تشرینی یەکەم 20, 2020

ئیبراهیم شێخ محەمەد

 

دوای ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئێران وه‌ك یاریكه‌رێكی سه‌ره‌كی توانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له‌ڕێگه‌ی ستراتیژی دورمه‌ودای هیلالی شیعیه‌وه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێران وه‌ك ڕه‌قه‌مێكی گه‌وره‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ ئیداره‌دانی ململانێكانی ناوچه‌كه‌دا، توركیاش وه‌ك پاشماوه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی(پیاوه‌نه‌خۆشه‌كه‌) ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وئاسته‌ی جارانی له‌حوكمڕانی كردن وده‌سه‌ڵاتدا، دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ردۆخی سوریادا توركیا بۆی ده‌ركه‌وت ناتوانێت هیچ ده‌ستكه‌وتێك بچنێته‌وه ‌و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێكاندا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستیكرد به‌دژایه‌تی كردنی هێزه‌ كوردیه‌كانی ڕۆژئاوا و هه‌رجۆره‌ پێشڤه‌چونێكی ئه‌م هێزانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌، چه‌ندین ڕێگه‌ی تاقیكرده‌وه‌ هه‌رله‌پشتیوانیكردنی گروپه ‌تیرۆرستیه‌كان و هه‌موو ئه‌وگروپ و هێزانه‌ی له‌ده‌وری حه‌له‌زۆنی عوسمانیه‌ نوێیه‌كان ڕێچكه‌یان گرتووه‌، به‌ڵام دواجار شكستی هێنا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بڕیاریدا ڕاسته‌وخۆبه‌شداری شه‌ڕبكات و له‌شكركێشی بكاته‌ سه‌رعه‌فرین، پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ توركیا چی له‌عه‌فرین ده‌وێت و ئامانجی له‌داگیركردنی عه‌فرین چیه‌؟ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا، چۆن له‌م پرسه‌ ده‌ڕوانێت؟پێش هه‌رشتێك ده‌بێت بزانین بۆچی جه‌نگ سه‌رهه‌ڵده‌دات تاوه‌كو داهاتووی بخوێنینه‌وه، لێره‌دا ده‌توانین گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین هێرش و له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌رعه‌فرین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین فاكته‌ر:
1- له‌دوای كوده‌تا و ئاڵۆزییه‌كانی توركیا دۆخی ناوخۆی پارتی(دادوپه‌ره‌پێدان)یش به‌ته‌واوی ئاڵۆزبووه‌، ململانێیه‌كی توند له‌نێوان كه‌سه ‌دیاره‌كانی حزبدا هه‌یه‌، پێگه‌ی ئه‌ردۆغان تاڕاده‌یه‌كی زۆر لاواز بووه‌ و به‌های جارانی نه‌ماوه‌، وڵات به‌كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی سیاسی و دارایی و سه‌ربازی گوزه‌ر ده‌كات، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش فۆكسی زۆری له‌سه‌ره‌ به‌هۆی پێشێل كردنی مافه‌كانی مرۆڤ و له‌كه‌داركردنی پڕه‌نسیپه‌كانی دیموكراسی وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ داپۆشینی شكسته‌كان ئه‌ردۆغان به‌داگیركردنی عه‌فرین هه‌وڵی په‌رده‌پۆش كردنی ده‌دات.
2- توركیا ده‌یه‌وێت وه‌ك هێزێك گه‌وره‌تر له‌وه‌ی هه‌یه‌ خۆی پیشان بدات و له‌معاده‌لاتی ناوچه‌كه‌ ڕۆڵی زیاتری هه‌بێت، داگیركردنی عه‌فرین وه‌ك تاكتیك به‌كارده‌هێنێت و ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات له‌ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌یدا كۆمه‌ڵێك مه‌رج پێشنیارده‌كات بۆ ئه‌مریكا له‌سه‌رووی هه‌موشیانه‌وه‌ ڕاگرتنی یارمه‌تیه‌كانی بۆ كورد.
3-كانتۆنی عه‌فرین هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ باكوری كوردستان هه‌رجموجۆڵێكی سیاسی و سه‌ربازی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌رباكوری كوردستان ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌و هاوبه‌شی و فره‌ڕه‌هه‌ندیه‌ی له‌نێوانیاندا هه‌یه‌، توركیا ده‌یه‌وێت جه‌نگی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی بكات له‌پێناو ئاشتی له‌ ناوه‌وه‌.
4-له‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی شه‌ڕی چه‌كداری توركه‌ناسیۆنالسته‌كان ته‌نها له‌ باكوری كوردستان چه‌قی به‌ستووه‌ ناتوانێت په‌ل بهاوێژێت، بۆیه‌ عه‌فرین پێش ئه‌وه‌ی شارێكی ڕۆژئاوای كوردستان بێت شكۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته ‌و پێگه‌ی جوگرافیه‌وه‌ ده‌كه‌وێته ‌سه‌ر ده‌ریا ئه‌وه‌ش خاڵێكی ئیجابیه ‌و كورد به‌ده‌ریاوه‌ گرێده‌دات، به‌وه‌ش خه‌ونی بوون به ‌ته‌رمیناڵی گه‌وره‌ی وزه‌ی توركیا كاڵ ده‌كاته‌وه‌، چیتر توركیا مه‌نفه‌زی ئاوی كورده‌كان نابێت بۆگه‌یشتن به‌جیهانی ده‌ره‌وه‌.
5- له‌دوای گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغان و چوونی حیجاب بۆكۆشكی كۆماری خه‌ونی ئیسلامیزم و ئیمپڕاتۆریه‌ت تۆخبۆ‌ته‌وه‌، له‌دوای ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی توركیا له‌ده‌ست تێوه‌ردانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ درێغی نه‌كردووه‌، خه‌ون به‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بینێت كه ‌ڕێگای ئاوریشمیه‌ له‌ئۆڕاسیادا په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌نێوان چین و هاوپه‌یمانه‌ بازرگانه‌كانی كه‌ یۆنان و ڕۆمانی كۆن به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌ئه‌گه‌ری دروست بوونی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردی به‌ئاسانی ناتوانێت ئه‌وخه‌ونه‌ی بهێنێته‌دی، كورده‌كان به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی توركیان له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆجیهانی ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵات.
‌توركیا ده‌وڵه‌تێكه‌ پایه‌بنه‌ڕه‌تیه‌كانی له‌سه‌ربنه‌مای دیكتاتۆری و ڕه‌گه‌زپه‌رستی فۆڕموله‌ بووه‌، تاوه‌كو ئێستاش له‌مادده‌ی یه‌كی ده‌ستوری توركیا دان به‌یه‌ك نه‌ته‌وە ‌و یه‌ك ئاڵا و یه‌ك زماندا ده‌نێت له‌كاتێكدا بیست دوو زمان و چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جیاواز هه‌یه‌، به‌درێژایی مێژوو دژایه‌تی بزوتنه‌وه‌ كوردییه‌كانی كردووه‌، بۆ یه‌كه‌مجار چه‌كی كیمیایی له‌سه‌ر كورد تاقی كرده‌وه‌ له‌ساڵی 1923 ز، ئه‌م سه‌ركێشیه‌شی بۆسه‌ر عه‌فرین هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ له‌م جه‌نگه‌دا ئه‌وه‌یه‌ توركیا توشی دۆڕانێكی مۆڕاڵی ده‌بێت كه‌پڕیشكی ئه‌م شه‌ڕه‌ ته‌واوی توركیا ده‌گرێته‌وه‌، عه‌فرین نه‌ك هه‌ر نابێته‌ پارێزگایه‌كی توركیا به‌ڵكو ده‌بێته‌ ئه‌و ژه‌هره‌ی به‌گه‌روی توركیادا ده‌ڕواته‌ خواره‌وه‌، دواجار وه‌ك چڵه‌ زه‌یتونێكی وشك به‌ئاسانی ده‌شكێت و هه‌پرون به‌ هه‌پرون ده‌بێت، عه‌فرین ده‌بێته‌ ڕه‌مز و سمبولی كورد، ئه‌وپانتایه‌ ده‌بێت كه‌له‌وێوه‌ جارێكی تر بزوتنه‌وه‌ی كوردی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی داده‌ڕێژێ و ئاڕاسته‌ی ده‌كاته‌وه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مریكاش نایه‌ته‌ ژێر سه‌قفی داواكارییه‌كانی توركیا له‌وه‌ دڵنیابۆته‌وه‌ كه‌ توركیا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نیه‌ و ناتوانرێت پشتی پێببه‌سترێت و پڕۆژه‌ی دوورمه‌ودای ستراتیژی له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ زۆر كاریكرد بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی توركیاوه‌ ڕێگری له‌هه‌ژمونی ئێران و ڕووسیا بكات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بو، دواجار ئه‌ویش چووه‌ به‌ره‌ی دژ به‌ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی واقعی و كرده‌یی ڕوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا دژی له‌شكركێشی توركیایه‌ و نایه‌وێت ببێت به ‌به‌شێك له‌مێژوی جیهان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت وه‌ك مێژوو له‌ ڕابردودا بمێنێته‌وه‌، له‌وبواره‌دا ده‌توانم ئاوا بڵێم ئه‌وسه‌ركێشیه‌ی توركیا ده‌كرێت ئه‌وه‌ی لێبخوێندرێته‌وه‌ ته‌واوكردنی ئه‌و زنجیره‌ هێرش و په‌لامارانه‌یه‌ كه‌داعش و هاوشێوه‌كانی داعش ئه‌نجامیان دا و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، ئه‌مریكا له‌داهاتودا به‌ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری توركیا ده‌بێت و باشترین به‌دیلی توركیاش كورده‌كانن، كه‌ وێنه‌یه‌كی جوانی دیموكراسیان پێشكه‌شی جیهان كردووه‌، ئیراده‌ی به‌هێز و پۆڵاینی شه‌ڕڤانان و فۆڕمۆله‌بوونی هێزی ده‌سته‌جه‌معی له‌توانایاندا هه‌یه‌ وه‌ك كۆبانێ هه‌موو ته‌حه‌دیه‌كان تێبپه‌ڕێنێت.

© 2017 Hawler