کانونی دووەم 24, 2020

عەبادی بەرەو شکستی گەورەتر

نیاز حاجی

 

عەبادی بەهاوکاری 80 وڵات بەسەر داعشدا هەندێک سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام لە بەرامبەر کوردستاندا دۆڕاندی، ئەوکات حەیدەر عەبادی بەسەر کوردستاندا سەرکەوتوو دەبوو ئەگەر نەیهێشتبا ریفڕاندۆم ئەنجام بدرێت، بە ئەنجامدانی ریفڕاندۆم کوردستان توانی گەورەترین سەرکەوتن بەسەر عەبادیدا تۆمار بکات، ریفڕاندۆم و ئەنجامەکەی بەگەورەترین شکست بۆ عەبادی هەژمار دەکرێت !
راستە دوای ریفڕاندۆم عەبادی توانی چەند سەرکەوتنێک بەهاوکاری گروپی خیانەتکارانی 1٦ی ئۆکتۆبەر تۆمار بکات، بەڵام نەیانتوانی هەولێر داگیربکەن و حکومەتی ئینقازی تێدا رابگەیەنرێت، مەرجی عەبادی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر، هەڵوەشاندنەوەی ریفڕاندۆم بوو، بەڵام ئەوە رووی نەدا و لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی ئامادەی ئەنجامدانی گفتوگۆ بوو، ئێستاش دوور لە راگەیاندن ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامیان هەیە .
عەبادی دوای ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ حەشدی شەعبیدا پێکهێنا، دوای کەمتر لە ٤8کاتژمێر هاوپەیمانێتیەکەی هەڵوەشایەوە، بەوکارە شکستێکی گەورەی جەماوەری تۆمارکرد، عەبادی لەدۆسیەکانی (گفتوگۆ لەگەڵ کوردستان بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ریفڕاندۆم و گرەوکردن بەهەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی و پێکهێنانی حکومەتی ئینقاز و دەستبەسەرداگرتنی سنوورەکان، هەروەها دووبارە دەستپێکردنەوەی جموجۆڵەکانی داعش و مانەوەی حەشدی شەعبی و بەشداری کردنی لە هەڵبژاردنەکان و شەری گەندەڵی) شکستی هێنا. ئەوانەی سەرەوە شکستی گەورەن دوچاری عەبادی بونەتەوە .
ئەمەریکا گرەوی لەسەر هەڵبژاردنەوەی عەبادیە لە هەڵبژاردنەکان، رۆژ دوای رۆژیش حەیدەرعەبادی ئەمەریکا لەدۆڕاندنی ئەو گرەوە نزیکتر دەکاتەوە، لە ئێستاوە تا مانگی ئایار شکستی گەورەتر لەوانەی رابردوو چاوەروانی عەبادی دەکات .

© 2017 Hawler