تشرینی دووەم 12, 2019

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

مەحموود محەمەد: ئەو لایەنە بە نزیکتر لە خۆمان دەزانین بڕوای بە (شەراکەت و تەوافق و تەوازن) هەبێت

لە میانەی چاوپێکەوتنێکی، لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گووتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژرادنی پەرلەمانی عێراق و ئەولەوییات و سیاسەتی پارتی لە چۆنییەتی بەشداریکردن لە حکوومەتی داهاتووی عێڕاق، وە ڕایدەگەیەنێت، ئەوان وەک پارتی ئامادەن گوێ لە هەموو لایەک بگرن، بەڵام دواجار لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان مامەڵە لەگەڵ لایەنەکان دەکەن. وە ڕایدەگەینێت، بۆچوونی جیاوازی ئێران و ئەمریکا لە ئێستادا پێکهێنانی حکوومەت و دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی بۆ حکوومەتی داهاتوو قورستر کردووە.

مەحموود محەمەد، سەبارەت بە ساڵیادی شۆڕشی گوڵان و ئایاری ٢٠١٨ کە هەردوو ڕووداوەکە ئاماژەن بۆ هەڵسانەوەی پارتی دوای گەلەکۆمێ و هەوڵی لە ناوبردنی پارتی، دەڵێت:" لەدوای نسكۆی 1975 دەسەڵاتدارانی رژێمی بەعس و تەنانەت بەشێك لە چاودێرانی سیاسییش مەزندەی ئەوەیان دەكرد، بەو پیلانە نێودەوڵەتییەی دژی شۆڕشی كوردستان ئەنجامیان داوە، ئیدی شۆڕشی كوردستان جارێكی دیكە هەڵناستێتەوە و لەسەر ئەم بنەمایەش زۆر مەزندەی خەیاڵاوییان هەڵچنیبوو، بەڵام كاتێك لە 26ی ئایاری 1975 شۆڕشی گوڵان جارێكی دیكە دەستی پێكردەوە، هەموو مەزندەكانی پێچەوانە كردەوە و بە شێوازێك لە شێوازەكان ئەوانەی بێ ئومێد كرد كە هەموو شتكیان دابوو بۆ ئەوەی پیلانەكەی 1975یان دژی شۆڕشی كوردستان سەركەوتوو بێت، ئەمەش ئەو راستییەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كرد، كە دەشێت لە بارودۆخێكی تایبەتیدا و بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی پیلان دژی شۆڕشی كوردستان بچنرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناتوانن تاسەر تێیدا سەركەوتووبن و ئاوات و خواستی گەلێكی ئازادیخواز سەركوت و خامۆش بكەن، هەر بۆیە دوای نزیكەی ساڵیك و دوای ئەوەی توانرا سەرلەنوێ خۆڕێكبخرێتەوە، شۆڕشی گوڵان بە شێواز و گڕوتینێكی نوێوەوە هاتەوە مەیدان و دووبارە ئومێدی زیندوو كردەوە.
بێگومان كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریش پیلانێكی دیكەیە دژی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، ئەم پیلانەش تەنیا پیلانێكی ناوخۆیی نەبوو، بەڵكو ئەویش دەستی ئەملاو ئەولاو و دەرەكیشی تێدا بوو، ئامانج لەم پیلانەش دیسان ئەوە بوو كە خواست و هیواكانی گەلی كوردستان لەناو بەرن و قەوارەی هەرێمی كوردستان بسڕنەوە، بەڵام بە خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانرا قەوارە سیاسییەكە بپارێزرێت و لە 12ی ئایاری ئەمساڵیش خەڵكی خۆڕاگری كوردستان جارێكی دیكە دەنگ و متمانەی خۆی دایەوە بەو لایەنەی كە توانی بەرگری لە كوردستان بكات و شێلگیرانە بەرامبەر ئەو پیلانە گەورەیە راوەستاو ئامانجی سەرەكیی پیلانەكەی هەڵوەشاندەوە. كەواتە ئەو متمانەیەی خەڵكی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستانی دایەوە، مانای ئەوەیە خەڵكی كوردستان پەیامی خۆیان بەو جۆرە ئاراستەكردووە كە پارتی دەتوانێت نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان بكات و بەرژەوەندییەكانی بپارێزێت و ئاوات و خواستەكانی ئێمە بهێنێتەدی، ئەمەش نیشانەی ویژدانی زیندووی خەڵكی كوردستانە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی روو لە هەڵكشانە، ئەمەش بەو مانایەی كە هەم بەرپرسیاریەتی دەخەنە سەرشانی خەڵك و هەمیش متمانەی خۆیان دەبەخشنە ئەو خەڵكانەی كە لەكاتە سەخت و هەستیارەكاندا دەتوانن بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن.
سەبارەت بە هەڵبژرادنەکان لە شنگال، مەحموود محەمەد، پێی وایە جارێکی تر زوڵم لە خەڵکی شنگال کرایەوە لەم هەڵبژرادنەدا و دەڵێت:" ١١٦سندووق لە دەنگی ئاوارەكانی شنگال بە بیانووی ئەوەی دەبێت بژمێردرێنەوە، راگەیاندنی ئاكامەكەی دواخرا، بەڵام دوای ئەوەی ئاكامی هەڵبژاردنیش راگەیەندرا، دەنگی ئەو سندووقانە حیساب نەكران، ئاكامی هەڵبژاردن راگەیەندراو دەنگی ئەو سندووقانە سووتان. دەربارەی كاریگەریی ئەم هەژمارنەکردنە مەحموود محەممەد دەڵێ، "ئەمەش زوڵمێكی دیكە بوو كە لە خەڵكی شنگال كرا، لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری دەنگی ئەو سندووقانە، دەنگی ئاوارەكانی شنگال بوون، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەنگی كاندیدەكانی شنگال هەبوو."
گوتەبێژی فەرمیی پارتی پێی وایە دوو هۆكاری لە حیسابنەكردنی ئەم دەنگانە هەیە و دەڵێت "یەكەمیان ویستی خەڵكانێك بوو لە بەغدا بۆ ئەوەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێتە لیستی یەكەم لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا، ئەوی دیكەشیان غەدرێكی دیكە بوو لە خەڵكی شنگال كرا، ئەمەش بەو مانایەی چۆن لە ساڵی 2014 ئەنفال كران، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا دەنگەكانیان ئەنفال كرا."
لە میانەی پرسیارێکیش دەربارەی حکوومەتی داهاتووی عێراق و شەراکەت و تەوازن و تەوافق، مەحموود محەمەد، ڕایدەگەینێت، هاوبەشی و پێکەوەسازان و هاوسەنگی، مەرج و داخوازی پارتییە بۆ بەسداریکردن لە حکوومەتی داهاتووی عێراق، وە ڕایدەگەیەنێت، ئەوان وەک پارتی دەیانەوێت بەشداری ڕاستەقینەبن لە حکومەت نەک تەنیا بەشدرابن.
سەبارەت بە ئاکامی هەڵبژرادنەکان و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردییەکانی بەغدا، مەحموود محەمەد، دەڵێت:" بە راستی هەوڵێكی جددی درا بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەك لەنێوان هەموو لایەنەكان ئەنجام بدرێت و هەموومان پێكەوە شاندێكی هاوبەش دروست بكەین و بچینە بەغدا، بەڵام بەشێك لەو حزبانە (6 لایەنەكە) بە بیانووی ئاكامی هەڵبژاردنەكە رەتدەكەنەوەو لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بەشداری ناكەن، ئامادە نەبوون لە كۆبوونەوەكە بەشداری بكەن، هەروەها ئەمەشمان لەگەڵ یەكێتی باس كردووە، بەڵام دیار بوو، ئەوان پێشتر شاندێكیان بۆ بەغدا ناردبوو، بۆیە لەو پرسەدا نەهاتنە پێشەوە، ئەگەرنا ئێمە وەك پارتی پێمان باش بوو ئێمە و یەكێتی بە هاوبەشی بچین، كە ئەمانەش كران، ئێمە ناچار بووین شاندێك بنێرینە بەغدا بۆ ئەوەی بزانین بەغدا دەیەوێت چی بكات".
دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکانی شاندی پارتی لە بەغدا و نزیکی پارتی لە لایەنەکان یا بایکۆتکردنی لایەنێک، مەحموود محەمەد، گووتەبێژی پارتی ڕایدەگەینێت، پێویستە ئەو بابەتە بۆ دوای هاتنەوەی شاندی پارتی و تاوتوێکردنی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان هەڵبگیرێت، وە دەڵێت:" لەگەڵ لایەنە سوننەكان و ئەو لایەنانەشی كە كورسییان هێناوە بۆ ئەوەی بزانین بەرنامە و بیركردنەوەی ئەوان بۆ حكومەتی داهاتوو چۆن دەبێت. ئەوكات دەزانین كام لایەن لە ئێمە نزیكترە لەوانی دیكە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هەر لایەنێك لەسەر بنەمای (شەراكەت و تەوافق و تەوازن) لەگەڵ ئێمە رێكبكەوێت، ئەوا ئەو لایەنە لە ئێمە نزیكتر دەبێت لەوانی دیكە.
سەبارەت بەوەی لیستی سائیرونی سەدر یەکەم بووە و پێناچێت کاندیدی بۆ سەرۆکی وەزیران هەبێت، دەڵێت:" با راشكاوانە قسە بكەین، پێكهێنانی حكومەت بە تەنیا لە دەستی لایەنە شیعەكانی عێراقدا نییە، وڵاتانی دەورووبەری عێراق و وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا و ئەوروپاش كاریگەریی خۆیان لە سەر ئەو دۆخە هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە رازیكردنی ئەم هەموو لایەنە لەسەر كاندیدێك لەوانەیە كارێكی ئاسان نەبێت، لە كابینەكانی پێشتردا جۆرێك نزیكی لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەبوو، بەڵام پێدەچێت ئەمجارەیان تێڕوانینی هەردوولایان بۆ ئایندەی عێراق لە یەكتری دوور بێت، پێشتر هەردوولا دەیانگوت هەر كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، بەڵام ئێستا ئەمریكا و ئێرانیش تێبینییان لەسەر هەندێك كەسایەتی هەیە، ئەمەش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی قورستر كردووە".
هەر سەبارەت بەو گوشارانەی دەرەوەی عێراق لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی کەسێک بە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، دەڵێت:" بێگومان ئێرانیەكانیش وەك ئەمریكا، قسەی خۆیان لەسەر ئەو پرۆسەیە هەیە، ئێمە گوێ لە هەموو لایەنێك رادەگرین، بەڵام ئەم گوێگرتنەی ئێمە بەو مانایە نییە، هەرچی ئەوان دەیانەوێت، ئێمە ئەوە دەكەین. ئێمە سەیری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین، لەسەر ئەولەوییەتی بەرژەوەندییەكانی كوردستانیش مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، لێرەدا نایشارمەوە، لە پێشتردا زۆر جار هەندێك خواست و ویستمان هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی لە لایەنێكی نێودەوڵەتییەوە كۆمەڵێك بەڵێنیان پێداوین، ئەو خواست و ویستەمان بۆ ماوەیەك دواخستووە، بەڵام دواتر خۆیان نەكردۆتە خاوەنی بەڵێنەكانیان و جێبەجێیان نەكردووە، ئەمە وامان لێدەكات كە بڵێین، پەیوەندییەكانمان شتێكە و خواست و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانیش شتێكی ترەو نابێت خواست و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەینە قوربانیی پەیوەندیەكانمان، بەپێچەوانەوە دەبێت ئەو پەیوەندییانە بەهێز بكەین بۆ چۆنیەتی دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، بێگومان ئەو لایەنانەش كە دەبنە هێز و پشتیوانی بۆ بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، پەیوەندیەكانمان لەگەڵیان بەهێزتر دەبێت، بەڵام لە هەموو بارودۆخێكدا بەشداری ئێمە لە حكومەتی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای ( شەراكەت و تەوافق و تەوازن) دەبێت.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، کە ئێستا لێدوانی جۆرا و جۆری لەسەر دەدرێت لە لایەن هەندێک لایەنی کوردی و عێراقییەوە، مەحموود محەمەد، پێی وایە ئەو پۆستە بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژرادن، مافی پارتییە، وە سەبارەت بەوەی دەگوترێت، ڕێککەوتنێکی کۆن هەیە لە نێوان یەکێتی و پارتی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ کراوە دەبێت ئەو پۆستە هەر بۆ یەکێتی بێت، دەڵێت:" نەخێر، ئەوەی باسی دەكەیت، رێككەوتنی ساڵی 2005 ی نێوان پارتی و یەكێتی كە لەلایەن سەرۆك بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلالەوە ئیمزا كرابوو، تایبەت بوو بە پۆستی سەرۆكی هەرێم و پۆستی سەرۆككۆمار، بەڵام یەكێتیی نیشتمانی پابەندبوونی بەم رێككەوتنە نەهێشت و كەوتە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن و داوای هەمواركردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی دەكرد، بەڵام ئێستا بارودۆخە شتێكی دیكەیە و وەك ئەو كاتە نییە."
هەروەها دەڵێت:" لەبەر ئەوەی ئەو رێككەوتنە نەماوە، ئەوا دەبێت گفتۆگۆ بكەین كێ پۆستی سەرۆككۆمار وەردەگرێت، سەبارەت بە ئیستحقاقی پارتییش، بێگومان لە رووی ژمارەی كورسییەكان و بە خاڵیش بێت، ئەو پۆستە بە مافی پارتی دەزانین كە وەریبگرێت."

© 2017 Hawler