کانونی دووەم 24, 2020

ڕۆڵی ئیدریس بارزانی لەخەباتی نەتەوایەتیدا

سیامه‌ند سێلکی

 

له‌ (٣١/١/١٩٨٧) دا سیاسه‌تڤان و سه‌ركرده‌ی شۆرشگێر ئیدریس بارزانی ماڵئاوایی له‌ كورد و كوردستان كرد. بەکۆچی دوایی ئیدریس بارزانی بزووتنه‌وی كوردایه‌تی له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی مه‌زن سه‌ركرده‌یه‌كی خاوه‌ن ئه‌زموونی لەبواری خەباتی شۆرەشگێری و سیاسەتڤانێکی وشیار و لێزانی له‌ده‌ستدا. ئیدریس بارزانی کە له‌ ته‌كیه‌ی پیرۆزی بارزان و له‌سه‌ر ده‌ستی بارزانی نه‌مر به‌بیرۆباوه‌ری ئازادیخوازی و كوردپه‌روه‌ری په‌روه‌رده‌ كرابوو. له‌ ته‌مه‌نی شازده‌ ساڵیداو له‌ پێناو ئازادی كوردستاندا بووه‌ هۆگری چیاكانی كوردستان و رێگای سه‌خت و دژۆاری شۆرش و به‌رخودانی گرته‌به‌ر. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی بوێر و ئازا بووه‌ جێی متمانه‌ی بارزانی نه‌مر و هه‌موو شۆرشگێرانی كوردستان. له‌ مه‌یدانی خه‌باتی سیاسیدا سیاسه‌تڤانێكی هۆشیار و دووربین و لێزان بوو، له‌مه‌یدانی خه‌باتی چه‌كداری و شۆره‌شگێریدا سه‌ركرده‌یه‌كی قاره‌مان و خوراگر بوو، له‌ رۆژه‌ هه‌ره‌ سه‌خت و دژواره‌كاندا وه‌كو چیایه‌كی خوراگر وره‌و هێزی به‌پێشمه‌ركه‌ ده‌به‌خشی، له‌ دانانی پلانی سه‌ربازی و شه‌ری پارتی زانیدا لێزان و كارامه‌و خاوه‌ن ئه‌زموون و سه‌ركه‌وتوو بوو. له‌بواری خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیدا هه‌میشه‌ پشت و په‌نای شۆره‌شگێرانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بوو .
ئەو لەبارزانی نەمرەوە فێرببوو کە ئازار و مەینەتیەکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لێک جیاناکرێنەوەو هەمووی یەک ئازارە، ئەویش ئازاری بن دەستی و بێبەشکردنە لەهەموو مافێک، هەستی بەو راستیەش کردبوو کە کوتایی هاتن بەو ئازار و مەینەتیانە کاتێک دێتەدی کە کورد وەکو نەتەوە لە وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆدا بژیت . ئیدریس بارزانی لەژێر کاریگەری ئەم پەروەردە فیکریەدا بەردەوام کاری بۆ ئەوەدەکرد هێز و تواناکانی کورد لەیەک سەنگەرداو لەپێناو خورت کردنی خەباتی نەتەوەیی کۆبکاتەوە . لەپێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەداو لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، هەوڵیدا هێزە کوردستانیەکان کێشە و ناکوکیەکانیان وەلابنێن و لەبەرامبەر دۆژمنانی کورد یەکدەنگ و یەک رەنگ و یەکگرتووبن. لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا رۆڵی سەرەکی گێرا لەکوتایی هێنان بەشەری ناوخۆیی کە لەو سەردەمەدا لەنیوان هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵات و باشوری کوردستان لەلایەک و هێزەکانی باشورییش لەلایەکی دیکەوە هەبوو . کوتایی هێنان بەو شەرە خوێناویە دەسکەوتێکی گرنگ و مێژووی بوو، کوردی لەقوناغێکی دژوار و ناسکەوە گەیاندە قوناغێکی کە هیواو ئومێدی بەدوارۆژ هەبێت . بەهۆی ئەو دەسکەوتەوە ئیدریس بارزانی توانی زەمینەیەکی لەبارو گونجاو لەباشور برەخسێنێت کە لەسالی ١٩٨٦دا بەرەی کوردستانی دابمەزرێت . بێ گومان بەهۆی بەرەی کوردستانیشەوە کورد توانی لە ساڵی ١٩٩١ نەخشەی ڕاپەرین دابرێژێت و سەرکەوتن بەدەست بێنێت .
ئیدریس بارزانی لەهەر پارچەیەکی کوردستاندا هەستی کردبا تروسکایەک هەیە بۆ سەرهەڵدانی خەباتی شۆرەشگێری، یەکسەر دەبووە پشت و پەنایان و دەستی هاوکاری بۆ درێژ دەکردن . بۆیە کاتێک لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا پ ک ک وەکو هێزێک خۆی ناساند، ئەمە بۆ ئیدریس بارزانی و پارتی هەواڵێکی دڵخوشکەر و موژدەبەخش بوو . ئەم دڵخوشیەش لەو سونگەیوە بوو کە پ ک ک بتوانێت وەکو هێزێکی شۆرشگێر رۆڵی خۆی لە گۆرەپانی خەباتی شۆرەشگێری باکوری کوردستاندا بگێرێت و بەرگری لەخواستە نەتەوەیەکانی کورد بکات . بەم روانینەو بەو ئومیدەوە ئیدریس بارزانی خۆی گەیاندە شام و لەوێ چاوی بە بەرێز ئاپۆ کەوت و رێککەوتنێکی دوو قوڵیشی لەگەڵ ئیمزاکرد . بێ گومان ئەوکات پ ک ک وەکو هێزێکی سیاسی هیچ قورسایەکی سیاسی و سەربازی نەبوو، تەنانەت وەکو پێویست نەهاتبووە ناسینیش . بەڵام ئەم رێککەوتنە بۆ ئەوەبوو کە لەرێگای پارتیەوە پ ک ک هەم زیاتر بناسرێت هەمیش هێدی هێدی وەکو هێزێکی شۆرەشگێری کوردستانی دەست بەچالاکیەکانی بکات . بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە دەرفەتێکی باش بۆ پ ک ک رەخسا کە لەهەردوو بواری سەربازی و سیاسیدا وەکو هێزێک خۆی رێک بخات و دەست بەچالاکیەکانی بکات . دوای ئەم رێککەوتنە پارتی لەناوچەی بادینان و بارزان کە هاوسنور بوون لەگەڵ باکوری کوردستان دەرگای بارەگاکانی خۆی لەبەردەم هێزەکانی پ ک ک کردەوە .
ئەوەی پێشمەرگەکانی پارتی لەو رۆژگارە سەختانەدا هەیبوو لەنیوان خۆیان و هێزەکانی پ ک ک دا دابەشکرد . چەکیان پیدان و خواردن و خواردنەوەو حەوانەوەشیان هەر لە بارەگاکانی پارتی بوو . ئەگەر هاوکاری پشتیوانی ئەوکاتی پارتی نەبوایە برواناکەم پ ک ک توانای ئەوەی هەبوایە دە گەریلاش لەچیاکان جێگیر بکات . بەڵام بەداخەوە پ ک ک لە ئاست ئەو هەموو چاکەیەی پارتی بێ وەفا بوو ......هتد.

© 2017 Hawler