتە".
ئەگەر سەرنج لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بدەین و لە میتۆدە فێرکارییەکەی وردبینەوە دەبینین، کە میتۆی فێرکاری لە کوردستان میتۆدێکی بانکییە. هەر لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە ئەو میتۆدە پەیڕەو دەکرێت و ئەو گۆڕانکارییە کەمانەشی لە چەند ساڵی رابردوودا لە کۆنگرەی پەروەردەدا کرا و پاشان ڕەنگیدایەوە لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا ریفۆرمێکی ریشەیی نەبوون، بەڵکو تەنها دەستکاریکردنێکی ڕووکەشی پرۆگرامەکان بوو، دەنا میتۆدە فێرکارییەکە هەر هەمان میتۆدی پێشووە و عەقڵیەتی بەڕێوەبەردنی خوێندنگەکان هەر هەمان عەقڵیەتە. هەر بۆیە هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ و دیار وەکو بەرهەمی ئەم بەناو ڕیفۆرمە نابینین.
تا ئێستاش لە ناوەندەکانی خوێندندا لە کوردستان مامۆستا فێردەکات، قوتابیش فێردەبێت. مامۆستا هەمووشتزانە و قوتابی هیچ نەزان. مامۆستا بیردەکاتەوە، قوتابی بیری پێ دەکرێتەوە. مامۆستا قسەکەرە و قوتابی گوێگرێکی ملکەچ. مامۆستا ئامۆژگاری دەکات، قوتابی ئامۆژگاری وەردەگرێت، کە کۆی ئەمانە لەبری ئەوەی نەوەیەکی ئازاد و چالاک و بیرکەرەوە و وریا بەرهەم بهێنێت نەوەیەکی ترساوی ملکەچ بەرهەم دەهێنێت، کە نەتوانێت بەبێ باوکێکی رۆحی، یان "ئەویدی گەورەیەک" هیچ هەنگاوێک بنێت. لەبری ئەوەی خوێندکار بە یارمەتی مامۆستا بەدوای زانیارییدا بگەڕێت میتۆدێکی فێربوونی بدەنێ، کە بتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت و لە ئاستی شیکردنەوە و توێژینەوەی ڕاستییەکان و پێکەوە گرێدانی زانیارییەکان و هەڵسەنگاندن و پراکتیککردندا دانەمێنێت. بۆ ئەوەی ئەمە تێپەڕێنین "پاوڵۆ فێری" ئەوەدەخاتەڕوو کە دەبێت لە بەرانبەر کولتووری بێدەنگیدا کولتوورێکی نوێ لەسەر بنەماکانی ڕەخنەگرتن و وروژاندنی هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە دەگرێتە بەر. تا لە شوێنی ئەو کولتوورە. کولتووری ئازادی و بوێری دابنێت و دەستەمۆیی و ترس و خۆبەدەستەوەدان لە کولتووری پەیوەندییەکانی نێوان چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا نەهێڵێت.
هەموو گۆڕانێکی ڕیشەیی لە میتۆدی فێرکاریدا لە هەرێمی کوردستاندا دەبێت لە ڕەتکردنەوەی میتۆدی فێرکاری بانکییەوە دەست پێ بکات، چونکە میتۆدی بانکی لە بەرهەمهێنانی تاکێکی ئازاد و پرسیارکەر و بیرکەرەوەدا فەشەلی هێنا بۆیە دەبێت بەدیلی ئەم میتۆدە بدۆزرێتەوە، کە فێری "میتۆدی فێربوونی ئاسۆیی ڕێزگارکەر" پێشنیار دەکات. ئەم میتۆدە خۆی لە کێشە و مەسەکان نادزێتەوە، بەڵکو دەیانخاتە بەردەست و نمایشیان دەکات جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی مرۆ بوونەوەرێکە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی هەیە و دەتوانێت قەدەری خۆی دیاری بکات و لە ئێستاوە ئایندەی ڕەنگێڕێژ بکات.
ئێستا دوای زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ حکومەتی کوردی ئیدی کاتی ئەوەیە دەست بە ڕێفۆرمێکی ڕیشەیی بکرێت لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە و بە ڕاوێژکردن بە شارەزایانی بواری پەروەردە و خەمخۆرانی نەوەی نوێ میتۆدێکی فێرکاری پێشکەوتنخوازی نوێ لە ناوەندەکانی خوێندندا پەیڕەو بکرێت تا نەوەیەکی بیرکەرەو و پرسیارکەر پێشکەشی کۆمەڵگا بکرێت. نەک نەوەیەکی ملکەچ و بێپرسیار. ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕابردوودا پەیڕەوکراوە بەرهەمهێنانی نەوەیەکی ملکەچ بووە نەک نەوەیەکی داهێنەر و پرسیارکە و دۆستی کتێب و زانین، چونکە سیستمی بانکی کە لە کوردستانیشدا پەیڕەو دەکرێت نەوەیەکی دژ بە مەعریفە گۆش دەکات. نەوەیەک خەمی فێربوونی تێدا کوژرا بێت و تەنها خەمی بەدەستهێنانی بڕوانامەی هەبێت، کە ئەمە گەورەترین کارەساتی نێو سیستمی پەروەردەیە لە هەرێمی کوردستاندا.

 

ئارام کۆشکی

© 2017 Hawler