تەمموز 21, 2019

چەند گه‌نجێك فڕۆکەیەک دروست دەکەن

لە وڵاتی باشووری ئەفریقا چەند ھەرزەکارێک ھەوڵدەدەن گەشتێک بکەن لە باشووری ئەفریقا بۆ میسر، بە فڕۆکەیەک کە بەدەستی خۆیان دروستیان کردووە.

٢٠ قوتابی لە تەمەنی ھەرزەکاریدا سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی فڕۆکەیەکی سەرەتایی (سلینگ ٤)، بە ئامانجی فڕینی لە شاری کیپتاونی باشووری ئەفریقا بۆ پایتەختی میسر قاھیرە.
بی بی سی بەریتانیا: گەشتەکە ٦ حەفتە دەخایەنێت بە بڕینی ١٢ ھەزار کیلۆمەتر تا دەگاتە میسر. لە ئێستادا بەڕێکەوتووە و لە یەکەم وێستگەی لە نامیبیا دابەزیوە.
دروستکردنی فڕۆکەکە سێ حەفتەی خایاند، چەندا مەوادێکی کارگەی فڕۆکەوانیان بەکارھێنا و چەندی تریان پەیدا کرد و فڕۆکەکەیان دروستکرد.
کاپتنی فڕۆکەکە میگان فیرنەر کە تەمەنی ١٧ ساڵانە ڕایگەیاند: مەبەست لە دروستکردنی ئەم فڕۆکەیە؛ نیشاندانی تواناکانمانە و، دەمانەوێ بیسەلمێنن کە عەقڵ ھەر شتێکی بووێت دەتوانێ ئەنجامی بدات ئەگەر سوڕ بێت لەسەری.
ئەڵبەت بە گوێرەی قسەکانی فێرنەر: ئەو کۆمەڵەیە ھەڵبژێردران لە نێوان ١٠٠٠ کەس کە داواکاریان پێشکەش کردبوو، وە شەشمان مۆڵەتی لێخوڕینی فڕۆکەمان وەرگرت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ھەرچەندە لە کاتی وانە خوێندن و تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵدا بووین بەڵام، توانیم مۆڵەتی فڕۆکە لێخوڕین بە دەست بێنم کە لای من وەکو بەدەستھێنانی نمرەیەکی زانستی بەرزە.
باوکی فێرنەر کە فڕۆکەوانە وتی: کۆکردنەوە و دروستکردنی فڕۆکەکە سێ ھەزار سەعاتی خایاند، ئەگەر دابەشی بکەیە سەر ٢٠ ھەرزەکار بە ماوەی سێ حەفتە کارەکە تەواو دەبێت، شارەزایانی بواری مەکینە و پارچەکانی تری فڕۆکە توانیان پارچەی پێویستیان بۆ دابین بکەن بەڵام ئەم ھەرزەکارانە تەواوی فڕۆکەکەیان دروستکرد.
کچە ھەرزەکار ئەنیس کیمۆجیتسوی سمیلا؛ ١٥ ساڵان، کە یەکێکە لە ئەندامانی دروستکردنی فڕۆکەکە وتی: کاتێک سەیری فڕۆکەکە دەکەم ھەست بە شانازیەکی زۆر دەکەم، ھەرگیز باوەڕ ناکەم بەوەی کە ئەنجامماندا، ھەست دەکەم ئەو فڕۆکەیە منداڵی خۆمە، زۆرم خۆش دەوێت. لە گەشتی یەکەممان لە جۆھانسبێرگ بۆ کیپتاون بەر لە دەستپێکردنی گەشتە فەرمیەکە فڕۆکەکە بە ھاوسەنگی فڕی و بێ کێشە بوو.
فڕۆکەکە لە وێستگەی یەکەمی دابەزی لە شاری لۆدیرێتز لە نامیبیا، شەش سەعات و نیوی خایاند تا گەیشتە ئەوێ، وا بڕیاریشە لە چەند وێستگەیەکی تر لە زیمبابۆی و مالاوی و تەنزانیا و کینیا و ئیسیوبیا و ئیریتریا دابەزێ بەر لە گەیشتنی بە وێستگەی کۆتایی قاھیرە.
لە گەڕانەوەش بە ڕێگایەکی جیاواز دێنەوە، بە نیازن بە ئۆغەندا و ڕواند و زامبیا و بۆتسوانا تێپەڕن.

© 2017 Hawler