ئەم پەڕەیە چاپ بکە

شەڕی بەوەکالەت

ڕێبین ڕەحیم

 

٭بەهاری عەرەبی پریشکی هەڵگیرسانی جەنگێکی ماڵوێرانکەربوو کە لەدووی خۆی زەلکاوێکی بۆ ناوچەکە جێهێشت.
٭سروشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام وەهابووە کە هەموو سەری سەدەیەک وڵاتانی زلهێزی دوونیا بەجۆرێک دەستیان بەسەردا گرتوەتەوەو جارێکی دیکە خێر و بێرەکەیان بۆخۆیان دادۆشیوە.
٭ئەم کۆمەڵە سەرکردە تاکڕەو و ملهوڕەی کە زیاد لە چەند دەیەیەک بوو لەسەر کورسی دەسەڵات بوون لەم ناوچەیە پێویست بوو لاببرێن، چونکە لە چوارگۆشەی بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاواییەکان دەرچووبوون بۆیە بەم پریشکی ئاگرە گڕیان لەکورسی زۆرێک لەدەسەڵاتداران ئەم وڵاتانە بەردا و ئەجێندا تازەکەی خۆشیان جێبەجێکرد.
٭لەدەستپێکی ئەم ئاریشە و گرفتانەدا وڵاتانی زلهێز و سوپەر پاوەری دەستیان بەجێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆیان کرد.
ئەوەی دۆخی ئەم ڕووداوانەی گۆڕی کۆتایی هێنان بوو بە سیستمی تاک جەمسەری یاخود ئەوەی کەپێی دەورێت سیستمی تاک دەسەڵاتی ئەمریکا.
٭لەم ڕووداوانە ورچە سپیەکە (ڕووسیا) جارێکی دیکە هاتەوە نێو گۆڕەپانەکە و لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتیەکی (ڕووسیا+ئێران) لەدوورمەوداشدا (صین) خۆی دەرخستەوە و کێشەی بۆ ئەجێندای ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەناوچەکە دروستکرد بەجۆرێک کە ئێستا بەرەی ئەمریکی لەبەرەی ئێرانی ڕووسی لاوازترە.
٭لە حەوت ساڵی ڕابردوودا کوشتارگە و قەتڵ و عامی میلەتانی ناوچەکە بۆ تەصفیە حساباتی ئەم زلهێزانە بووە هەربۆیە تا ئەم چرکەساتەش هەموو ئەو کۆڕ و کۆنفڕانسانەی کە کراون هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە و شەڕ و دیمەنی کوشتارگەی مرۆڤە بێتاوانەکان بەردەوامی هەیە.
٭درێژەکێشانی دۆخی ململانێی جیهانی و ناوچەیی و دەرخستنی هێز و توانای وڵاتانی هاوبەش لەم مەجزەرە مرۆڤ کوژیەدا واخەریکە دەمانباتە نێو گەمەیەکی دیکە کە ئاگرەکەی زۆر گەورەتر و مەترسیدارتر دەبێت و تەنها لەنێو خاکی سوریادا نامێنێتەوە
٭شەڕی عەفرین سەرەتای هاوپەیمانیەتیەکی نوێیە لەنێوان(تورکیا+ڕوسیا+ئێران) ئەم بلۆکە دژی بلۆکی ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکانە و لەحەوت ساڵی ڕابردوودا ڤیتۆی ڕووسی ئەسەدی لەکەوتن پاراستووە ڕووسیا عەفرینی چۆڵکرد بۆتورکیا لەبەرامبەر کشانەوەی وەلائی تورکی بۆ بلۆکی ڕووسی تورکیاش لەبەرامبەردا شەڕی پەل و پۆکانی پەکەکە لەناوچەکە دەکات و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە پێگەی خۆی بەهێزتربکات وە ئەمنی قەومی خۆی زیاتر بپارێزێت جگە لەوەش تورکیا بەم وەرچەرخانە کارتێکی دیکەی فشار دژی ئەمریکا و ناتۆ بەکاردەهێنێت ئەگەر ئەوان تورکیا هەر لەپەراوێزدا بهێڵنەوە ئەویش جموجۆڵی خۆی دەبێت.
کە ڕەنگە سەرەنجام ئەو پاڵپشتیەی تا ئەم چرکەساتە ئەمریکا بۆ کودستانی ڕۆژئاوای هەیە بگۆڕێتەوە بە گەڕانەوەی وەلائی تورکیا بۆ ناتۆ و بلۆکی ئەمریکی
ئەمڕۆ هەلیکۆپتەرێکی تورکی بەچەکی ئەمریکی لەلایەن چەکدارانی یەپەگەوە خرایە خوارەوە واتە لێدان لە هاوپەیمانە تازەکەی ڕوسیا.
لەخاکی سوریا و بەچەکی ڕووسی تەیارەیەکی ئیسرائیلی کەلەجۆری (f16)ئەمریکیە خرایە خوارە کەواتە ئێستا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە ئەم شەڕەی لەناوچەکەدا هەیە شەڕی بەوەکالەتە نەک شەڕی ڕاستەقینەی شەڕکەرەکان.