کانونی دووەم 24, 2020

ئیدریس بارزانی و هێمایەك بۆ ئاشتی

سیروان توفیق شفیق

 

مرۆڤەكان كە لەدایك دەبن هەموویان بە سروشت ئاسایین بێ ئەوەی پەروەردەی خێزان و بنەماڵە كاریگەری بخاتە سەریان، هەندێك لەم مرۆڤانە هەر چۆن هاتوون وا گەورەدەبن و هەندێكیشان ناتوانن هەر وا بە ئاسانی لەگەڵ ژیان هەڵبكەن و خۆیان بدەنە دەست قەدەری ژیان و رۆژگار، بەڵكو بیر لە داهاتووی خۆیان و گەلەكەیان دەكەنەوە و دەبنە سمبول و ڕابەر و سەركردەیەك بۆ گەلەكەیان . كاتێك دەتەوێت باس لە ژیانی كەسێك وەك سەركردە و كەڵە پیاوانی گەلەكەت بكەیت دەبێت ئەو كەسە چەندین رەوشت و سیفاتی تێدا بێت جیاوازتر لە كەسی ئاسایی بۆ ئەوەی ببێتە كاریزمایەك .
كەواتا ئەوەی دەمەناوێت باسی ژیانی سەركرد و سمبولێكی گەلی كورد بكەین لەم چەند دێرەدا، لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت بە چەندین نووسین و لێكوڵینەوە باس لە ژیان و رۆڵی سەركردەی هەمیشە لە یاد كاك ئیدریس بكەین . بەڵام لە ساڵی 1944 وەك هەر منداڵێكی دیكەی كوردستان لە دایك دەبێت، بەڵام جیاوازتر پەروەردە دەكرێت و هەر لە منداڵیەوە دەبێتە قوتابیەكی زیرەك و چاوكراوەی قوتابخانەی شۆڕش و بەرخودانی بارزانی باوك و گۆش دەكرێت بە بیركردنەوە لە ئازادی و سەربەخۆیی و پێكەوە ژیان لە كوردستان، بۆیە هەر زوو لە تەمەنی لاوێتیدا و كاتێك كاك ئیدریس تەمەنی دەبێتە 17 ساڵ بە تەواوی تێكەڵاوی شۆڕش و قوربانیدان دەبێت بۆ گەلەكەی و هاوشان لەگەڵ بارزانی باوك لە شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەبێتە پێشمەرگە بۆ پاراستنی كوردستان، كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو لەقۆناغەكانی ژیانیدا چەندین رۆڵی گرنگی بینیووە لە ناو شۆڕشی چەكداری كوردستان و سەركردایەتی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبەر ئازایەتی و لێهاتووی بارزانی نەمر سەركردایەتی داستانەكانی زۆزك و هەندرێن دەسپێرێت بە كاك ئیدریس بارزانی و رۆڵی ئازایانە دەگێڕێت لەم داستان و نەبەردیانە، هەم لەبەر ئەوەی كوڕی بارزانی باوك دەبێت و هەم لەبەر ئازایەتی و لێهاتووی و نزیكی و خەمخۆری لە پێشمەرگە .
خوێندنەوە و لێهاتووی سەركردە وایكرد رۆڵی بەرچاو بگێڕێت لە دانووستانەكانی نێوان سەركردایەتی شۆڕِش و رژێمی ئەو كاتی عێراق كە ئاكامەكەی رێكەوتنامەی 11ی ئاداری لێكەوتەوەو كە بۆ یەكەم جار بوو رژێمی دەسەڵاتداری عێراقی دانان بە مافی ئەتۆونۆمی بۆ كوردستان بنێت، كە ئەمەش بۆ سەردەم و كاتی خۆی گەورەترین دەسكەوتی شۆڕشی كوردستانی بوو، چونكە حكومەتی عێراقی دەیزانی بە سەركووت كردن و چەوساندەوە و شەڕ لەگەڵ كوردا ناگاتە هیچ ئامانجێك بۆیە بە ناچاری ملكەچی دانان بە مافی رەوای كوردستان بوو . لە دوای نسكۆی شۆڕش و پلانی ناحەزان جارێكی دیكە ئیدریس بارزانی رۆڵی بەرچاوی گێڕا لە دووبارە دەستپێكردنەوەی چەخماخەی بەرخودان و هەڵسانەوە بەرەو ئاسۆ، ئەوانەی كە سەردەمی شۆڕشی گوڵان دەیگێڕنەوە باس لە چۆنێتی بیركردنەوە و هەنگاوەكانی كاك ئیدریس دەكەن بەوەی زۆر وردبین و واقیع بینیانە بڕیاری دەدا هەر بۆیە زوو و بە هاوكاری و پاڵپشتی سەرۆك مسعود بارزانی توانیان ئەو بیركردنەوانە بگۆڕن كە باسیان لە كۆتایی هێنانی شۆڕشی كوردستان دەكرد و بە هەڵیگرسانەوەی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز جارێكی دیكە هیوایان بۆ میللەت و گەل گێڕایەوە و دووژمنیان تووشی هیستریا كرد .
كاتێك باسی بەرەی كوردستانی دەكەین رۆڵی كاك ئیدریس بارزانی وەكو ئەندازیاری ئاشتی و پیكەوە ژیانی حزبەكانی كوردستان بەرز دەنرخێندرێ، چونكە هەوڵ و كۆششی سەركردە لەو قۆناغە هەستیاری كوردستان و هەبوونی ململانێ‌ و شەڕی نەویستراوی ناوخۆی پارت و لایەنە كوردستانیەكان كاریگەری نەگەتیفی كردبووە سەر شۆڕش و بە پێچەوانەوە بوبووە هۆی بە هێزی دووژمنانی كوردستان، بۆیە یبركردنەوە و هەوڵ و كۆششی كاك ئیدریس لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسیەكان بە ئامانجی نەهێشتنی دووبەرەكی لە نێو ماڵی كورد بەرز دەنرخێندرێت و هەر كاتێك باسی دروستبوونی بەرەی كوردستانی دەكرێت رۆڵی كاك ئیدریس وەكو ئەندازیار و مامۆستا و سەركردەی بیرمەند دێت .
چەندین خەسڵەتی دیكەی وەكو ( سادەیی، نزیكی لە پێشمەرگە و خەمخۆری هەژار و لێقەوماو ئاوارەكانی كوردستان و یەكسانی و دادپەروەری . هتد ) لەم زاتە پیرۆزە بەدی دەكرا، هەر بۆیە كاتێك باس لە ژیان و مێژووی سەركردەی هەمیشەلە یاد دێت چەندین رەوشت و ئاكاری كاك ئیدریس وایكردووە وەكو كاریزما و سەركردەیەك هەمیشە بە زیندووی بمینێتەوە لە مێژووی خەباتی كوردایەتی و بەرخودانی گەلێك و ببێتە سیمبولی ئاشتی و تەبایی نێو ماڵی كوردی و باشترین بەڵگە و شاهێدی دان بۆ كاك ئیدریس بارزانی وەسفەكەی سەرۆك بارزانیە كە دەفەرمووێت : "دەتوانم بڵێم كاك ئیدریس وێنەیەكی پاك و بێگەردی بارزانی نەمر بوو "، كەواتا لێردەدا بۆمان دەردەكەوێت كاك ئیدریس بە سادەیی لە دایك بوو بووە سەركردەیەك و كاریزما و سمبولێك بۆ نەتەوەی كورد، بۆیە دوایی 31 ساڵ كۆچی دوایی بە شانازییەوە یادی دەكرێتەوە.

 

© 2017 Hawler