ئاب 22, 2019

كەركوك و عەفرین خیانەت و تاكڕەوی

ئاریان فەرەج

 

داگیركردنی كەركوك و پەلاماردانی عەفرین، هەردوك تەواوكاری یەك پیلانن. هەردوك بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد و رێگرییە لە ئاواتەكانی. مەبەست لە هەردوكیان بەرتەنگ كردنەوەی جوگرافیا و سەرزەمینی كوردستان و زەوتكردنی سامان و داهات و تواناكانی میللەتی كوردە. هەردوكیان داگیركاری و زوڵم و ستەمن.
كورد بە درێژایی مێژوو، قوربانیی دەستی دڵرەقیی داگیركەرەكانی و خۆخۆری و ناڕێكی نێوخۆیی بووە. كەركوك داگیركەر پەلاماری دا، بەڵام گەر خیانەت و ناپاكی نێوخۆیی نەبوایە، نەدەگیرا. لە عەفرین و رۆژئاواش گەر پەكەكە لە سەرەتاوە دەستی لە سیاسەتی تاكڕەوی هەڵگرتبا، گەر بیهێشتبا تێكڕای هێزەكانی رۆژئاوا پێكەوە لە مەیدان بونایە و بیانسەلماندبایە كە ئەوان نوێنەرایەتی دۆزی كوردی رۆژئاوا دەكەن و پاشكۆی پەكەكە و كوردی باكور نین، بەهانە نەدەكەوتە دەست دەوڵەتی توركیا تا پەلاماری عەفرین بدات. گەر پەكەكە خۆی بەسەر دۆزی كوردی رۆژئاوادا نەسەپاندایە و ئیرادەی داگیرنەكردبان، تورك نەیاندەتوانی بە هەنجەتی بەرگری لە ئەمنی نەتەوەیی و بەرەنگاربونەوەی خەتەری پەكەكە، پەلاماری رۆژئاوا بدەن.
لە دوای كارەساتی كەركوك و لەگەڵ ئەم پەلامارەدا بۆ سەر عەفرین،كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیسان لەبەردەم ئیمتیحانێكی دیكەی ئەخلاقیدایە، كەركوك پێشمەرگەی كورد لە داعشی پاراست و خەڵكەكەی لە مەرگ و ماڵوێرانی رزگار كرد، كەچی پاداشتی كورد دەركردنی پێشمەرگە و داگیركردنی شارەكە بوو بە دەستی میلیشیا مەزهەبییەكانی هاوشێوەی داعش و بە بەرچاوی زەقی دونیاوە.
عەفرین شەڕڤانانی كورد لە داعشیان پاراست و نەیانهێشت بە دەردی رەققە و شارەكانی دیكەی سوریا بچێتو لەو پێناوەدا زۆرترین قوربانییان دا، كەچی وا بە بەرچاوی زەقی جیهانەوە لە كورد دەستێنرێتەوە و داگیردەكرێ.
لەشەڕی تێكشكاندنی ئەفسانەی داعشدا، جگە لە كورد، جیا لە پێشمەرگە و شەڕڤانانی كورد، كەس نەیوێرا مەیدان لە داعش بگرێ و پاشەكشەی پێ بكات. تەنیا جەنگاوەرانی كورد بوون شەرەفی شكاوی جیهان و ناوچەكەیان دوبارە كڕییەوە و پاشەكشەیان بە داعش كرد، كەچی هەر هەموو ترسنۆك و راكردووەكانی دوێنێ، هەموو لەشكرە تێكشكاو و هەڵهاتووەكانی دوێنێی بەردەم داعش، ئێستا لە كورد بوونەتە فس فس پاڵەوان و شەڕكەر و پەلاماردەر.
مێژوو دوبارە حەكایەتی بێمروەتی و نامەردییەكی گەورە بەرامبەر میللەتی كوردی ئازادیخوازی مەزڵوم دەنوسێتەوە، كورد ئەمجارەیان دەبێ دوو عیبرەتی گەورە وەربگرێت: یەكەمیان : داگیركەران هەرگیز دەست لە سیاسەتی نكۆڵی لە كورد و مافەكانی هەڵناگرن. دووەمیش: تا خیانەت و خۆخۆری و تاكڕەوی و تەفرەقەی ناوخۆیی هەبێ، ئەمە حاڵمان دەبێت.

© 2017 Hawler