تشرینی یەکەم 21, 2020

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بۆ " هەولێر " سەرۆكی فەڕەنسا هانی بەغدای داوە كێشەكانی لەگەڵ هەولێر لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ " هەولێر" دەڵێ، ئیمانوێل ماكرۆن، بەڵێنی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوە، كە هاوكارییەكان و پشتگیری فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی فەڕەنسا كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی پرسەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت، هانی بەغدای داوە كێشەكانی لەگەڵ هەولێر لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات. دەشڵێ، لە بەرژەوەندی عێراقە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن، چونكە حكوومەتی عێراق سەقامگیری سیاسی و ئابووریی بەخۆیەوە نابینێت، ئەگەر سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان نەبێت، جگە لەوەی هیچ وڵاتێك ئامادە نیە هاوكاری عێراق بكات، ئەگەر لەگەڵ هەرێم كێشەكان چارەسەر نەكات.

* فەڕەنسا دەتوانێت چی بۆ هەرێمی كوردستان بكات؟
- پەیوەندییەكانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان، پەیوەندی كۆن و دۆستانەن، دەتوانم بڵێم، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتایی ساڵی نەوەتەكان، كاتێك كە خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعس ڕاپەڕی، فەڕەنسا یەكێك بوو لەو دەوڵەتانەی كە رۆڵی سەرەكی هەبوو لە دروستكردنی ناوچەی ئارام لە هەرێمی كوردستان، هەروەها هاوكار بوو بۆ دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتریش فەڕەنسا لە رێگەی میترانەوە، هاوكاری پەنابەرانی كردووە، كە لە ئەنجامی دوا قۆناغی ئەنفال لە بادینان پەنایان بۆ توركیا برد، ئێستاش لە سەردەمی ماكڕۆن ئەو پەیوەندییانە بەردەوامن، فەڕەنسا بەرژەوەندی لەوەدایە كە عێراقێكی سەقامگیر هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرامبەر بە داعش بوەستێت، هەروەها دەیەوێت وەبەرهێنان لەژێرخانی ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان بكات، دەزانێت پەڕەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەتدا بەبێ ئیستقراری سیاسی و ئەمنی نایەتە دی، ئەگەر كوردستانێكی بەهێز نەبێت لە عێراقدا، پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمایەكی پتەو دانەمەزرابێت ئەو ئیستقرارە سیاسیی و ئەمنییەی كە بۆ نموونە فەڕەنسا دەیەوێت نایەتە دی، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدات هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، دووەم پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمایی دەستوور دابمەزرێت و پەڕەی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی فەڕەنسا بتوانێت بەرژەوەندییەكانی خۆی تا رادەیەكی زۆر لە عێراق بپارێزێت، ساڵی رابردوو كە سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق عادل عەبدولمەهدی، چووە ئەو وڵاتە رێككەوتنامەیەكی ئابووری درێژخایەن و ستراتیژی لەگەڵ ئەو وڵاتە مۆركرد، هەوڵدەدەن پەڕە بەو رێككەوتنامەیە بدەن، هەر وەبەرهێنانێكیش كە فەڕەنسا لە عێراق بكات، یان هەر هاوكارییەكی دارایی و ئابووری بكات، بێگومان هەرێمی كوردستانیش بەشێك دەبێت، فەڕەنسا وەكو دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت، وەكو ماكرۆن بەڵێنی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، هاوكارییەكان و پشتگیری فەڕەنسا بۆ كوردستان بەردەوام دەبێت، بیرمان نەچێت فەڕەنسا بوو لە ساڵی 2017 كاتێك ئەو ئابلۆقە دیبلۆماسییە سیاسییەی خرابووە سەر هەرێمی كوردستان، بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ كۆشكی ئێلیزی و بە شێوەیەكی فەرمی پێشوازی لێكرا، ئەوەش بووە هۆی شكاندنی ئەو ئابلۆقە دیبلۆماسییە سیاسییەی كە خرابووە سەر هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوە فەڕەنسا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە هاوكاری سیاسی و سەربازی، بەتایبەتی لە كاتی گەرمەی شەڕی دژی داعش، فەڕەنسا سەربازی هەبوو لێرە، چەكی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كردووە، مەشقی بە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، لەبەر ئەوە رۆڵی فەڕەنسا لە رابردوو رۆلێكی بەرچاو بووە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ئەو رۆڵە لە داهاتووشدا بەردەوام بێت".

* تا چەند هاتنی ماكرۆن بۆ عێراق كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی پرسەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت؟
- هاتنی ماكرۆن كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی پرسەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت، چونكە عێراق پێویستی بە هاوكاری فەڕەنسایە، پێویستی بە هاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، فەڕەنسا فاكتەرێكی گرنگی ئەو گۆڕەپانەیە، عێراق پێویستی بەوە هەیە كە فەڕەنسا لەرووی سیاسی و دارایی هاوكاری بكات، بەرامبەر بەوەش فەڕەنسا دەیەوێت لە عێراق سەقامگیری سیاسی و ئەمنی هەبێت، فەڕەنسا دەزانێت بەبێ بوونی پەیوەندییەكی باش كە لەسەر بنەمای دەستوور داڕێژرابێت لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەو سەقامگیرییە نایەتە دی، لەبەر ئەوە یەكێك لە تەوەرەكان كە باسی لێوە كراوە ئەوە بووە هانی حكوومەتی عێراقی داوە، كە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چاك بكات و ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا ماون لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات.

* بۆچی سەرۆكی فەڕەنسا زۆر باسی لە دەستێوەردانی دەرەكی كرد كە رۆڵی عێراقی لە ناوچەكە لاواز كردووە؟
- پێش ئەوەی ماكرۆن بێتە بەغدا، رایگەیاند، پاراستنی سەروەری خاكی عێراق یەكێك دەبێت لەو تەوەرانەی كە من لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس دەكەم، بابەتی پاراستنی سەروەری عێراق سێ رەهندی هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە فەڕەنسا حەز دەكات عێراق نەبێتە بەشێكی سەرەكی ئەو ململانێیەی كە لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەیە، عێراق سەربەخۆیی خۆی تا رادەیەك لەو روویەوە بپارێزێت، دووەم عێراق دەوڵەتێك بێت رێگە نەدات ئێران كاریگەری سلبی لەسەر سیاسەت و بەڕێوەچوونی وڵات هەبێت، خاڵی سێیەم هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات كە ئەو هێرشانە بوەستێنرێن بۆ ئەوەی دەستێوەردانی دەرەكی نەمێنێت، چونكە ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و فەڕەنسا پەیوەندییەكی خراپە، بەتایبەتی لەسەر ئەو كێشانەی لە نێوان توركیا و یونان هەن، بۆیە دەیەوێت سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت، واتە دەستێوەردانی دەرەكی كەم بكاتەوە، لە هەمان كاتدا فشار بخاتە سەر توركیا، بۆ ئەوەی هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان بباتە دەرەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە رێگەی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، فەڕەنسا بە رەزامەندی عێراق ئەو كێشەیە بباتە ئەنجوومەنی ئاسایش، بڕیارێك لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەربچێت كە ئاراستەی وابێت توركیا هێزەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان بكشێنێتەوە".

* بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چیت هەیە، پێتوایە ئەمجارە چارەسەر بن؟
- لە بەرژەوەندی عێراقدایە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكات، ئەو كێشانەی كە هەن هیچی لە دەرەوەی دەستوور نیە، هەمووی لە ئەنجامی جێبەجێ نەكردنی دەستوورەوە دروست بوونە، دەستوور گەورەترین یاسای وڵاتە، حكوومەتی عێراق پێویستە دەستوور جێبەجێ بكات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرا، ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن نامێنن، یان كەم دەبنەوە، دەبێت حكوومەتی عێراق بزانێت، ئەو وڵاتە سەقامگیری سیاسی و ئابووریی بەخۆیەوە نابینێت ئەگەر سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان نەبێت، بۆیە لە بەرژەوەندی ئەوانە و لە هەمان كاتیشدا لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە، كە كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن، وەكو پارتی گەشبینین كە سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی، تا رادەیەك لەوروویەوە هەنگاوی ئیجابی ناوە، چ وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چ وەكو پارتی پشتگیری لە كازمی دەكەین بۆ ئەوەی ئەركەكانی جێبەجێ بكات، ئەویش زۆر چاك دەزانێت ئەگەر كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر نەكات هەم بۆشایی ئەمنی لە عێراق دروست دەبێت، هەم ناتوانێت ئەو هاوكارییە نێودەوڵەتییەی كە عێراق پێویستی پێیەتی بەدەست بهێنێت، هیچ وڵاتێك ئامادە نیە هاوكاری عێراق بكات، ئەگەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان كێشەكان چارەسەر نەكات".

© 2017 Hawler