شوبات 19, 2020

که‌سێک ماڵی خۆی ڕاده‌ستی دوژمن بکات، چۆن به‌رگری له‌ماڵی براکه‌ی ده‌کات؟!

سیامەند سیلکی

 

پێمان گوتن ئێوه‌ که‌ بۆ له‌باربردنی ده‌رفه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوونه‌ هاوکار و هاوڕا و هاوبیری داگیرکه‌ر و به‌خیانه‌ت که‌رکوکتان ڕاده‌ستی دوژمن کرد. هه‌رگیز ئه‌هلی ئه‌وه‌نین وه‌کو هێزی پشتیوانی بچنه‌ عه‌فرین، هه‌رگیز ئێوه‌ شایەنی ئه‌وه‌نین پێ بخه‌نه‌ سه‌ر خاکی عه‌فرین، هه‌رگیز کوڕ و کچانی سه‌ربه‌رزی عه‌فرین چاویان له‌وه‌ نیه‌ کۆمه‌ڵێک خیانه‌تکار و خاڵی له‌هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌هانایانه‌وه‌ بچن، به‌ڵام ئه‌وان وه‌کو پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان و به‌ده‌ست له‌پشتدانی ئاغاکانیان و بۆ به‌لاڕێدابردنی خه‌ڵک هه‌وڵیاندا به‌رخودانی قاره‌مانانه‌ی عه‌فرین بۆ مه‌رامه‌ گڵاوه‌کانیان به‌کار بێنن. به‌و نیه‌ته ‌و بۆ ئه‌و ئامانجه‌ که‌ تێکدانی بارودۆخی هه‌ولێر بوو. به‌پێ له‌سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر به‌رێکه‌وتن، به‌ڵام به‌ وشیاری هێزه‌کانی ئاسایش ئه‌و پیلانه‌ گڵاوه‌یان هه‌ر له‌ بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌ پوچه‌ڵکرایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ مزایده‌چیه‌کانی سه‌ر به‌هێزه‌کانی سلێمانی و (پ ک ک)، ده‌ستیان به‌ته‌پڵ لێدان کرد و گوتیان ئێمه‌ ویستمان هێزی پشتیوانی ڕه‌وانه‌ی عه‌فرین بکه‌ین، به‌ڵام پارتی ڕێگری کرد! بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی ساویلکه‌ بڕوا به‌و ئیدعا پڕوپوچه‌یان نه‌کات ئه‌مڕۆ به‌یانی ئاسایشی هه‌ولێر، کۆمه‌ڵێک پاسی ڕه‌وانه‌ی بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌ کردوه ‌و هه‌تا ئێستاش پاسه‌کان له‌وێن . ئه‌و پاسانه‌ بۆ ئه‌وه‌ن تا ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ ئیدعای ده‌کرد به‌پێ ده‌چنه‌ عه‌فرین، سواری ئه‌و پاسانه‌ ببن و به‌ره‌و عه‌فرین به‌رێ بکه‌ون. واته‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌پێ و ده‌یان ڕۆژ به‌ڕێوه‌بن. به‌سواری پاس و به‌چه‌ند کاتژمێرێک ده‌گه‌نه‌ عه‌فرین. جگه‌ له‌مه‌ هێزه‌کانی ئاسایش له‌ دێگه‌ڵه‌وه‌ هه‌تا ده‌روازه‌ی سێمالکا پارێزگاریان ده‌که‌ن و سه‌لامه‌تییان ده‌پارێزن، به‌ڵام هه‌تائێستا یه‌ک که‌سیش له‌و مزایده‌چی و پیلانگێڕانه‌ ئاماده‌ی خۆی ده‌رنه‌بڕیوه‌ تا به‌سواری پاس ڕه‌وانه‌ی عه‌فرین بکرێن. به‌ڵێ که‌سێک به‌خیانه‌ت ماڵی خۆی ڕاده‌ستی دوژمن بکات، هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ ناکرێت به‌رگری له‌ماڵی برا و دراوسێکانی بکات . یان که‌سێک بۆ له‌ده‌ستدانی دایکی نه‌گریابێت، قه‌د بۆ له‌ده‌ستدانی خوشکیشی ناگرێت. 

© 2017 Hawler