ئەیلول 19, 2019

له‌ سلێمانی تا ئێستاش كۆنترین ئاشی شاره‌كه‌ له‌ كاركردن به‌رده‌وامه‌

‌ئاشه‌وانی پیشه‌یه‌كی كۆنی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ و له‌ كۆنه‌وه‌ ئاش به‌كارهاتووه‌ بۆ هاڕینی دانه‌وێڵه‌ و چه‌ڵتووك و ده‌ستكه‌وتنی ئارد و برنج كه‌ خۆراكێكی سه‌ره‌كی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بووه‌، سه‌ره‌تاش ئه‌و ئاشانه‌ی كه‌ هه‌بوون به‌ ئاو كاریان كردووه‌ و به‌ هۆی كه‌می ئاشه‌كانه‌وه‌ داواكاری زۆری خه‌ڵكیان له‌سه‌ر هه‌بووه‌.

له‌ سلێمانی تا ئێستاش كۆنترین ئاشی شاره‌كه‌ له‌ كاركردن به‌رده‌وامه‌ و له‌ئێستادا زیاتر چه‌ڵتووك ده‌هاڕێت و رۆژانه‌ هاووڵاتییان و كاسبكاران بۆ ده‌ستكه‌وتنی برنجی كوردی سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
حاجی ئه‌حمه‌د فه‌تاح ئه‌حمه‌دی ته‌مه‌ن 83 ساڵان پێش نزیكه‌ی 45 ساڵ هاتووه‌ته‌ ئه‌م ئاشه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو بازاڕی شاره‌كه‌ و ده‌ستی به‌كاركردن كردووه‌ تیایدا، تا ئێستاش ئاشه‌كه‌ی به‌ كرێ‌ گرتووه‌ و رۆژانه‌ بژێوی ژیانی خێزانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ئاشه‌ دابین ده‌كات.
ئه‌و گوتی: ئه‌م ئاشه‌ كۆنترین ئاشه‌ له‌ سلێمانی و 90 ساڵه‌ كار ده‌كات، كاتی خۆی ناسراو بوو به‌ ئاشی حاجی تۆفیقی گورگه‌وان، من پێش 45 ساڵ هاتمه‌ ئێره‌ و ده‌ستم به‌ كاركردن كرد، سه‌ره‌تاش چه‌ڵتوكم ده‌كڕی و ده‌مكرده‌ برنج و ده‌مفرۆشته‌وه‌، دواتر وه‌ك ئاشه‌وان ده‌ستم به‌ كاركردن كرد و تا ئێستا به‌رده‌وامم و به‌ كرێی مانگانه‌ گرتوومه‌ و مانگانه‌ كرێی ئاشه‌كه‌ ده‌ده‌م".
حاجی ئه‌حمه‌د كه‌ به‌ هۆی زۆری ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ئێستادا زۆر توانای كاركردنی نه‌ماوه‌ و زیاتر سه‌رپه‌رشتی كاره‌كان و چاودێری ئاشه‌كه‌ ده‌كات، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هاتنی بڕێكی زۆری برنج له‌ ده‌ره‌وه‌ كاری له‌سه‌ر پیشه‌كه‌ی ئه‌وان كردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خواست له‌سه‌ر برنجی كوردی و هێنانی چه‌ڵتووك و ده‌ستكه‌وتنی برنجێكی باش هه‌یه‌ و رۆژانه‌ چه‌ندین كه‌س سه‌ردانیان ده‌كه‌ن.
ئه‌م ئاشه‌وانه‌ زیاتر بۆ خۆی چه‌ڵتووك ده‌كڕێت و رۆژانه‌ له‌ ئاشه‌كه‌ی پاكی ده‌كات، دواتر برنجه‌كه‌ی ده‌فرۆشێته‌وه‌ به‌ هاووڵاتییان و كاسبكار و خاوه‌ن چێشتخانه‌كان.

© 2017 Hawler