کانونی دووەم 24, 2020

هەولێر و هەموو کوردستان، شۆڕەسوارێکی مەردیان لەدەستدا

لوقمان بەرزنجی

 

کام لە هەڵبجەییە زوڵملێکراوە ڕاگوازراوەکانی ڕۆژە سەخت و بابەڕۆکانی ئەنفال هەیە کە فازڵ ئاغای جێژنیکانی دەشتی بەرانەتی هەولێر نەناسێت، کێ ئەوێ ڕۆژێی لەبیرە کە ئەو سەدان لۆری بار هەڵگرە ڕاگواستراوی ئەنفال و کیمایابارانی هەڵبجە کە ڕژێمی بەعس پڕی کردبوون لە ژن و مندال و پیر و پەکەوتە و بەناو شاری هەولێری دا گوزەری پێکردن دوا جار لەو گوندی (جێژنێکان) لە دەشتی بەرانەتی لە گوندەکەی فازل ئاغای مرۆڤ و پیاو و چاوتێر لە (جێژنیکان) هەڵییڕشتن. کام لە پاشماوە ڕاگواستراوەکانی ئەنفالی بادینان هەیە فازیڵ ئاغا ی جێژنیکان نەناسێت، کام ڕێکخستنی حزبی کوردی ڕۆژە سەخەتەکان هەیە کام لە پاشماوەی بارزانیەکان و گەرمیانیەکان هەن فازیڵ ئاغای برا و باوک و پشتیوان نەناسن، هەڵوێستی جوامێرانەی فازیل ئاغای گەردی خوا پێداو و چاوتێر. مێژوو ی پڕ لەسەر سەرفرازی هەولێر پڕاوپڕ و بەردەوام شانازی بەم پیاوە بوێر و ئازا و چاوتێرەکانی خۆی کردووە، لە دوا قۆناغەکانی ئەنفاڵ ڕژێمی بەعس بەسەدان خێزانی لە هەڵەبجە و بادینان و دەشتی بیتوێن و گەرمیان ڕاگواستەوە گوندی جێژنیکان. لەسەر ئەرزێکی ڕەق و ڕووت فڕێیدان بەبێ ئەوەی هیچ کەرەستەیەکی حەوانەوە و خورادن و خواردنەوە و پێخەف بۆ ئەو سەدان خێزانە ڕاگواستراوەی دوای ئەنفال و کیمایاباران دابین بکات. ڕژێم ئەوێ ڕۆژێ هەموو هێزە ئەمنی بەعسیەکانیشی خستبوە ئامادەباشی نەوەک خەڵکی هەوڵیر، هاریکاری ئەو ئاوارە و لێەقەواماوانە بکەن، لەو ڕۆژە سەخەتەدا، فازیڵ ئاغای گەردی وەک خودانی ناوچەکە و پیاوێکی بەئیمان و خواناس و کوردپەوروەر هەرچی بۆی کرا و هەرچی موڵک ماڵی هەبوو خستیە خزمەت ئەو ئاوارە و لێەقەوماوانە. مەردانە بەرەنگاری زوڵمی زاڵمان بۆوە و لە ڕێگە کەناڵەکانی عەشایرەکان و مامۆستا ئاینیەکان زۆر بەنهێنی داوای لە دەوڵەمەند و خواپێداوەکانی شاری هەولێر کرد کە بەدەنگ ئەو هەزاران خەڵکە لێقەوماوانە بێن. خەڵکی شەرەفمەندی هەولێرییش زۆر مەردانە هاتنە دەنگ و لە ماوەی هەفتەیەکدا بەسەدان لۆری بارهەڵگر لە پێخەف و شیری منداڵان و خواردن و خواردنەوە و جل بەرگیان بۆ ئەو زوڵملێکراوانەی گەلەکەمان دابین کرد و زۆرێک لە دکتۆرە ئازا و چاونەترسەکان بە خۆبەشانە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی زۆر بەنهێنی شەوانە سەردانی ئەو خەڵکەیان دەکردن و چارەسەریان بۆ دابین دەکردن. فازیڵ ئاغا لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە کوردانەیدا لەلایەن ڕژێمی گۆڕ بەگۆڕی بەعس سەرئێشەی زۆری بۆ دروست کرا . بەڵام هەر کۆڵی نەدا و ڕۆژانەش کاروانی یارمەتی خەڵکی هەولێر هەر بەڕێوەبوو، هەرچەندە ڕژێم سەیتەرەیەکی زۆریشی دانابوو، تا ئەو کەل پەلانە نەگەن بە ئاوارەکان و مەبەست ڕژێم مردنی لەسەرخۆی ئەو ئاوارانەبوو، بەڵام خەڵکە بەسۆز و خەمخۆرەکانی شاری هەولێر توانیان پشت و پەنای کەسە لێقەوماوەکانی خۆیان بن لە ڕۆژە ناخۆشی و پڕ لە نەهامەتیانە، دیارە زۆرێک لەو جوامێریە بۆ فازیڵ ئاغا دەگەڕێتەوە، بە مەرگی ئەو پیاوەجوان و مەردە گەلەکەمان شۆڕە سوارێکی ڕۆژە سەختەکانی لەدەستدا. هەزار هەزار ڕەحمەت لە ڕوحی پاکی فازیڵ ئاغا. پیاوێک بە هەموو مانای پیاوەتی پیاو و کورد و وڵاتپارێز، داوا لە وەزارەتی ئەنفال و پاریزگای هەولێر دەکەم کە شوێنێ دیار بە ناوی ئەو پیاوە جوانە بکات، بۆ ئەوەی ناوی ئەو جوامێرە لە لاپەڕە هەر گەشەکانی گەلەکەمان بە درەوەشاوەی بمێنێتەوە.. ڕوحی شاد بێت.

© 2017 Hawler