ئەیلول 19, 2019

سیستمی پەروەردە لە ژێر وردبینیدا

ڕەنگە زۆربەمان گلەیی و گازندەمان لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەبێت و ئەم گلەیی و گازندانەش بەشێکیان کراون بە نووسین و کتێب، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هیچ گوێ لەم سەرنج و ڕەخنانە نەگراوە و ساڵ بە ساڵ هەڵە پەروەردەییەکان لەنێو سیستمی پەروەردەدا بەردەوامی هەیە، یان ئەگەر گوێ لە هەندێکیشیان گیرابێت (کە من گومانم هەیە) ئەوە وەکو پێویست جێبەجی نەکراوە و تەنها وەکو تیۆرە ماوەتەوە. ئەوەی ڕێگرە لە جێبەجێکردنی ئەو ڕیفۆرمانەی بواری پەروەردە ئەو بێبەها سەیرکردنەی سیستمی پەروەردەیە لەم وڵاتە و گرنگی نەبوونییەتی لای زۆرینەی دەسەڵاتدارانی کوردستان. لەکاتێکدا دەتوانرێت لەڕێی ئەم سیستمی پەروەردەوە بەرنامەڕێژی بۆ ئاییندە بکرێت.
ئەگەر سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بخەینە ژێر وردبینییەوە سەرەتا دەبێ لە کوێوە دەست بە ڕیفۆرم بکەین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار ڕووبەڕووی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و مامۆستایان دەکرێتەوە، یان ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کە لەم بوارەدا دەنووسن و سەرنج و ڕەخنەیان هەیە. بێگومان بەر لە هەرشێک دەبێت لە شتی بچووکەوە دەست پێ بکەین لەو شتانەوە کە هیچ کولفەیەکی ماددی تێناچێت و تەنها هەندێک خەمخۆریی و خەمی مەعریفی دەوێت. هەر بۆنموونە دەکرێت خەمی پاراستنی ژینگە لەنێو خوێندنگەکاندا بکرێتە خەمێکی هەمیشەیی هەموو مامۆستایان و لەوێوە بۆ هەموو خوێندکاران بگوازرێتەوە و بەمەشە دونیایەک سوودی پەروەردەیی و لە ژینگەکەماندا بڵاو دەکەینەوە.
مانگی پێشوو لە کۆڕێکدا بووم کە ئامادەبوان بەشی هەرە زۆریان لە مامۆستایان بوون، گوێم لە بەشێک لە خەمەکانیان بوو، کە خەمی بچووک و سەرەتایی بوون کە پێم سەیر بوو ئەم کێشە و خەمە بچووکانە تا هەنووکەش لەنێو سیستمی پەروەردەدا بوونیان ماوە. خەمەکان لە چوارچێوە شتی ڕۆتینیاتی ئیداریی و ئیهمالی بەڕێوەبەرێتییەکانی پەروەردەوە هاتبوو، کە نەنگییە ئەو کێشە بچووکانە خەمە گەورەکان و خەونە مەزنەکان بیری مامۆستایان بەرنەوە.
ئەگەر لە دە ساڵی ڕابردوودا تەنها خەمی ژینگە خەمێکی پەروەردەیی بوایە، ئێستا دۆخی ژینگە لە کوردستاندا جۆرێکی دیکە دەبوو، ئەمەش تەنها بە خەمێکی بچووکی ژینگەیی دەکرێت، کە لێرەدا تەنها چەند خاڵێک دەخەمەڕوو:
یەکەم: ئەگەر هەر خوێندکارێک ساڵانە یەک نەمام، یان درەختێک بڕوێنێت، لە خوێندنگەکەیدا یان نزیکترین باخچە لە خوێندنگەکەیەوە، یان نزیکترین پارک لە سنووری نیشتەجێبوونی. لێرەوە ئەوسا ساڵانە بە هەزاران نەمام و درەخت دەڕوێنرێت، کە کۆمەڵێک ئامانجی گرنگ دەپێکێت. لەوانە وەک خاوێنکردنەوەی ژینگەی شارەکان. خۆشەویستکردنی درەخت و نەمام لای خوێندکار و خەمخۆری بۆ پاراستنیان. هەم چالاکییەکی ژینگەیی گرنگە لەنێو سیستمی پەروەردەدا، خوێندنگەکان بەر لەوەی ئەرکیان فێرکردن بێت ئەرکیان پەروەردەکردنە.
دووەم: وانەی ژینگەیی پەرەی پێ بدرێت و هەفتانە لانیکەم وانەیەک تەرخان بکرێت بۆ ژینگەدۆستی و چالاکی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام بکرێت سەبارەت بە وشیاریی ژینگەیی.
سێیەم: خاوێن ڕاگرتنی سنووری خوێندنگەکە و کۆڵان و گەڕەکەکانی دەوروبەری خوێندنگەکە لەلایەن خوێندکارانەوە کە ئەمە هەم چالاکییەکی ژینگەدۆستییە، هەم هەوڵێکە بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەک کە ژینگەی شارەکە بە بتڵی ئاو و کاغەز و شتی دیکە پیس نەکات.
چوارەم: پێشکەشکردنی ئەو فیلم و ڤیدیۆ بەڵگەنامەییانەی سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی زەوی و تێکچوونە ژینگەییەکان هەیە، کە ئەمە کاریگەریی دەبێت لە زیندووهێشتنەوە و زیندوو ڕاگرتنی هەستی ژینگەدۆستی لای فێرخواز و خەمی ژینگەیی دەبێتە خەمێکی هەمیشەیی.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە نووسراو و بودجەی گەورە و زەبەلاحی ناوێت، تەنها خەمێکی پەروەردەیی دەوێت، کە پەروەردەکاران خەمی بخۆن و هەریەکەیان لای خۆیەوە بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. خەمی ژینگە وەک لەو خاڵانەی سەرەوەدا ڕوونکرایەوە خەمێکی گرنگی پەروەردەییە بەر لەوەی خەمێکی ژینگەیی بێت، بەڵام پاراستنی ژینگە ئەرکی پەروەردەیە بۆیە گرنگە پەروەردەکاران ئەم خەمەیان هەبێت و لە ساڵی نوێی خوێندنەوە جێبەجێی بکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هەوڵی جێبەجێکردن و ئاسانکاری بدەن بۆی. نەک ببنە هۆی ئەوەی ئەگەر پەروەردەکارێک ویستی جێبەجێ بکات ڕێگری لێ بکرێت.
سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پێش ناکەوێت هەتا لایەنە پەروەردەییەکان خەمخۆری یەکەمی پەروەردە نەبن و ئاسانکاریی تەواوەتی بۆ ڕیفۆرمی پەروەردەیی نەکەن. دۆخی پەروەردەی هەرێم بە هەنگاوی گەورە دەست پێ ناکرێت، من لاموایە دەبێت بە هەنگاوی بچووک و ڕیفۆرمی هەنگاو بە هەنگاو سیستمی پەروەردە بکرێتە سیستمێکی پێشکەوتوو، کە وڵاتانی دەوروبەر بێن و چاو لە سیستمەکەی ئێمە بکەن. ئێمە پێویستمان بە سیستمی سویدی و دانیمارکی و نەرویجی نییە، بەڵکو پێویستمان بە سیستمێکە کە هەڵقوڵاوی پێداویستییەکانی نێو دامەزراوە پەروەردەییەکانمان بێت. سیستمی پەروەردەیی هیچ وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە (بەتەواوی) گونجاو نییە، بەڵکو دەشێ ئێمە چاو لە وڵاتانی پێشکەوتوو بکەین لە بواری پەروەردە، بەڵام بە گونجان و پێویستی نێو کۆمەڵگەکەی خۆمان. هەربۆیە دەشێ سوود لە نموونە جوان و گرنگەکان وەربگرین تا لە ئاییندەدا نموونەیەکی پەروەردەیی جوان پێشکەش بکەین.

© 2017 Hawler