ئاب 22, 2019

عەبدولكەریم خەیات: جاران قوماشی (فەتاح پاشا) و (ئەبو عەلەمێن) هەبوو كە باشترین جۆری قوماش بوو

لەسەردەمی ئەمڕۆدا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە زۆر كار و پیشە نەمان و خۆریان ئاوا بوو، ئەوەی تاك و تەرا ماویشە وەك پێویست نیە خەڵكی بە گشتی و خاوەن پیشەكان بە تایبەتی قسەی زۆریان لەبارەوە هەیە، ئەگەرچی ئەو پیشەیە مێژووییەكی یەكجار كۆنی هەیە و خەڵكێكی زۆریش بژێوی ژیانی خۆیان بەو پیشەیە دابین كردوە و ئێمەش هەموومان بە شێوەیەكی بەردەوام بۆ جەژن و بۆنە و ڕۆژانی ئاسایی خۆمان پێویستیمان پێی هەبوە، بۆیە لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئەویش ئایا ئەو پیشەیە وەك جاران ئەو بایەخەی ماوە ؟ بێگومان نەخێر ئەویش لە ئێستادا جلوبەرگی ئامادەكراو بە پارەیەكی هەرزانتر لە نرخی بەرگدوور دێتە بازارەكان، بۆیە خەڵكی ئامادە نینە بۆ دوورینی جلو بەرگەكانیان بچنە لای بەرگدوور و پارەی زیاتریش بدەن، هەر بۆ قسەكردن لەسەر ئەو مەسەلە و زۆر بایەتی دیكەی تایبەت بە كاری بەگدووری سەردانێكی بازاڕی ئەو پیرە هەولێرەمان كرد و چووینە لای بەرگدوورێكی كۆن بەناوی (عەبدولكەریم قادر محەمەد) ی ناسراو بە (عەبدولكەریم خەیات) كە ساڵانێكی زۆرە بە پیشەی بەرگدووریەوە خەریكە و ئەو پیشەیەشی وەك میراتێك لە باوكیەوە بۆ ماوەتەوە، وەك خۆی لە بەراییدا دەڵێ: من هەر لە ساڵی 1987 وە خەریكی ئەو پیشەیەم كە لە باوكی كۆچكردوومەوە بۆم ماوەتەوە كە ئەو لە بازاڕی قەیسەری هەولێر خەریكی ئەو پیشەیە بوون بۆیە زۆریش شانازی پێوە دەكەم كە بۆتە سەرچاوەی بژێوی ژیانم، بە بیرم دێ باوكی كۆچكردووم بەگدوور و خەیاتێكی زۆر باش بوو من و گەیلانی برامی فێری ئەو پیشەیە كرد، هەروەها خوشكیشم ئەو پیشەیە باش دەزانێ، سەبارەت بە قوماشی باش و خراپ ئەو بەرگدوورە دەڵێ قوماشی جاران زۆر باش بوو نە بە ئاسانی دەدڕا و نە ڕەنگەكەشی كاڵ دەبەوە، ئەو كات جۆرە قوماشێك هەبوو پێیان دەگوت (فەتاح پاشا) ئەو جۆرەیان زۆر باش و قایم بوون هەروەها جۆرێكی دیكە هەبوو پێیان دەگوت (ئەبو عەلەمێن) ئێستا قوماشی لەو جۆرە هەر نیە و ئەوەی ئێیستا هەیە هەمووی لە دەرەوە دێن وەك چین و هیند و توركیا و ئەوانە هەر زوو دەدڕێ یان ڕەنگەكەی كاڵ دەبێتەوە، دوا جار ئەو بەگدوورە كۆنە دەڵێ من بە شاگردی فێری ئەو پیشەیە بووم، بە بیرم دێ ئەوەی كوڕی بكردبایە شاگرد بە وەستاكەی دەگوت گۆشتی بۆ تۆ ئێسكەكەی بۆ من، هەروەها كرێی شاگرد و دەستهەقی دوورین و خەیاتیش بەو شێوەی ئێستا نەبوو زۆر هەرزان بوو، چونكە خەڵكی فەقیر بوون لە توانایان نەبوو زوو زووە جلوبەرگ بدوورن، خەڵكی كۆن ساڵە و ساڵ و بگرە زیاتریش نەیاندەتوانێ دەستە جلێك بۆ خۆیان بە دوورین بدەن.

© 2017 Hawler