ئەم پەڕەیە چاپ بکە

جیاوازی مامەڵەی ئۆباما و ترەمپ بەرامبەر هاوپەمانانی ئەمریکا

ئەردەڵان هەڵەبجەیی

 

هەڵسەنگاندن و جیاوازی کردن لە نێوان ئیدارەی ئۆباما و ترەمپ لە هەمبەر هاوپەیمانەکانی بەگشتی و وڵاتانی ئیسرائیل و سعودیە بەتایبەت لە ناوەندە ئەکادیمیەکانی ئەمریکا جێگای گرنگیە،گەرچی چاوەڕوانیەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ هەماهەنگی و پشتیوانی لە لایەن ئەمریکاوە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ترەمپ زیاتر بوو لە سەردەمی ئۆباما،بەڵام وێڕای لێدوانە توندەکانی ترەمپ دژی ئێران و پاراستنی هاوپەیمانەکانی تا هەنوکە لێدوانەکان نەبونەتە کردارو جیاوازیەکانی نێوان ترەمپ و ئۆباماش هێندە نەبوون کە تل ئەبیب و ڕیاز چاوەڕێیان دەکرد،چونکە پەلکێشیەکانی ئێران لە سەردەمی ترەمپ زیاتر بووە تا سەردەمی ئۆباما،لەو ڕووەوە دینیس ڕووس نێردەی پێشوی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاوێژکار لە پەیمانگای واشنتن وای دەبینێت کە جیاوازی ترەمپ و ئۆباما بەرامبەر ڕێگری کردن لە پەلکێشیەکانی ئێران ئەوەیە ئۆباما دەیویست ئێران لە بازنەی کێشە دروستکەرەوە بباتە بازنەی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،بەڵام ترەمپ ئێران وەک دوژمن و سەرچاوەی کێشەکان دەبینێت.
لە ڕاستیشدا ئەو جیاوازیانە لە هەنگاوەکانی ئۆباماو ترەمپ جگە لە لێدوانەکان،لە پرسی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوونن،کە تڕەمپ هەموو هەوڵەکانی خستۆتەگەر بۆ گۆڕینی خاڵەکانی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە،لەو ڕووەشەوە بەپێی گۆڤاری فۆڕین پۆڵیسی foreign police ترەمپ توانیویەتی ڕەزامەندی فەڕەنساو بەریتانیا بەدەست بهێنێت،بەڵام ئەو هەنگاو لێدوانانە هێشتا جێگای ڕەزامەندی سعودیەو ئیسرائیل نین،چونکە بەبەرچاوی ترەمپەوە حوسیەکان بە موشەکی ئێرانی سعودیە دەکەنە ئامانج و گواستنەوەی بارهەڵگرە پڕ لە چەکەکانی ئێران لە ڕێگای سوریاوە بۆ حوسیەکان درێژەی هەیە لە کاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بڕیاری ٢٢١٦ و 2231 ئەو کارەی ئێرانی قەدەغە کردووە،لەو لاشەوە میلیشیاکانی حزبوڵاو حەشد لە خاکی سوریاو گروپە چەکدارە فەلەستینیەکان لەسەر سنورەکانی نزیک ئیسرائیلن و ئەمریکاش بێدەنگە.
دەکرێت ئەو بێدەنگیەی ئیدارەی ترەمپ بە دوو شێوە بخوێنینەوە،یەکەمیان گومانی ڕێکەوتنی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا تایبەت بە پرسی سووریاو دوومیش ئەوەیە ترەمپ دەستی هاوپەیمانەکانی وەک سعودیەو ئیسرائیلی واڵا کردبێت بۆ لێدانی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران،هەر ئەوەشە وایکردوە ناوە ناوە سعودیەکان لەناوخاکی یەمەن لە حوسیەکان بدەن و ئیسرائیلیش بەردەوام بێت لە لێدانی پێگەکانی ڕژێمی سوریاو ئێران لەناو خاکی سوریا،گومان لەوەشدا نیە هێرشەکانی ئیسرائیل بە ئاگاداری ڕوسیاو ڕەزامەندی ئەمریکایە چونکە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بنیامین ناتانیاهۆ حەوت جار لە کرملن لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتن لەسەر ڕۆڵی ئێران لە سوریا کۆبۆتەوە.
وێڕای پشتیوانی و ڕاوێژو فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی پێشکەوتو پێدانی زانیاری هەواڵگری بە سعودیەو ئیسرائیل بەڵام نیگەرانی ئەو دوو وڵاتە لە هەمبەر ئەمریکای سەردەمی ترەمپ نەڕەویوەتەوەو پێیان وایە جیاوازی نێوان ئۆباماو ترەمپ هێند زۆر نیەو هەر ئەوەش وایکردووە تل ئەبیب و ئیسرائیل لە بری چاوەڕوانی هەنگاوەکانی ترەمپ،خۆیان بکەونە کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێیان وایە وتەکانی ترەمپ هێشتا نەبونەتە کردارو تەنها لە چوارچێوەی فشاری سنورداری ئابوریدان.