کانونی یەکەم 16, 2019

كارامه‌یی ره‌تكردنه‌وه‌

ن؛داناسه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی 

 

به‌شی (2)

پێناسه‌ی كارامه‌ییه‌كانی ژیان؛ به‌ گوێره‌ی پێناسه‌ی ڕێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی (o.h.w) ساڵی 1998 بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك توانا و لێهاتوویی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌رخستنی ئاستی ده‌روونساغی و گونجاوی ژیان، له‌و فشار و ته‌نگه‌ژانه‌ی كه‌ تاك دووچاری ده‌بێته‌وه‌. یان كارامه‌یی ژیان(بریتییه‌ له‌هه‌ر كارێك كه‌ تاك له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی‌ ئه‌نجامی ده‌دات، له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و كارێككردنه‌كانی، ئه‌م جۆره‌ كارلێككردنه‌ش بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ گونجاوی له‌ ژیان)، (غنیم، 2006).
كارامه‌یی ره‌تكردنه‌وه‌ (وتنی نا):
یه‌كه‌م كارامه‌یی كه‌ پێویسته‌ تاك بیزانێت و له‌ ژیانی رۆژانه‌یدا به‌كاربهێنێ، بریتییه‌ له‌ كارامه‌یی (وتنی نا) و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌ك بۆی. زۆربه‌ی جار تاك تووشی كێشه‌ ده‌بێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كی دروست و گونجاو بڵێی نا، ده‌توانین وتنی نا به‌ یه‌كێك له‌ میكانیزمه‌كانی به‌رگری هه‌ژمار بكه‌ین، تاك ده‌توانێت له‌ زۆر حاڵه‌تدا به‌رگری پێ له‌ خۆی بكات، ئه‌و كێشه‌‌ی یان ئه‌و داواكارییه‌ قورسه‌ی لێی كراوه‌ خۆی پێ رزگار بكات، یان له ‌كێشه‌ و به‌ڵاكه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ تۆ له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كته‌وه‌ داوای ئه‌وه‌ت لێ ده‌كرێت كه‌ بچن به‌یه‌كه‌وه‌ كهول (مشروب) بخۆنه‌وه‌، ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م داواییه‌ی خۆی سوره‌، تۆش ده‌زانی خواردنه‌وه‌ كهول چه‌ندین زیانی هه‌یه‌، له‌رووی ته‌ندروستیشه‌وه‌ چه‌ندین زیانی هه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ر كۆئه‌ندامی مێشك، دڵ، سیه‌كان، له‌سه‌ر ده‌روون و جه‌سته‌ش كاریگه‌ری هه‌یه‌، كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر مردن رێژه‌ی مردن، له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌سالی 1990 ئه‌م داتایانه‌ خراونه‌ته‌ روو له‌م ساڵدا ‌(44529) كه‌س به‌ڕووداوی ڕێگاوبان مردن، له‌و رێژه‌ی مردنه‌ 41% په‌یوه‌ندی به‌ مه‌ی خواردنه‌وه‌ هه‌بووه‌، رێژه‌ی كوشتن له‌ناو ئه‌وانه‌ی مه‌یده‌خۆنه‌وه‌ شه‌ش هێنده‌ی مه‌ی نه‌خۆرانه‌ (ئه‌فرام، لا107، 2009) كه‌واته‌ تاك بۆ ئه‌وه‌ی له‌م كێشانه‌ ڕزگاری ببێت زانینی قۆناغه‌كانی وتنی نا باشترین چاره‌سه‌ر و خۆپارێزه‌ له‌م داوایانه‌ی كه‌لێت ده‌كرێت قۆناغه‌كانیش ئه‌مانه‌ن:
1. له‌ ناخی خۆتانه‌وه‌ به‌ خۆتان بڵێن نا، نه‌وه‌ك سه‌رزاره‌كی بێت.
2. بڵێ (نا) و پاساوێكی كورتی مه‌نتیقی بهێنه‌وه‌، وه‌ك بڵێ مه‌ی خواردنه ‌و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر سییه‌كان هه‌یه‌.
3. درێژه‌ به‌ پاساوه‌كه‌ بده‌ن وه‌ك (ئه‌ی نازانی چه‌ندین كه‌س به‌ هۆی مه‌ی خواردنه‌وه‌ تووشی ژێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان بوون و به‌ده‌ستی ده‌ناڵێنن.
4. به‌دیلێكی تری بخه‌نه‌ به‌ر ده‌ست، وه‌ك بۆ له‌ جیاتی مه‌ی خواردنه‌وه‌ نه‌چین پیاسه‌ی پاركێك یاخود سه‌ردانی سه‌نته‌رێكی مۆسیقا بكه‌ین .
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ قۆناغه‌كانی وتنی (نا)ـن، بۆ هه‌موو ئه‌و داواكاری و كێشانه‌ی كه‌ ده‌زانن ده‌بنه‌ ماییه‌ی ناڕه‌حه‌تی و سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی كێشه‌، ده‌توانی به‌كاریان بهێنی. بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌لامه‌تی رزگارببیت.

© 2017 Hawler