کانونی یەکەم 05, 2019

د. ناسر هەركی: تا 27ی مانگ ئەنجوومەنی نوێنەران كۆنابێتەوە

د. ناسر هەركی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیدارێكدا لەگەڵ هەولێر دیاركرد، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كە ماون دەبێت رێككەوتن لە نێو لایەنەكاندا بكرێت، تا 27ی مانگ پەرلەمان كۆ نابێتەوە، تا ئەو كاتەش دەبێت لیژنەكانی پەرلەمان یەكلا بكرێنەوە. دەشڵێ، فراكسیۆنە كوردستانییەكان چاویان لە وەرگرتنی سەرۆكایەتی پێنج لیژنەیە، پارتیش داوای سەرۆكایەتی دوو لیژنە و دوو جێگر و دوو بڕیاردەر دەكات.

یەكلاكردنەوەی ئەو چوار وەزارەتەی كە ماون زۆر زەحمەتە 
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، یەكلاكردنەوەی ئەو چوار وەزارەتەی كە ماون زۆر زەحمەتە، شیعەكان زۆر زەحمەتە لەنێو خۆیاندا بگەنە رێككەوتن، جگە لەوەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەردەدەن، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كە ماون دەبێت رێككەوتن لە نێو لایەنەكاندا بكرێت.

تا 30/6 كورد هەموو پۆستەكانی لە بەغدا وەردەگرێتەوە 
هەركی، روونیشیكردەوە:" هەندێك بریكاری وەزارەتەكان و هەندێك پۆستی دیكە هەن بەشی كوردن، بەڵام تا حكوومەت بە تەواوەتی تەشكیل نەكرێت ئەو پۆستانە یەكلاناكرێنەوە، پارتی هەر لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندووە كە ئەمجارە لە ئیستحقاقی خۆی خۆش نابێت و هەموو ئەو پۆستانە وەردەگرێتەوە كە بەشی پارتینە، لەگەڵ ئەوەی پەرلەمان بڕیاری داوە ئەو شوێنانەی كە بە وەكاڵەت بەڕێوەدەبرێن، یان بەتالن دەبێت تا 30/6 یەكلا بكرێنەوە، بۆیە لە دوو مانگی داهاتوودا هەم ئەو چوار وەزارەتەی كە ماون یەكلا دەكرێنەوە، هەمیش ئەو بریكار و پۆستانەی كە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن یەكلا دەكرێنەوە، لەو كاتەش كورد هەموو ئەو پۆستانە وەردەگرێتەوە كە بەشی كوردن.

ئەنجامەكان رادەگەینرێن 
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەوەشكردەوە:" بۆ گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال و نەمانی هێزە نایاساییەكان لەو سنوورە پێشتر لیژنەیەك لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان پێكهاتبوو، منیش ئەندام بووم لەو لیژنەیە، دوای سەردانی كردنی پارێزگاری مووسڵ و ئیدارەی شەرعی شنگال و خەڵكی ئاوارەبووی ئەو شارۆچكەیە ڕاپۆرتی خۆمان تەواوكردووە داومانەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، پاش دیراسەتكردنی ئەو ڕاپۆرتە ئەنجامەكان رادەگەینرێن.

فراكسیۆنە كوردستانییەكان چاویان لە وەرگرتنی سەرۆكایەتی پێنج لیژنەیە
لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەبوو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان هەفتەی رابردوو یەكلاكرابانەوە، بەڵام ناكۆكی فراكسیۆنەكان رێگربوو لە یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە.
بەشێك لە فراكسیۆنەكان لەگەڵ رێككەوتنن بەر لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكان، بەشێكیشیان داوادەكەن بەپێی شایستەی هەڵبژاردن سەرۆكایەتی لیژنەكان دابەشبكرێن.
لەكۆی 22 لیژنەی هەمیشەیی، فراكسیۆنە كوردستانییەكان چاویان لە وەرگرتنی سەرۆكایەتی پێنج لیژنەیە، دوو لەو لیژنانە سیادین، لەوانە نەوت و وزە و یاسایی، بەڵام تاوەكو ئێستا فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەنێوخۆیاندا یەكگرتوو نین.
نزیكەی ساڵێكە دەستەی سەرۆكاتی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە بەڵام بەهۆی ناكۆكی كوتلەكانەوە نەتوانراوە پرسی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكان یەكلابكرێنەوە، هەر ئەوەش وایكردووە لیژنە هەمیشەییەكان تاوەكو ئێستا لە لایەن بە تەمەنترین كەسی نێو لیژنەكانەوە سەرۆكایەتی بكرێن. هەر لەم بارەوە د. ناسر هەركی، راگەیاند:" بۆ یەكلاكردنەوەی لیژنەكانی ناو پەرلەمان دوو پێشنیاز هەنە، یەكەم ئەوەیە كە هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی لیژنەكان بكرێت، ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، ئەو كات كورد زەرەر دەكات و ڕەنگە نەتوانێت سەرۆكی هیچ لیژنەیەك وەربگرێت، بۆیە بۆ ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان رێككەوتن بكرێت لەسەر سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان باشترە، لەو كاتە كورد دەتوانێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن ئەوەی بەر كورد دەكەوێت وەربگرێت، وەكو كورد داوای سەرۆكایەتی پێنج لیژنەی پەرلەمان و پێنج جێگر و پێنج بڕیاردەری لیژنەكانمان كردووە، وەك پارتیش داوای سەرۆكایەتی دوو لیژنە و دوو جێگر و دوو بڕیاردەرمان كردووە، بەڵام تا ئێستا هەر سێ لیژنەی ئاسایش و بەرگری، نەزاهە و یاسایی، رێككەوتن لەسەر ئەو سێ لیژنەیە نەكراوە، ئەگەرنا لیژنەكانی دیكە ڕەنگە ئاسان بن و فراكسیۆنەكان لەسەر ئەو لیژنانە بگەنە ڕێككەوتن، تا 27ی ئەم مانگە پەرلەمان كۆنابێتەوە، تا ئەو كات دەبێت لیژنەكان یەكلا بكرێنەوە.

فراكسیۆنی پارتی داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەكان دەكات
پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێ:" چ وەكو فراكسیۆنی پارتی چ وەكو لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو پێشمەرگانە دەكەین، بۆ ئاشكرا بوونی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەكان دوو نووسراومان بۆ وەزارەتی داد و دەزگای حەشدی شەعبی كردووە، كە زیندانەكانی حەشدی شەعبی جیانە چاوەڕوانی وەڵامی هەر دوو نووسراوەكە دەكەین بۆ ئەوەی دەست بە گەڕان و بەدواداچوون بكەین، بۆ ئەوەی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەكان بزانین، هەر زانیارییەك لەسەر ئەو پێشمەرگە دیلانە بزانین دەدەینە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە، بۆیە كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكان دڵنیا دەكەینەوە كە لە بەدواداچوونەكانی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو پێشمەرگانە بزانین".

© 2017 Hawler