تشرینی دووەم 20, 2019

دكتور ساڵح مەلا عومەر پسپۆڕی زانسته سیاسییەكان: كورد دەبێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت و پۆستەكەش بە كەسێكی بەتوانا بدات

لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئاشكرابوونی ئەنجامەكان، هەر قەوارە و لیستێكی عێراقی و كوردستانی بۆی دەركەوت قەبارە و سەنگی چەندە و دەتوانێت چ رۆڵێكی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق هەبێت. لایەنە كوردییەكان روویان لە بەغدا كردووەتەوە و هەر جارە و لەگەڵ لیستێكی دیاریكراو دانوستان دەكەن.

دكتور ساڵح مەلا عومەر پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی هەولێر پێی وایە كورد دەبێت زۆر لە جاران باشتر سیاسەت بكات بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە مافەكانی گەلی كورد بكات. ئەو پێداگری لەوە دەكات كە كورد لە دانوستانەكان دەبێت بایەخ بە هەر سێ لایەنی وەرگرتنی پۆستی بەهێز، بەرنامەی سیاسی و مافە دەستوورییەكان بدات و لە هەمان كاتدا كەسایەتی بەهێز و شارەزا بنێرێتە بەغدا.
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ دۆخی ئەمجارەی هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ جاران جیاوازی هەیە پێشتر لایەنێك هەبوو بە تەنیا دەیتوانی ٨٩ كورسی بەدەست بەێنێت و بە ئاسانی دەیتوانی لەگەڵ چەند لایەنێک كابینە پێكبەێنێت و زۆر گوێ بە لایەنەكانی تر نەدات و بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێمی كورستان بسەپێنێت و لە روانگەی نێودەڵەتیش یەكدەنگییەك هەبوو لەسەر ئەوەی دەسەڵات لە عێراق لەدەستی شیعەكاندا بێت و پێش هەموو شتێك وڵاتانی بیانی لە نێو خۆیاندا رێكدەكەوتن، پاشان لە عێراق بڕیاری لەسەر دەدرا، كورد نەیدەتوانی بەرانبەریان زۆر گوشار دروست بكات، بەڵام ئێستە واقیعێكی نوێ هاتووەتە كایەوە.
ئێران و ئەمەریكا لە دوای هاتنە سەركاری ترەمپ و ئەو بڕیارانەی ترەمپ لە دژی ئێران دای لە ئاستی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ناوچەیی ناتوانن وەك جاران هەماهەنگیان لەگەڵ یەكتر هەبێت بە تایبەتی بۆ پرسە سیاسییەكان لە ناوخۆی عێراق. ئەم پسپۆڕە پرسیاری ئەوە دەكات ئایا ئەو وڵاتانە دەتوانن لەسەر یەك كەس رێك بكەون، بێگومان هەر كەسێك بە بێ ویستی ئەمەریكا ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كەسێكی بەهێز نابێت و كێشەی گەورەی بۆ دێتە كایەوە. هاوكات ئەگەر بێ ویستی ئێرانیش بێت ئەوا ئێران ئەوەندە توانایەی هەیە گوشاری گەورەی بۆ دروست بكات و دوچاری قەیرانی بكات.
ئەو هەروەها روونی دەكاتەوە ئەگەر سەیری لایەنەكانی شیعە بكرێت ئەوا دەردەكەوت كە شەڕێكی دەسەڵات لە نێو كەسەكاندا هەیەنەك حزبەكان، كەسایەتی نێو حزبەكان رەكابەری كەسایەتی تر لە نێو حزبەكانیان كرد و دەرکەوت ململانێی دەستەبەركردنی دەسەڵات بەهێز بووە. بەو پێیە ئەگەر كورد بتوانێت گەمەیەكی باش بكات مافی زۆریش بەدەست دێنێت، پرسەكەتەنیا وەرگرتنی پۆست نییە بەڵكوو دەبێت لە لایەك دیپلۆماسییەك پێڕەو بكات كە لەگەڵ دەوڵەتان پێوەندی پتەوی هەبێت، هاوكات پێوەندی پتەو لەگەڵ كەسەكانیش دەتوانێت رۆڵێكی كارا بگێڕێت و وەك جاران پێویست بەوە ناكات لەگەڵ هەموو هاوپەیمانی شیعە رێككەوتن بكات.
دکتور ساڵح مەلا عومەر بە گرنگی هەژمار دەكات كورد جارێكی تر بتوانێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت بەڵام گرنگ ئەوەیە كە ئەو پۆستە وەرگیرا چ كەسێك ببێتە سەرۆك كۆمار، تەنانەت كورد ئەگەر پۆستی سەرۆك وزەیرانیش وەربگرێت ئەوا ئەگەر كەسەكە بەهێز نەبێت ناتوانێت ەیچ شتێك بۆ كورد بكات. ئەو دەڵێت "بە گشتی پێم وایە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد لە پۆستی سەرۆك پەرلەمان گرنگترە چونكە هەر یاسایەك لە پەرلەمان ئەگەر بیانەوێت پەسندی بكەن ئەوا دەتوانن پەسندی بكەن چونكە كورد لە پەرلەمان كەمینەیە و ناتوانێت رێگری لە پەسندكردنی ئەو یاسایانە بكات".
ئەو پسپۆڕە دەڵێت پۆستی سەرۆك كۆمار بۆیە گرنگە بەو مەرجەی كەسەكە بەهێز بێت. بۆ نموونە با بەراوردێك بكەرێ لە نێوان ئەو كاتەی كە مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو لەگەڵ ئەو كاتەی كە فواد مەعسوم سەرۆك كۆمار بوو، پۆستەكە هەمان پۆستە بەڵام بە ئاشكرا دیارە مام جەلال چ رۆڵێكی گرنگی بینی و ەۆكارەكەش بەهێزیی كەسایەتی جەلال تاڵەبانی بوو كە وای كرد باشتر بەرگری لە مافەكانی گەلی كورد بكات.
دەبێت سەرۆک کۆمار كەسێك بێت پەرە بە پێوەندییەكانی بەغدا لە گەڵ هەولێر بدات، بەگوتەی دكتور ساڵح مەلا عومەر، پۆست، بەرنامە و كەسایەتی هەر سێكیان رۆڵیان هەیە لەبەرەوپێشبردنی پێگەی كورد لە بەغدا و كورد دەبێت كار لە سەر هەر سێ لایەن بكات. با پۆستی باش و بەرنامەی باش هەبێت بەڵام ئەگەر كەسی بەهێز لە بەغدا نەبێت كورد ناتوانێت ئەوە دەستەبەر بكات كە چاوەڕوانی دەكات و بەگشتی دەبێت خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ چۆنیەتی بەشداری كورد لە بەغدا بكرێت و بە گشتی گوتارێكی یەكگرتوو لە كوردستان دروست بكات.

© 2017 Hawler