ئاب 15, 2020

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ هەولێر دەدوێت

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان د.محەمەد شوكری، چەندین بەرپرسیارەتی هەبووە و توانیوویەتی ڕۆلێكی بەرچاو بگێڕێ لە خزمەتی هاووڵاتیان، ڕۆژنامەی هەولێر دیمانەیه‌كی لەگەڵ ناوبراو ئەنجام دا.
پاش سوپاس و بەخێرهاتن کردنمان، بەمشێوەیە هاتە وەڵام و گوتی: ئەوەی گرنگە لێرە باس بكرێ، دەستەی وەبەرهێنان دەستەیەكی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئابووری لە كوردستان هەر وەك خۆتان لە پێشەكیدا باستان لێوە كرد، چونكە هەموو حكومەت لەلایەك ئیش دەكات بۆ خزمەتی هاووڵاتیان، دەستەی وەبەرهێنانیش ئیش دەكات بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت بە هاوتەریبی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئابوورییەكی ساغلەم بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكرێ، لە قۆناغی داهاتوودا هەرێمی كوردستان پشت بە كەرتی دیكە ببەستێ بۆ دروستكردنی بودجە و داهات و خەرجی بۆ خەڵك بۆ ئەوەی بتوانرێ درێژە بە بازاڕ بدرێ تا ئەو ناڕێكیە لە بازاڕ نەمێنێ، بێگومان دەستەی وەبەرهێنانیش بە هەموو ئەو دەزگایانەی كە تایبەتن بە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت كە ئێمە لەگەڵ وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و پیشەسازی هەموو پێكەوە دەتوانین كارێك بكەین بۆ بەرەوپێش بردنی كەرتی تایبەت و تەنویع كردنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان، ئێمە ماوەی چەند مانگێكە لەو دەستەیە دەوام دەكەین، بڕیاری یەكەممان ئەوە بووە پێویستە لە دەستەی وەبەهێنان، نەخشەی وەبەهێنانمان هەبێ كە بریتیە لە ماستەرپلانی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان و دروستكردنی ئەولەویاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پڕۆژەكانی داهاتوو و دانانی لەسەر نەخشە و ئیعلانكردنی بۆ وەبەرهێنەرانی ناوەوە و دەرەوە بۆ ئەوەی ئیشی لەسەر بكەن تا لە قۆناغی یەكەمدا ئەو پڕۆژانە دەست نیشان بكەین كە قوورسایی ئابووریان هەیە و دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ كەرتی گەشەسەندنی ئابووری لە داهاتوودا لە هەموو شارەكاندا هەر لە گووندەوە تا دەگاتە شاری گەورە، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێمە داوامان لە هەموو وەزارەت و پارێزگار و قائیمقامیەت و ناحیە و ئەوانە كردوە كە وەحدەی ئیدارییان هەیە بۆ ئەوەی پلانی 10 ساڵمان بدەنێ هەر لە ساڵی (2020 تا 2030) تا ئێمە ئەو پلانە بخەینە سەر نەخشە و ساڵانە نوێ بكرێتەوە هەر لە پڕۆژەی كشتوكاڵیەوە بگرە كە ئێمە گرنگی زۆری پێ دەدەین لە قۆناغی داهاتوو تا دەگاتە پڕۆژەی پیشەسازی تا ئێمە كوردستان بكەینە بنكەیەكی ئابووری پیشەسازی بەهێز لەو ناوچەیە، چونكە ئێمە پێداویستیەكانمان هەیە لە زەوی و دەستی كرێكار و مەوادی خام، جگە لەوەی پەیوەندی باشیشمان لەگەڵ وڵاتاندا هەیە.

دروستكردنی سیستەمی یەك پەنجەرەیی
هەر لە درێژەی پرسیار و وەڵامەكاندا د. محەمەد شەكری گوتی: لە قۆناغی دووەمدا كە ئێمە دەستمان بۆ بردووە بریتیە لە دروستكردنی سیستەمی یەك پەنجەرەیی، خۆشبەختانە لە دوو هەفتەی ڕابردوو لە ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بڕیاری لەسەر دراوە، بۆردێك لێرە دروستكراوە بە هاوبەشی ئەو هەموو فەرمانگانەی كە پەیوەستن بە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان وەكو ئێمە، ئەو بۆردە لە دوو هەفتەی داهاتوو دەكەوێتە بواری جێیەجێكردن، بەرنامەكە ئەوەیە كە ئێمە بتوانین ئەو ماوە درێژەی پێدانی مۆڵەتێكی وەبەرەهێنان كە زۆر جار لە شەش مانگ تا سێ ساڵ و چوار ساڵی خایاندووە، لە قۆناغی یەكەم بكەینە نێوان ڕۆژێك تا 30 ڕۆژ، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا بتوانین بە چەند سەعاتێك مۆڵەتێكی وەبەرهێنان بدەین، بێگومان ئەگەر دەرفەتی وەبەرهێنانی حازرمان هەبوو زەوی بۆ تەرخان كرابوو پێشتر ڕەزامەندی بۆ وەرگیرابوو ئێمە دەتوانین زۆر بە ئاسانی وەبەرهێنەری باشی بۆ دەست نیشان بكەین، ئەو دوو خاڵە دەرئەنجامی ئەوە دەبن كە ڕۆتین كەم دەبێتەوە، كە ڕۆتینیش كەم بێتەوە بێگومان گەندەڵی كەم دەبێتەوە و نامێنێ.

ئەولەوەیەتی سەرەكی ئێمە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوورییە
سەبارەت بە ئەولەویەتی كارەكانیان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، گوتی: بایەخی یەكەممان لە ئیشو كارەكاندا هەروەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند و لە كارنامەی حكومەت ئاماژەی پێكرد، یەكەم قۆناغ لە ئەولەویەتی سەرەكی ئێمە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستانە، ژێرخانیش بە ڕێگاوبانی باش دەكرێ، بە دروستكردنی پردی باش و گەورە دەكرێ بۆ زیادكردنی ئاو و گلدانەوەی ئاو كە دەبێتە پاڵپشت بۆ كەرتی پیشەسازی و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ، دواتر دروستكردنی ڕێگای خێرا لە نێوان شارەكان بۆ باشتر هاتووچۆكردنی خەڵك، پاشان كەرتەكانی دیكەی وەك پیشەسازی و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ، كە دەبێ ئەو سێ كەرتە لە داهاتوودا داهاتیان فراوان ببێ بۆ ئەوەی حكومەت پشت بەستن بە نەوت و داهاتی نەوت كەم بكاتەوە، چونكە ئەو سێ كەرتە داهاتی بەردەوامت دەدەنێ، بەبێ ئەوەی كاریگەری دەرەكیان لەسەر بێ، ئێمە خۆشبەختانە لە كوردستان كەشو هەوایەكی باشمان هەیە، چیای زۆر جوانمان هەیە، ناوچەی گەشتیاری باشمان هەیەن چوار وەرزی دیایكراومان هەیە، بۆ چاندنیش دەتوانین سوود لە تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو وەربگرین، دەبێ ئەوەش بزانین كە ئێمە هیچمان كەمتر نیە لە وڵاتانی دەوروبەری خۆمان، بۆچی ئێمە شت لە دەرەوە بهێنین لە كاتێكدا ئێمە دەتوانین خۆمان بەرهەمی بهێنین، بۆیە لە داهاتوودا دەبێ ئەوەی ئێمە دەیخۆین خۆمان بەرهەمی بهێنین و بۆ كەرتەكانی دیكەش بە هەمان شێوە.

کارئاسانكارییەكانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەران
كاتێك پرسیاری ئەوەمان ئاراستەی كرد کە چ ئاسانكارییەك پێشكەش بە وەبەرەهێنەران دەكەن بۆ بەردەوام بوونی پڕۆژەكانیان؟ گوتی: هەروەك سەرۆكی حكومەت لە چەند پانێڵێك باسی ئەوەی كردووە كە فەرمانبەرانی حكومەت خزمەتكاری خەڵكن، ئێمەش لە دەستەی وەبەرهێنان بە هەموو فەرمانبەرانی دەستەم گوتووە هەر لە گەرمیان تا دەگاتە دهۆك، كە دەستە دروست بووە لە پێناو ئاسانكاری بۆ ڕەوشی وەبەرهێنان لە كوردستان، بۆیە دەبێ ئێمەش هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بكەین تا بتوانین جەزبی وەبەرهێنەر بكەین تا بتوانن ئەو پارەیەی هەیانە بیهێنن لە پڕۆژەكان خەرجی بكەن لەو حاڵەتە حكومەت و وەبەرهێنەر و خەڵكیش سوودمەند دەبن.

ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
هەر لەو ڕۆژەی مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خواردوە و كارنامەی حكومەتی ڕاگەیاندووە، ڕێنمایی سەرەكی ئەوە بووە بە دڵسۆزی خزمەتی خەڵك بكرێ بێ ئەوەی هیچ ئەرك و تەكلیفێك لەسەر خەڵك بكەوێت، ئێمەش لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێنماییەوە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە كاردەكەین، هەروەها ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و كۆمەڵێك لە ڕاوێژكارانی ڕاگەیاندن كۆبووینەوە بۆ ئەوەی سەنتەرێك دروست بكەین بەناوی (سەنتەری میدیا و تەرویج) ئەگەرچی ئێمە بەشێكی بچووكمان هەیە كە پێی دەڵێن ( تەرویج كرۆكۆشن) ئەو سەنتەرە فراوانتر دەكەین و دەیكەینە سەنتەرێكی تایبەت بە میدیا و تەرویج و پەیوەندییە گشتیەكان، ئامانجیشمان لەوەدا ئەوەیە لە قۆناغی داهاتوودا نەك بە تەنیا لە هەرێمی كوردستان جەزبی وەبەرهێنەران لە ناوەخۆ بكەین، بەڵكو بتوانین لە دەرەوەش جەزبی وەبەرهێنەری فیعلی بكەین كە بێن لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن.

© 2017 Hawler