ئەم پەڕەیە چاپ بکە

حزب و جەھل!

د.سالار عوسمان

 

بەشی سێیەم


ـ وەرگری نێنەر، ھێز و خەسڵەتەکانی
وەک پێشتر باسمان کرد، وەرگری بیرکەرەوە خودان بیر و چارەسەرەکانی خۆیەتی، کەواتە ھەر تەنیا وەرگرێکی بیرکەرەوە نییە و بەس، بەڵکو لەگەڵ بیرکردنەودا نێنەریشە، چونکە بیرکردنەوە بۆ خۆی بەرھەمدارە، کەواتە لە تەنیشت ھەر بیرکردنەوەیەکدا بەرھەمێک ھەیە، بەرھەمیش ھێز دروست دەکات، دیارە خەسڵەتەکانی ئەو ھێزەیش لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەک دەگۆڕێت، چونکە ھەر کۆمەڵگەیەک خاوەن کلتووری تایبەت بە خۆیەتی، کەواتە کلتووری ھەر کۆمەڵگەیەک پێوەرە، بەو پێیە و بۆ ئەوەی قسە لە بەرھەمی بیرکردنەوە، یا باشتر بڵێین قسە لە ھێز و خەسڵەتەکانی وەرگری نێنەر بکەین، دەبێ قسە لەو کلتوورەیش بکەین کە دەوری ئەو وەرگرەی داوە، تایبەت کاریگەرییەکانی کلتوور.

ـ کلتوور: بنیاد و گۆڕین
وا باشە ئەگەر بە کورتیش بێت، قسە لەو ڕاستییە بکەین، کە کلتوور بنیادە، کۆمەڵگەی کوردی بۆیە کۆمەڵگەیەکی لاوازە، چونکە کلتوورەکەی لاوازە، تایبەت کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان، کەواتە، لە پێناو چارەسەری ئاریشە کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵگە، تایبەت ئاریشە سیاسییەکان، کە کوردستانی گەڕاندەوە چوارچێوەیەکی زۆر خراپ، پێویستە لەگەڵ دداننان بە لاوازیی کلتووری سیاسیی کورد، ددانیش بەو ڕاستییە ڕۆشنەدا بنێین، کە کلتوور بنیادە و بئ ئەم بنیادە، ناتوانین ھیچ دیوارێک ھەڵچنین، ئاخر ئەگەر دیوارمان ھەڵچنیبوایە: (کلتووری بەھێز)، چۆن شارێکی وەک کەرکوک، کە سیمبولی مەزڵوومییەتی نەتەوەیەکی خاک لێداگیرکراوە، بە چەند سەعاتێک دەکەوێت و لەگەڵ خۆیدا گەورەترین شەرمەزاریی دەخاتە نێو مێژووەوە؟!..
ھەر لێرەدا دەبێ باسێک لە چەمکی (گۆڕینی کلتوور) یش بکەین و بپرسین: ئەرێ کلتوور بوونێکی نەگۆڕە ؟. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕەگوڕیشەکانی کلتوور، تایبەت ڕەگوڕیشە ئایینیەکانی، چونکە ئەو:(ڕەگوڕیشە ئایینیەکانی کلتوور )، ھەڵگری پیرۆزیەکانە و لە ھەموویان قورسترە بۆ گۆڕین، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا، بەڵێ دیسان، بە ئاراستەی گۆڕین، بەڵام دوور لە ڕوانگە ئیلحادیەکە، دەبێ کار لە نێو ڕەگوڕیشە کلتوورییەکانی ئایینیش بکەین و بیانگۆڕین، چونکە بەرژەوەندیی مرۆڤ، کۆمەڵگە و بەھاکانی گەورەترینە، کەواتە وەڵامەکە ئەوەیە: کلتوور دەگۆڕدرێت و ئەم پرۆسەیەیش نوخبەی کۆمەڵگە دەیکات، بە سیاسی و زانا و ڕۆشنبیر و ھاوڵاتییەوە، بەڵام کام ھاوڵاتی؟. (ئەو ھاوڵاتییەی لێرە ناومان ناوە وەرگری نێنەر )، کەواتە وەرگری نێنەر ھێزە، شیانە و خەسڵەتەکانی بەرھەمداریشی گۆڕین بەرەو باش، باشتر و باشترین دەخەنەوە.
کۆمەڵگەی زیندوو و بەرھەمدار زەمینە بۆ دروستکردنی وەرگری نێنەر دروست دەکات و پێچەوانەکەیشی ڕاستە، کۆمەڵگەی کوردستان لە دەسپێکی ڕێگاکە دایە، بەڵام بە ناڕوونی و ئاڵۆزییەوە، دەبێ نوخبەی ڕۆشنبیران، تەنگ بە سیاسییەکان ھەڵچنن و ئەو ناڕوونییە ڕوون و ئەو ئاڵۆزییە سادە بکەنەوە، ڕوونیی و سادەییەک لە پێناو بەرھەمدارییەکی پۆزەتیڤ، کە دڵنیام لەم پرۆسەیەدا سیاسییە پۆزەتیڤەکان ھاریکار و پشتیوان دەبن .