تشرینی یەکەم 20, 2020

سەنگەر قوباد

 

داڤوس سەرانی وڵاتە بەهێزەکانی بۆ ئابووری کۆکردەوە، کە هەردوو سەرۆکەکەی عێراق (عەبادی و بارزانی) یشی لەخۆ گرت. هاوشانی سەرۆکی حکومەتی عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بانگهێشت کرا، کە هەندێک لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی عێراقی شیعی تووڕە کرد. ئەمە جگە لەوەی هەرێمی کوردستانیش لە ڕووی ئابوورییەوە بایەخێکی نێودەوڵەتیی هەیە، ئەوەیش ڕوون دەکاتەوە؛ هێشتا هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی زلهێزی جیهان گرنگە.
نێچیرڤان بارزانی لە سیاقی داڤوسدا، جگە لە بەشداریکردنی لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە، لە پەراوێزدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەرێمی تاوتوێ کرد، ئەمەیش هەلێکی باش بوو و، بە گوتەی خۆی "بەر لە هەڵبژاردنی عێراق کێشەی موچە و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان چارەسەر دەبن." کێشەکانی تریش بۆ قۆناغەکانی دواتر.
بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆڕبەندی داڤۆس ئەوە بەرچاو دەخات؛ هەرێمی کوردستان چووەتە نێو هاوکێشەی سیستمی کەپیتاڵیزمی گڵۆباڵ ـەوە، واتا ئێستا کوردستان بەشێکە لەو سیستمە سەرمایەدارییە جیهانییەی کە جیهان بەڕێوە دەبات، ئەمەیش کەم نییە، چونکە تا هەرێم لەو سیستمەدا بێت پارێزراو و جێی بایەخ دەبێت.
ئەگەر هەرێم بتوانێ بۆ هەمیشە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزبێ و لەو سیستمەدا بمێنێتەوە، ئەوا لەباربردنی کیانی کوردی ئەستەمە و، بگرە هیچ دووریش نییە لە قۆناغەکانی داهاتووی دوور یان نزیک دا بە خەونی لە مێژینە (سەربەخۆیی) ی خۆی بگات. هەر چەندە بەم دواییە هەوڵی سەربەخۆییی کوردستان لە لایەن سیستمی کەپیتاڵیزمی جیهانییەوە شکستی پێ هێنرا، بەڵام بەشداریپێکردنی نێچیرڤان بارزانی لە داڤوس ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ پێویستیی بوونی کورد لە سیستمە جیهانییەکەدا و، درەی دەخات؛ هەرێم پەراوێز نەخراوە.

 

© 2017 Hawler