ئاب 11, 2020

لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆسدا

زوهری جەبەلی ئێدلبی

 

ئەوەی لە پەراوێزی كۆبوونەوەكاندا و لە كاتی رێست و لە ناو چوار دیواری كافییەكاندا رێكەوتنی لە سەر دەكرێ‌، زۆر گرنگترە لەوەی كە لە كۆبوونەوەكاندا قسەی لە سەر دەكەن، رێستەكان و قسەكانی ناو رێستەكاندا هەمیشە واقعبینترن لە موناقشە و گفتگۆكاكانی توندی نێو كۆبوونەوە رەسمییەكان. لە داڤۆسیش زۆرترین كۆبوونەوە لە دەرەوەی هۆلی دانیشتنی كۆڕبەندەكە بوون و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یەكێك بوو لەو كەسایەتییانە كە توانی لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا زۆرترین كۆبوونەوە ئەنجام بدات و سەركەوتوو بوو لەوەی توانی زۆرترین كەسایەتی سیاسیی و ئابووری و كەسایەتییە كاریگەرەكانی ناو گۆڕەپانی بەرێوەبردن و گۆڕانكارییەكانی جیهان ببینێت.
هێزەرت ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند كە یەكەم دیداری ریكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە گەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو و یەكێك بوو لە گرنگرین كۆبوونەوە و دیدارەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە زۆرترین لێكتێگەیشتن و دەنگدانەوەی هەبوو. یەكەم دیداری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی لە دونیای سیاسەتدا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و هێمایە بۆ گرنگی و پێگە و كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی، بە تایبەت كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتگیری خۆی دووپات كردەوە بۆ دەستەبەر كردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ستایشی رۆڵی ئەكتیڤ و زیرەكانەی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ كەمكردنەوەی گرژی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵەكانی بۆ ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی ناڵەباری نێوانیان.
دیدارەكانی دیكەی گرنگی نێچیرڤان بارزانی بریتیی بوون لە كۆبوونەوەی لە گەڵ ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و شی كردنەوە و رووشنكردنی بەرچاورۆنییەك بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستی و گرنگی دۆستایەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ وڵاتی ئەڵمانیا. ستایشەكانی خێرت بۆرژوا سەرۆك وەزیرانی فلاندەرزی بەلجیكا بۆ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و هەلسەنگاندنی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بە سیاسەت و دروستكردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری لە گەڵ وڵاتان و كەسایەتیی و كۆمپانیاكاندا و بە تایبەتی گوتی " پێموایە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی سیاسی زۆر باشی هەبووە لە گەڵ وەزیرانی فەرەنسی و ئەڵمانی و كەسایەتییەكانی دیكە ئەمریكی، ئەمەش زۆر گرنگە و پێموایە گرنگترین شتە بۆ كوردستان كە سەرۆك وەزیرانەكەی پەیوەندی لە گەڵ زۆربەی سەركردەكانی جیهاندا هەیە".
ئەگەرچی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی كەم بوو، لێ‌ لێكتێگەیشتنێك هەبوو و زەمینە سازی بوو بۆ كۆبوونەوەی دیكە لە بەغدا و نیازی چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.
دیدار و كۆبوونەوەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە گەڵ هەر یەكە جەستین ترودۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا، مارك رووتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا، ئانا سۆڵبێرگ سەرۆك وەزیرانی نەرویج، ئیزابێل لۆڤین جێگری سەرۆك وەزیرانی سوێد و ژان ئیڤ بەدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، زۆر گرنگ و جێگەی بایەخ بوون، هەر هەموو ئەم كەسایەتییانە ستایشی رۆلی نێچیرڤان بارزانییان كرد بۆ تێگەیشتن لە واقعی ئێستای ناوچەكە و چارەسەر كردنی كێشەكان لە رێگەی دیالۆگەوە. نەخاسمە جێگری سەرۆك وەزیرانی سوێد رایگەیاند، كە ولاتەكەی هاوڕایە لە گەڵ ئەو شێوازەی كە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی گرتوویەتییە بەر بۆ چارەسەری كێشەكان لە گەڵ عێراق و بە شێوەیەكی ئاشتییانە و دیالۆگ، پشتیوانیی وڵاتەكەشی دەربڕی بۆ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
بێجگە لەوانە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە لە گەڵ هەر یەكە لە شا عەبدوڵا پادشای ئوردن، كارن كاراپێتیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، جێفری فێلتمان جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و راشد غەننووشی سیاسەتمەدار و سەرۆكی پارتی نەهزەی توونسی، كینتۆرا سۆنوورا راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن و سەرۆكی شاندی ژاپۆن لە داڤۆس و، بە تایبەت جەخت كردنەوە لەوەی هەرێمی كوردستان بەشێك بێت لە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و سوودمەند بێت، كە بڕیارە لە كوەیت ساز بكرێت.
سەرەڕای ئەم هەموو دیدار و كۆبوونەوە گرنگانەی نێچیرڤان بارزانی لە گەڵ سەرۆكی وڵاتان و سەرۆك وەزیران و شاندی وڵاتان و چەندین كەسایەتی دیكەی جیهانی، باس كردنی پرسی ئاوارەكان و ئالۆزییەكانی ناوچەكە و گرژییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و چەندین پرسی دیكەی هەڵواسراو لە ناوچەكەدا، كە بۆ گشتیان زیاتر روون بوویەوە. بە شێوەیەكی گشتی نێچیرڤان بارزانی سەركەوتوو بوو لە دیدارەكانی و بەشداری كردن لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس.

© 2017 Hawler