ئەیلول 21, 2019

ڕۆڵی شەهید ئیدریس بارزانی لە هزری نەتەوەیــــــــی و مرۆڤدۆستی و ئاشتەواییی

ئەمڕۆ31 ساڵ بە سەر كۆچی دوایی شەهیدی سەركردە (ئیدریس بارزانی)ـ تێدەپەرێت ."ئیدریس" كوڕی رابەری مەزنی كورد "مستەفا بارزانی" نەمر لە ساڵی 1944 لە گوندی "بارزان"ی مەڵبەندی خواپەرستی و كوردایەتی و بەرخودان لە دایكبووە، كوڕی رابەری مەزنی كورد "مستەفا بارزانی" نەمرە و لە نێو هەلومەرجی شۆڕشی سێهەمی بارزان 1943 – 1945 و بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو كات و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و رووداوەكانی دوای جوانەمەرگ كردنی ئەو كۆمارە هاتۆتە دنیا و هەناسەی داوە و چاوەكانی پشكەوتوون.ساڵی 1947 "بارزانی نەمر" لەگەڵ 500 لە هەڤاڵانی كە لە رێڕەوێكی مێژووی دا توانیویانە داستانێكی گەورە لە مێژوودا تۆمار بكەن و وەك پێویستی و وەڵامدانەوەیەكی واقیعی ئەو كات خۆیان بگەیەننە یەكێتی سۆڤیەتی جاران، "ئیدریس بارزانی " ئەو كات تەمەنی 4 ساڵان دەبێت، لەگەڵ بنەمالەكەیاندا دووچاری مشەختی و دەربەدەری دەكرێن و بە دەست سەری بۆ خوارووی عێراق دوور دەخرێنەوە و لە لایەن رژێمی ئەو كاتی عێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ تووشی ژیانێكی پڕ ئەستەم دەبن لە شارەكانی بەسراو موسڵ و بەغدا.لەگەڵ ئازارو زەحمەتەكانی ژیان ئاوارەییدا درێژە بە خوێندن دەدات تا گەڕانەوە سەر بەرزانەكەی "بارزانی نەمر" بۆ عێراق و كوردستان پاش شۆرشی 14 ی تەمموزی ساڵی 1958 كە ئەو كات كاك "ئیدریس بارزانی" لە شاری بەغدا خەرێكی خوێندن دەبێت، دوای ئەو دابڕانە زۆرە بە دیداری" بارزانی "باوك و رابەر شاد دەبێت و دواتر دەگەڕێنەوە زێدی باوو باپیران لە خاكی كوردستان

.
شەهید ئیدریس بارزانی، ئازایەتی و چاونەترسی و تێكۆشەری و خوێندەواری و خاونی دڵێكی زۆر پاكی هەبوو، (ئیدریس بارزانی) بەس بە تەنیا كورد نەبوو، ئەو كاری بۆ مرۆڤایەتی دەكرد كوردپەروەر بەڵام مرۆڤدۆست بوو، پێداگری لەسەر مافەكانی گەلی كورد دەكرد، بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەك دەیگوت دەبێت خۆمان گرفتەكانی خۆمان چارە بكەین، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ كەسێكی دیكە ببەین.دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئەو ڕۆڵی باڵای بینی، مەفرەزە سەرەتاییەكانی رێك خستەوە و ناردنی بۆ پێشمەرگایەتیی شۆڕشی گوڵان، ئەو كوردپەروەر بوو. ئەو سەرباری ئەوەی كوردپەروەر بوو، مرۆڤدۆست بوو، هەركەسێك ڕووی لەو بكردبا درێغی نەدەكرد و هاوكاریی دەكرد. شەهید (ئیدریس بارزانی) مرۆڤناس بوو و دەیزانی چۆن دڵی خەڵك رابگرێت، چۆن گرفتەكان چارە بكات

.
شەهید ئیدریس بارزانی" ئەو سەركردە ناسراوەی كوردستانە كە لە چەند قۆناغێكی گرنگی بزاڤی ئازادیخوازیی گەلەكەمان رۆڵی كارا و بەرهەمداری گێڕاوە و، بەو سیفات و رەفتارە جیاكارییانەی لە كەسایەتی و سەركردەییەكەیدا هەیبوو توانی لە ژیان و خەباتیدا ئاستێكی نمونەیی بەرجەستە بكات، ئەم پێگە مێژووییەش جگە لە فاكتەرە خودییەكانی ژیری و تواناداری خۆی ئەوا هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پەروەردە كراوو دەرچووی ئەو قوتابخانە مەزنە بووە كە شیخ" عەبدولسەلامی" گەورە بەردی بناغەی بۆ داناوە و نەمرانی وەكو شێخ "ئەحمەد و مستەفا بارزانی نەمر" تیایدا قاڵبوونەتەوە و درێژەیان پێداوە، كە هەموو ژیانیان تەرخانی شۆرش و راپەرین و ئامانجی رزگاریی و ئاسودەیی گەلی كوردستاندا كردو لەم پێناوەدا ماندوو بوون لە فەرهەنگیاندا نەبووە

.
 ئیدریس بارزانی، لە دروستكردنی بەرەی نیشتیمانی كە لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان و عێراقییەكاندا دروست بوو، دەوری باڵای هەبوو، جگە لەوە لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانیدا، لە ئاشتبوونەوەی پارتی و یەكێتیدا دەوری باڵای هەبوو.شەهید ئیدریس بارزانی نەك هەر بەتەنیا كە ئەندازیاری ئاشتی بوو، بەڵكو ڕۆحی كوردایەتی بوو، بۆ هەموومان فریادڕەسی ئاشتی بوو، ماندووبوونی نەبوو،.هەروەها دەورێكی باڵایشی هەبوو لە نزیكبوونەوەی لایەنە عێراقی و كوردستانییەكان بەتایبەت لە بەرهەڵستكاریی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان لەوانە (سەددام)، دەوری باڵای هەبوو لە ئاشتەوایی نیشتیمانیدا، سەرپەرشتیی لایەنی سەربازی هێزی پێشمەرگەی دەكرد، لەهەمان كاتدا دەیزانی چۆن كاری دیپلۆماسی بكات، چۆن داوای مافی گەلی كورد بكات، ئەو رێكخەرێكی زۆر باشی هزری نەتەوەیی بوو، بە چوونی خەسارەتێكی گەورە بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و رێبازی بارزانی


شەهید ئیدریس بارزانی گشن تواناكانی ئەو بۆ ئاشتی و خەباتی كوردایەتی لە ئاستێكدا بوو كە نەیارەكانی پێی سەرسام بوون، لە هیچ مافێكی كورد سڵی نەكردووە، ئەندازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بوو، خاوەنی یەكێتی و یەكڕیزیی حزبەكان بوو . ''كاك ئیدریس لە خێزانێك دروست بوو راستەوخۆ كاریگەری هەبوو لەسەر كەسایەتی، چونكە لە خێزانێكی شۆڕشیگێڕ و خەباتكارادا پەروەردە كرابوو، خانەوادەی شەهید (ئیدریس) وانەی نەتەوە و نیشتیمانی و كوردایەتی و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی پەروەردە بووە، بۆیە كەسێكی كاریزمایی لێ دەرچوو، بەپێی بۆچوونی شارەزایان، هاوتەمەنەكان كاریگەریی زۆر دەخەنە سەر چینی خۆیان، بۆ ئەوكاتە كاك ئیدریس هەموو ئەو كەسانەی لێیەوە نزیك بوون و لە قوتابخانەكەی بوون، توانییان جێدەستی خۆیان لە داهاتووی كوردستان بچەسپێنن

.''
ئیدریس بارزانی كەسێك بوو بۆ هەموو شوێنە سەختەكان ئامادە بوو، لەگەڵ پێشمەرگە بوو خەباتی بۆ كوردایەتی بوو، زۆر كەسێكی راشكاو بوو. ئەو كاتەی (بارزانیی نەمر) لە ئەمەریكا بوو نەخۆش بوو، ئەو هەمیشە ئەو بارە قورسەی لەسەر شان بوو، لە لایەك نەخۆشكەوتنی (بارزانیی نەمر) لە لایك رێكخستنی ئاوارەكان لە لایەك رێكخستنەوەی پێشمەرگە، باری سەرشانی (ئیدریس بارزانی) زۆر قورس بوو، ئەو ڕۆحی بەرخودان و كوردایەتی لەناو كادیران پەروەردە دەكرد.ئیدریس بارزانی ئەندازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بوو، راسپاردەی پێویستی دەدا بە جەماوەر لە دەنگی كوردستانەوە بۆ شۆڕش، بۆشایی زۆری دروست كرد. دەشڵێ ''تایبەتمەندیی كەسایەتیی (ئیدریس بارزانی) تایبەت بوو، لەكاتی پێویست (ئیدریس بارزانی) تووند بوو، لەكاتی ئاشتیدا كەسێكی ئاشتیخواز بوو. خۆی دەبێت سەركردە ئەم دوو مەرجەی تێدا بن، كە (كاك ئیدریس) سەرجەم ئەو تایبەتمەندیانەی تێدا بوو كە سەركردەیەك هەیبوو

.''
ژیان و هەڵوێستەكانی شەهیدی هەمیشە لە یاد"ئیدریس بارزانی" پڕن لە نمونەی زیندووی وەفاداری بەرامبەر گەلەكەی و رێبازەكەی و دۆست و پێشمەرگە و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی. سەرراستانە ژیاوە و دڵسۆزانە بە تەنگ هەركەسێكەوە بووە كە پێداویستی و گرفتەكانیان رووبەڕووی ئەوكردۆتەوە و ئەوەی قابیلی دابینكردن و چارەسەر كردن بووبێت درێغی نەكردووە.مخابن ئەم كەسایەتییە ژیر و سیاسەتمەدارە سەر راست و شۆرشگێرە هەڵكەوتووە زوو مەرگ لە گەل و نیشتمانەكەی دوور دەخاتەوە كە بوون و مانەوەی ئەو پێویستییەكی مێژوویی و نیشتمانی گرنگ دەبێ‌ بەتایبەتی لەو هەلومەرجە هەستەوەر و ئاڵۆزەی ئەو كات كە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان تێدابووە

.
بەداخەوە لە كاتژمێر 6.5 ی سەر لە بەیانی رۆژی 31/1/1987 لە ناحیەی "سلیڤانا"ی سەر بە شاری"ورمێ‌"ی رۆژهەڵاتی كوردستان ماڵئاوایی دەكات و رۆحی بەرەو بەهشتی نەمری و سەرفرازی هەڵدەكەشێ‌. لە گۆڕستانی شاری "شنۆ" لە تەك گۆری پیرۆزی بارزانیی باوك و رابەر دەنێژرێ‌.بەمەرگی ناوەخت و ئەو كۆستەی مەزنەی كاك "ئیدریسی بارزانی" زیانێكی گەورە بە گەلی كورد و پارتی و بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان و بەرهەڵستكاریی عێراق دەكەوێت.پاش نزیكەی 10 ساڵ و دوای راپەرێنی بەهاری ساڵی 1991 سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بریاری گواستنەوەی تەرمی پیرۆزی هەردوو نەمران"بارزانی نەمر و ئیدریسی هەمیشە زیندوو" دەدا و لە ماوەی 6 تا 8 /10/1993 لە رێورەسمێكی شایان و مێژوویی تەرمی نەمران دەگوازرێتەوە خاكی ئازادی كوردستان و لە گوندی"بارزان"ی زێدی رەسەنی خۆیان و مەڵبەندی كوردایەتی و بەرخودان بۆ دواجار بە خاكی پیرۆزی كوردستان دەسپێردرێن

 

رێبوار حەمەلاو شوانی
.

© 2017 Hawler