ئەیلول 20, 2020

سەنگەر قوباد

 

سەردانییەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوای ماوەیەک لە دابڕانی دوورودرێژ، سەردانێکی دیبلۆماسیی بەفەڕ و سەرکەوتووە. بەفەڕە چونکە بە دڵنیایییەوە دەبێتە هۆی چارەسەربوونی گرفتە دارایییەکانی هەرێم و سەرلەنوێ بوژاندنەوەی کەرتە جیاوازەکانی کوردستان. سەرکەوتوویشە چونکە دەبێتە هۆی تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.
هەر کاتێک پێوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند باش بووبێت، خێر و بەرەکەتی دارایی و بوژاندنەوەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان ڕووی داوە. خۆشترین ساڵەکانی هەرێم و بەفەڕترین قۆناغی زەمەنیی هەرێم ئەو کاتانە بوو کە پێوەندییەکی باشی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە و سیاسییەکانی کوردیش بە جددی لە بەغدا ئامادەیییان هەبووە، کە ساڵانی نێوان 2005 بۆ 2003 بوو. لەو ماوە زەمەنییەدا پارەیەکی زۆر ڕژایە نێو شارەکانی هەرێم و ژیانێکی شایستە بۆ کوردستانیان دەستەبەر بوو، کە بریتی بوو لە موچە و بودجەی باش، پڕۆژەی خزمەتگوزاری و جووڵەی بازاڕ و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و هەلی کار و گەشتی فراوانی کوردستانیان بۆ شارە جیاجیاکانی جیهان و . کەچی لەگەڵ تێکچوونی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هیچ کام لەو دەستکەوتانە نەمان و خۆشگوزەرانی پاشەکشەی کرد، تا گەیشتە ئەوەی دۆخێکی دژوار بخوڵقێت. ئێستا و دوای ململانێیەکی سیاسیی سەختی نێوان هەردوو لا، سەردانیکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و بینینی حەیدەر عەبادی و تاوتوێکردنی گرفتەکانی نێوانیان و ناساندنی دانیشتنەکەیان بە تایپێکی سەرکەوتوو، ئومێدی ئەوە دەگەیەنێت کە هێدی هێدی ئاریشەکانی هەرێمی کوردستان روو لە چارەسەر بن و باری گوزەرانی هاونیشتیمانیانی کوردستانیش ببوژێتەوە.
لە ڕووی سیاسیشەوە ئەم سەردانە فاکتەرێکی کاریگەر دەبێ بۆ درێژەپێدانی کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتنی هەردوولا، هەر کاتێکیش پێوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوولا بەهێز بووەوە، ئەوا بێگومان پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش بەهێز دەبێتەوە، چونکە دونیای دەرەوە تا ئەو شوێنە حیساب بۆ کوردی ئەم بەشەی کوردستان دەکەن، کە لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە و لە حکومەتی فیدراڵی ئامادەیی هەبێت، لەبەر ئەوەی کوردیان بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەوڵەتی عێراق دەوێت. هەر بۆیە ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەسوود دەبێت.

© 2017 Hawler