تشرینی دووەم 20, 2019

هۆشیار زێباری: پارتی ژمارەیەکی قورسە لە هاوکێــــــشەکان و لەم هەڵبژاردنەش بەهێزتری دەکەین

هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنوسساز هەنگاو دەنێن شەقامی کوردستان بە چەندین لیست و قەوارەی جیاوازەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن و کەمپینی بانگەشەی خۆیان دەست پێکردوە، بۆ زانینی کار و بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژرادن و کەمپینی بانگەشە و نەخشە ڕیگای دوای هەڵبژرادن و چۆننیەتی مامەڵەکردنی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق، هوشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتی بانگەشە و هەڵبژاردن، وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەی هەولێری دایەوە:

* کار و بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژرادنی ئەم خوولەی نوێنەرانی عێراق چۆن بەڕیوە دەچێت؟
_ پارتی لیژنەیەکی باڵای هەیە، سەرپەرشتی کارەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەکات و ڕۆژانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرجەم لق و ئۆرگانەکانی پارتی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان و پارێزگاکان لە پەیوەندیداین، ڕێنمایی بەردەواممان هەیە.

* لە ڕووی ستراتیژیییەوە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی چ مانایەکی سیاسی هەیە؟.
_ئێمە ئەم هەڵبژاردنە بە گرنگ دەزانین و دەبێت ئەنجامێکی باشیش بەدەست بهێنین.

* بۆچی لای پارتی ئەم هەڵبژرادنە گرنگە؟
_ گرنگە، چونکە ناحەزانی پارتی بەرەیەکیان بۆ دژایەتی پارتی درووست کردووە، لە پێناوی مەرامە گوماناوییەکانیان دەیانەوێت پارتی بشکێنن.

*دەتوانن پارتی بشکێنن؟
- نەخێر پارتی نەک ناشکێ، بەڵکو لە گەڵ هەموو ئەم هەوڵانەیاندا زیاتر بەهێز دەبێت، پارتی پێگە و سەنگی خۆی هەیە، بوونی ئە هێزەش سەرچاوەکەی لە قووڵایی ناو جەماوەری کوردستاندایە، بۆیە پارتی زۆر لەو هەوڵانە بەهێزترە.

* بەچی دەیسەلمێنن کە پارتی بەهێزترینە؟
_ چونکە خاوەنی بڕوا و بەرنامەی داهاتوی خۆیەتی، بەرنامەی هەیە بۆ چاکسازی، بۆ بەشداری گەنج لە کار و پرۆسەی سیاسیی و بۆ گۆڕانکاری ئیداری و، پارتی هەندێک خەسڵەت و تایبەتمەندی تێدایە لایەنەکانی تر نییانە.

* وەک چی؟
_ وەک قوربانیدان و بەرگری لە پێناوی پاراستن و ڕزگاریی یەکجارەکی کوردستان، ئەو بەرگرییەی پارتی بۆ زامنکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا دەیکات، لایەنەکانی تر نایکەن و وەک پارتی ئەو گرنگییەی پێنادەن، پارتی خاوەنی متمانەی گەلی کوردستانە، بۆیە بەغداش تەنیا تەعامول لە گەڵ پارتی دەکات وەک نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی کوردستان.

* ئەی بۆچی لایەنەکانی دی ناتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن؟
_لایەنی تر زۆر هەوڵیاندا ئەم ڕۆڵەی پارتی ببینن، بەڵام لە بەغداوە هیچ گرنگیەکیان پێنەدرا، چونکە دەزانن بڕیاری سیاسی لای سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتییە، هەرچەندە ناحەز و داخ لە دڵەکان نایەنەوێت ئەم ئیعترافاتە بکەن، بەڵام هەموو دنیا تەعامول لەگەڵ واقیع دەکەن،واقیعیش لە بوونی پارتی دایە.

*چیتری ئەم هەڵبژاردنە گرینگە؟
_گرنگییەکی تری ئەم هەڵبژرادنە، خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژرادنی کوردستان.

*واتە ڕەسمی ریزبەنی سیاسیی و نەخشەی داهاتوو دیاری دەکات؟
-بێگومان، بەڵێ.

*گوایە پارتی ڕێنمایی داوە کە لە کاتی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هێرشی تووند نەکرێتە سەر لایەنەکانی دی، ڕاستە؟
_ ئێمە هەوڵ دەدەین لەسەرخۆ و بە هێمنی بانگەشەی خۆمان بکەین، هەڵمەتی بانگەشەی ئێمە دوورە لە خروقات و تووندوتیژی و قسەی نەشیاو و یەکتر شکاندن و سوکایەتی بە لایەنی بەرامبەر، ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان لەو دیاردە ناشارستانیانە بپارێزین، وە دەبێت ئیلتیزام بە مانفستۆی پارتی بکرێت و لای پارتی دسپلین هەیە و دەبێ پێگیری پێ بکرێت.

* ئەی وەختێک هێرشتان بکەنە سەر؟
_ بەرگری لە خۆمان دەکەین،بە لۆژیک و ژمارە و داتاوە وەڵامی ناحەزان و ڕکابەرەکانمان دەدەینەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین خۆمان لە سوکایەتی و شکاندن بپارێزین.

* بەڵام زۆر هێرش دەکرێتە سەر پارتی ؟
_بەڵی، زۆر هێرشی ناڕەوا و نادروست دەکرێتە سەرمان، لەم بانگەشەیەدا گوێم لە بانگەشەی لایەنێک بوو، زۆر تەشهیر و سوکایەتی و قسەی گەورە و وەعدی سەیر و سەمەرەی ڕادەگەیاند، دەیگووت: کوردستان دەکەینە مالیزیا و سنگافورە! لە کاتێکدا تۆ سیادەی خۆت نییە و سەربەخۆ نیت، چۆن دەتوانیت ئەوە بکەیت؟! لە کاتێکدا خۆی دژی سەربەخۆیی ئەم میللەتە بوو!.

* کەواتە وەڵامتان هەیە بۆیان؟
_ بە تەئکید وەڵام هەیە بۆ شتە نادروستەکانی ئەوان، بەڵام لای ئێمە سندووقی دەنگدان سەنگی مەحەکە، نەک قسەی چەواشەکاری، یەکەم هەڵبژرادن لەساڵی ١٩٩٢ ئێمە لەگەڵ کێبڕکێ و منافەسە بووین، هەر ئەوەش بووە هۆی دامەزراندنی کیانی سیاسی کوردستان و حکومەت و پەرلەمان.

*پرسیار دەکرێت بۆچی سەرۆک بارزانی تا ئێستا بەشدار نەبووە لە کەمپینەکانی هەڵبژرادن؟
_لە ئێستادا سەرۆک بارزانی بە سەردانێکی تایبەت لە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام بەشدار دەبێت و تەعلیماتیی پێویستیشی بۆ ئەم مەبەستە بە حزب داوە، ئەوە دبینن کە جێگری سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشداری کاریگەریان هەیە لە پرۆسەکەدا، بەم نزیکانەش سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە کوردستان و لە گەڵمان بەشدار دەبێت.

*پارتی کە پێشەنگ بوو لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە بەغدا دەستبەرداری ئەم ستراتیژە نەتەوەییە نابێت؟
_ ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراسی بوو بە ئاشکرا و بە بەرچاوی هەموو دنیا کرا، پرۆسەکە سەرکەوتوو بوو، میللەتیش بە زۆرینەی ئاست بەرز دەنگی لەسەردا، هەموو دنیاش بە ئەنجامەکەی زانی، لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ئێمە تاکیدمان لەوە دەکردەوە، مەسەلەی ڕیفراندۆم تاقیکردنەوەی خواست و ئیرادەی میللەتە، مانای ئەوە نییە، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕابگەیەنین و پەیوەندی لەگەڵ عێراق بپچڕێنین.

* ئەی بۆ کردتان؟
_ ئێمە ناچار کراین ڕیفراندۆم ئەنجام بدەین، بەهۆی ئەو زوڵم و ناعەدالەتییەی دژی خەلکی کوردستان کرا، بە هۆی ئەو ڕەفتارە نادەستورییەی بەرامبەر مافەکانمان دەکرا، ئێستا هەموو دنیا داوامان لێدەکات بگەڕێینەوە بۆ دەستوور کە مافەکانمانی تیا زامن کراوە، ئێمەش هەوڵدەدەین بگەڕێینەوە سەر دەستوور، ئێمە ئەو خەیارەشمان هەیە، بۆیە بەردەوامیدانمان لە بەشداربوونی پرۆسەی سیاسی عێراق هیچ تەناقوسێکی تیا نییە.

* شوێن و پێگەی ڕیفراندۆم چییە؟
_ ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو و وەسیقەیەکی مێژووییە، بەڵام لێکەوتەکانی دوای ڕیفراندۆم، هێرش و شەڕی بەغدا و هاتنە نێو کەرکووک و ئەو ئابڵوقە بوو کە خرایە سەرمان، بەڵام بە هەوڵی حکومەتی هەرێم و سەرۆک بارزانی و هەموو لایەک دۆخەکە تێپەڕی و بەسەرچوو، هاوپەیمانانیش هەڵویستیان هەبوو.

*وەک خۆتان دەڵێن، پارتی هەروا بەو ژمارە قورسە دەمێنێتەوە؟ یان دەنگەکانی لە کورتی دەدەن؟
_ لە ڕاستیدا هیچ لە لایەنەکان بارودۆخیان باش نیە، بەڵام ئەگەر بە ڕێژەیی حوکم بدەین، ڕەنگە حاڵی پارتی لە هەموو لایەنه‌کانی تر باشتربێت، چونکە قاعیدەیەکی ئەمین و خەڵکێکی دڵسۆز و مولتەزمی هەیە، لایەنەکانی تریش هەیانە، بەڵام ئەو تەرەدوودە و سیاسەتەی ئێمە مەکومترە لە خەڵکی تر، ئەمە وایکردووە ڕێژەی پارتی سەوابتی خۆی هەبێت و زیاتر لە هەمووان جێگای باوەڕبێت.

*بەرچاوڕونیتان هەیە وەکو کورد هاوپەیمانی لەگەڵ چ لایەنێکی عەرەبی بکەن دوای هەڵبژرادن؟
_ ئێمە هیچ چەکێک پێش وەخت بەکەس نادەین، واتە چەکی سپی بەکەس نادەین، ئـێمە داخلی هاوپەیمانی دەبین و، بەشدار دەبین لە دانوستانەکانی دوای هەڵبژرادن.

*لە گەڵ کێ دانوستان دەکەن؟
یەکەمجار لە گەڵ لایەنە کوردییەکان، ئینجا عێراقییەکان، پارتی پشتگیری هیچ لایەنێک ناکات، تاکو ئەو لایەنە دان بە هەندێک شتی کۆنکرێتی مەزموون لە مافەکانی گەلی کوردستان نەنێت.

*ئەزموونی ڕابردووتان دووبارە ناکەنەوە؟
_ گەڵیک قۆناغ تێپەڕین، خۆم لە ناو دانوستان و پرۆسەکان دابووم، لە هەندێک وێستگەدا قازانجمان کردووە و لە هەندێکیش زەرەرمان کرد، پارتیش حیزبێکە هەموو کاتێک ئامادەیە مراجەعەی خۆی بکاتەوە و لە زۆر نسکۆ و هەوراز و نشێودا توانیومانە مراجەعەی خۆمان بکەین و بە هێز و سەنگێکی نویوە هەستینەوە. هەڵبژرادن پرۆسەیەکی گرنگە، لەوەش گرنگتر دانوستانەکانی دوای هەڵبژرادنەکانە، دەبێ بزانین لەگەڵ کێ هاوپەیمانی دەکەی و چ زەمانێکت هەیە و بە چ شێوەیەک بەشدار دەبین لە پرۆسەی سیاسی.

* چ پەیامێکت هەیە لە ڕێگای ڕۆژنامەی هەولێرەوە بە لایەنگر و هەوادارانی پارتی بڵێن؟
_ دەمەوێت بڵێم، شەڕی سەختی ئەم هەڵبژرادنە لە هەولێری پایتەخت دەکرێت، لەبەر ئەوە داوا لە هەموو دڵسۆزانی ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی و مەردایەتی دەکەین بەشدارییەکی کارا و ڕێک وپێکیان هەبێت لەم هەڵبژرادنەدا، دەنگ بە لیستی ١٨٤ ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

* بۆچی ڕووی قسەتان لە هەولێرە؟
_ ئاخر هەولێرییە خۆشەویست و بە ئەمەک و دڵسۆزەکان خۆیان دەزانن کێ خزمەتی کردوون و چۆن شارەکەیان گەشەی کردووە و بۆتە گەورەترین مەڵبەندی بازرگانی و گەشتووگوزار لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بیگومان لە ئەنجامی زەحمەتی و کاری دەستەڵاتی پارتی بووە، خەڵکی وەفاداری هەولێر هەموو ئەو ئیشانەیان لە پێش چاوە، وەرە مقاڕنەی هەولێر بە شارەکانی تری عێراق بکەن، ئەوکات هەست بە جیاوازی ئاوەدانی و خاوێنی و بنیادنان و پڕۆژەی ستراتیژی ئەو شارە لە گەڵ شوێنەکانی دی دەکەیت، پارتی لە هەولێر و تەواوی کوردستان خاڵی بەهێزی هەیە.

© 2017 Hawler