شوبات 19, 2020

ئه‌وه‌ش به‌غدا و عه‌بادییه‌كه‌ی ئێوه‌!

سامان حه‌مه‌ده‌مین

 

ناسینی به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌ر له‌عه‌بادی و پێشینه‌كانی تر پێویست به‌ دیاركردنی یه‌كه‌ یه‌كه‌‌یان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان ناكات، ده‌رهه‌ق به‌ پرسی كورد به‌ گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، له‌ مانگی ڕابردوو له‌ كونگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی داڤۆس عه‌بادی به‌ ڕاشكاوی به‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، گوتبوو كێشه‌كانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان پێشینه‌ی مێژوویان هه‌یه‌، واتا به‌ڕاشكاوی ئاماده‌ی چاره‌سه‌ری كۆی ئه‌و پرس و كێشانه‌ی نه‌بووه‌ له‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا هه‌موو هه‌وڵی عه‌بادی بۆ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراقه‌، له‌گه‌ڵ له‌ باربوونی دۆخی ئێستای ئاشتی و رێككه‌وتن، ئه‌و هه‌ر ئه‌و وێنانه‌ ده‌بینێ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ پێشێلكارییه‌كانی به‌غدا بۆ كوردستانیان هه‌بووه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دوور له‌ وه‌ڵامی مجامه‌له‌ی دبلۆماسی ئه‌گه‌ر له‌ كه‌سایه‌تی عه‌بادی بپرسی ڕوانینت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی به‌غدا و هه‌رێم چییه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی كۆمه‌ڵێك دروشم و ده‌سته‌ واژه‌ی ڕێکلامییه‌ وه‌كو چۆن خۆی له‌سه‌ر ڕاهێناوه‌، بۆ به‌هێزكردنی پایه‌ و ناوبانگی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، واتا وه‌ڵام و كار و هه‌نگاوه‌كانی هیچ بنه‌مای ڕێككه‌وتن و ئاشتی لێ به‌دی ناكرێت و ته‌نانه‌ت درێژه‌ش به‌ پێشێلكارییه‌كانی ده‌دات ئه‌و ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستیانه‌ش ڕای گشتی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی پشتگیری له‌ ئاشته‌وایی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ره‌كان به‌ره‌و بچووكردنه‌وه‌ی كورد و پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ده‌بات، كه‌ چۆن خراپتر له‌ سوننه‌ به‌سه‌ر كورد بهێنێ، ئه‌مه‌ و چه‌ندین پێشێلكاری تریش له‌ هه‌ڵوێستی عه‌بادی هه‌بووه‌، كه‌ ملكه‌چی هیچ داوا و ماف و ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌رێك نه‌بێت ئه‌وه‌ی بیكات به‌ ڕاست و چاره‌سه‌ری بزانێ، وه‌كو ئه‌و دۆخه‌ی ئێستای به‌سه‌ر كوردستانی داهێناوه‌،كه‌واته‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك عه‌بادییه‌كه‌ی ئارایشتی ئاشتی و ڕێككه‌وتن و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوری بۆ ده‌كرا پێچه‌وانه‌ی خۆی بوو! به‌ تایبه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ناو په‌رله‌مان پشتگریان ده‌كرد و سه‌ردانی تایبه‌تیان ده‌كرد هیچی لێبه‌رهه‌م نه‌هات!، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ ئێستاوه‌ بۆ داهاتوو هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌هۆڵ كوتی عه‌بادی و ڕێككه‌وتن و یه‌ك پارچه‌یی عێراق بوون له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ خۆیان بسه‌نگرێنه‌وه‌ و هه‌تا ڕاده‌یی به‌خۆداچوونه‌وه، كه‌ به‌غدا ئه‌و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ نییه‌ به‌ عه‌بادی و هاوشێوه‌كانی بڕوای ته‌واویان به‌ ماف و ده‌ستورێك هه‌بێت داهاتووی هه‌موومانی تێدا پارێزراوبێت به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی پێكهاته‌كانی عێراق بسازێنێ، بۆ عه‌بادی و ڕای گشتی نێوده‌وڵه‌تیش یه‌كبوونی ناوه‌خۆی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان گرنگه‌، ئه‌و گرنگییه‌ زۆر ده‌مێكه‌ باسی لێوه‌ ده‌كرێ، كه‌ ده‌ڵێن یه‌كبوون و یه‌كڕیزی واتا ئه‌نجام و چاره‌نووسی هاوبه‌ش، نه‌وه‌كو هه‌ندێكیان جیاوازی نه‌كه‌ن له‌ نێوان دۆستایه‌تی لایه‌نێكی كوردی و عه‌بادی! چونكه‌ عه‌بادی دۆستی ئێستاش بێت له‌به‌ر پایه‌ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی نه‌یاری داهاتووه‌، وه‌كو هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌ شوڤێنیانه‌ی كورد به‌ پله‌ دوو ده‌زانن عه‌بادیش هاوشێوه‌ی ئه‌وانه،‌ په‌روه‌رده‌ی هه‌مان كلتور و باوه‌ڕه‌، هه‌ر چه‌ند سه‌رۆك بارزانی له‌ ماوه‌ی بانگەشه‌ی ریفراندۆم به‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌موو كه‌م و كوڕییه‌كانی به‌غدا و عه‌بادی خسته‌ ڕوو، به‌ڵام هێشتا عه‌بادییان به‌ گرنگتر زانی وه‌كو ئێستا جگه‌ له‌ لایه‌نه‌كان هه‌موو خه‌ڵكی سه‌رگه‌ردان كردووه‌، تا ئه‌و ڕاده‌یەی نه‌یانتوانی عه‌بادی بھێننه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی جگه‌ له‌ مافه‌ سیاسی و مێژوویه‌كان، مافه‌ مادییه‌كانیشی به‌ وه‌ڵامی ئه‌وان ڕه‌وا نه‌بینی، داشكاندنی ڕێژه‌یی بوجه‌ش باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یه‌، لێره‌وه‌ بۆ داهاتوو پێویسته‌ هاوهه‌ڵوێسته‌كانی عه‌بادی خۆیان و دۆسته‌ بێبه‌ڵێنه‌كه‌یان بناسن كه‌ كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌وه‌ی كۆی ده‌كاته‌وه‌، ناچارییه‌كی كاتی سیاسی نه‌خشه‌ی داگیركارییه‌ نه‌ك هه‌تاهه‌تایی، ئه‌و مافه‌ی ئه‌وان له‌ عه‌بادی وه‌ری ده‌گرن ئه‌و كۆكردنه‌وه‌ سیاسیه‌ نه‌وه‌كو سۆز و بڕوا و هێزی عێراقێكی دیموكراسی و مرۆڤدۆست و یه‌كڕیز له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی بۆ دواڕۆژ، كه‌واته‌ هه‌ر ماف و ڕێككه‌وتنێك به‌ده‌ربێت له‌ كۆده‌نگی نیشتیمانی كوردستانی وه‌كو ئێستا پوچەڵ ده‌بێت، بۆیه‌ بۆ هه‌موو هه‌نگاو و بڕیار و رێکكه‌وتن و ئاشتیه‌ك كوردستان بناغه‌كه‌یه‌تی نه‌ك دۆستایه‌تی به‌غدا، به‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێت قبوڵی بكه‌ن پێیان بوترێ ئه‌وه‌ش به‌غدا و عه‌بادییه‌كه‌ی ئێوه‌، كه‌ له‌لایه‌نه ‌كوردییه‌كان و هه‌لوێستی نیشتمانی به‌ پیرۆزترتان ده‌زانی، هیچی له‌ هاوشێوه‌ ڕه‌گه‌زپەر‌سته‌كانی تر باشتر نییه‌‌.

© 2017 Hawler