ئەیلول 19, 2019

دوای 4 ساڵ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەداتەوە

ئەگەر سەر لە دادگاکانی کوردستان بدەین، دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی دەبیستی، بەتایبەت ئێستا کە خەمی گەنجی هەژار تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، ئەمەش بەھۆی جێبەجێ نەکردنی خواستی ھاوژینەکان، بەپێی داتاکانیش بێ، ڕۆژانە حاڵەتی جیابوونەوە ڕوو لە زیادبوون دەکات، جگە لە چیرۆکی ئەو ئەویندارانەی کە نەیانتوانیووە لەژێر حوکمی کۆمەڵگە بە خۆشەویستەکانیان بگەن، یان زۆرجار خۆشەویستی ڕێگەی ھاوسەرگیری لێ ون کردوون بەھۆی تێنەگەیشتنی خانەوادە عەشایرەکان، کە هەمیشە ڕێگرن لەبەردەم بە یەکگەیشتنی دوو ئەویندار، کە هەندێکجار گەیشتووەتە ئاستی حاڵەتی کوشتن و خوێنڕێشتن، ئەوەی (هەولێر) لەو کورتە ڕاپۆرتەی دا دەیگێڕێتەوە، چیرۆکێکی دروست کراو نیە و واقعێکە لەو ڕوویداوە، کە ئەویش لێکترازانی دوو ئەویندارە، کە هەمیشە خەونیان گەیشتن بووە بەیەک و فەلەک ڕێگەی نەدا لە ئامێز یەکتردا مۆمی خۆشەویستی هەڵکەن.

 خۆشەویستیەکی کەم وێنە
(کارزان ئەحمەد وەتمان) ئەو کوڕە گەنجەیە، کە ساڵانێکی زۆر سەرگەرمی خوێندن بوو تا بوو بە پەرستار و خەونی گەیشتن بوو بە ئەویندارەکەی کە ناوی (ج.أ.ک)، بەڵام ھێندەی نەخایاند، کارزان لە خۆشەویستەکەی دابڕا، نەک تەنیا دابڕان لە عەشق، بەڵکو دابڕان لە هەموو جوانیەکانی ژیان و تەنانەت هەڵبژاردنی ڕێگەی مەرگ، تەنیا بۆ ئەوەی لە چاوە گەشەکانی خۆشەویستەکەی دووربێت، چونکە بە بڕوای ئەو ژیان لە دوای ئەودا لێرە ھیچ نرخ و بەھایەکی نابێت، تەنانەت ڕەنگە مانەوەی ببێتە ھۆی مەرگێکی پڕ لە ئازار و تراژیدیایەک لە گێڕانەوەی خۆشەویستی نێوانیان.

تۆڵە و گەڕانەوەی شکۆ
ڕەنگە بە لاتانەوە سەیر نەبێ، کە ڕۆژانە لە میدیاکان و لە نێو خەڵکدا دەیان چیرۆک دەکەونە بەرباس، بەتایبەت ئەوانەی دەبن بە قوربانیی شەرەف، کە لای خەڵکانێک تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، خۆشەویستی
گوناھێکە و مایەی قبوڵ کردن نیە، وەک ئەوەی لەو ڕووداوەی (کارزان)ـدا دەیبیستن، کە دوای بە یەک نەگەیشتنی ئەو دوو خۆشەویستە، خانەوادەی کچە بەھۆی عەشایەر بوونی گەورە پیاوانیان، هەوڵی کوشتن و هەڕەشەکانیان زۆرتر دەبوو، ئەمە تەنیا لە پێناو ئەوەی، کە ئەوان ڕۆژانێک دڵیان بۆیەک لێیداوە، ئەگەرچی ئەوان لە عەشقێکی پاکدا بوونە، هەمیشە خەونیان بەوە بینیووە، کە قەدەر فرسەتیان بدات، بگەن بە مرادی خۆیان، بەڵام دڵڕەقی ئەو خانەوادەیە هەموو ئەو خەونانەی لە گۆڕنا و کارزانیش ناچار، بارگەی تێکنا و بەرەو غوربەت کەوتە ڕێ و ئیدی بێ ناونیشان و بێ سەر و سۆراغ مایەوە، بەڵام ئەوان ھێشتا هەر سوورن لەسەر ڕژانی خوێنی ئەو گەنجەی کە داوای کچەکەیان کردبوو، ئێستایش ئەوان بە عەقڵیەتی خۆیان پێیان وایە، هەر کاتێک کوڕە لە خوێنی خۆیدا گەوزا ئەوا شکۆ بۆ خانەوادەی کچە دەگەڕێتەوە، لە پێناو ئەو خۆشەویستیەشدا ئەویندارەکەی (کارزان) بەبێ ئەوەی ھیچ کەسێک هەواڵی بزانێت، سەفەری غەریبی کرد و بە هەمان شێوەی مەعشوقەکەی بێ چارەنووس مایەوەو مەگەر لە دنیاکەی دیکەدا دەسلەملێ خۆشەویستەکەی بکاتەوە و لەوێ دا یادگاری تاڵ و شیرین بۆ یەک بگێڕنەوە!.

ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوام
 لە چارەنووس دا
دوای 4 ساڵ بەسەر ئەو کێشە کۆمەڵایەتیەدا، کە خەڵکی حاجیاوا پێوە سەرقاڵ بوو، تا هەنووکەش باوکی کارزان لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژیت، ئەمەش بەھۆی دڵڕەقی ئەو خانەوادەیە و ترس لە ئاییندەی خۆیان، کە هەمیشە بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا وێڵن، تەنانەت بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئەو گرفتە چەند جارێک باوک و خانەوادەی کارزان پەنایان بۆ پیاو ماقولان و گەورە پیاوانی ئەو ناوچەیە بردووە، تا بتوانن بە ڕێگەی دیالۆگ و سوڵحی عەشایەر کۆتایی بەو مەسەلەیە بێنن و خوێن نەکەوێتە نێو ئەو دوو خانەوادەیە، بەڵام هەموو هەوڵەکان تا ئەمڕۆش بێ سوودن، ئەوەش وایکردووە، باوکی ناوبراو، پەنا بۆ لایەنی پێوەندیدار ببات و لە گرفتەکەیان ئاگاداریان بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە حاڵەتە نەخوازراوەکاندا بەدووربن، بەڵام خانەوادەی کچە هەر سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت کارزان لە خوێنی بڕژێ و بە گوللەیەکی ئەوان ساردبکرێتەوە، تا تێنوویەتی ئەوان بشکێ و چیتر لە خەیاڵی دۆزینەوەی کارزاندا نەمێننەوە، بەپێچەوانەوەش خانەوادەی کوڕە، ئامادەن بۆ هەموو گفتوگۆیەک بۆ گەیشتن و کۆتایی ھێنان بەو کێشە کۆمەڵایەتیە، لە حەقیقەتدا ھیچ زیانێک بە کچەکەیان ئەوان نەگەیندراوە، تەنیا ئەوەنەبێ لە پێوەندییەکی قوڵی خۆشەویستی دابوونە و ڕۆژگاریش هەموو ئەو خۆشەویستیەی سڕییەوە، کە ببوو بە خەونی ئەو دوو ئەویندارە.

 

شیڤان شێرزاد- هەولێر

© 2017 Hawler