کانونی یەکەم 12, 2019

خۆزگه‌ هه‌موو کورد کۆمێنته‌کانی ده‌بینی

سیامەند سیلكی

 

له‌یه‌که‌م ساته‌کانی په‌لاماری سوپای داگیرکه‌ری تورک بۆ سه‌ر عه‌فرین، که‌ناڵی سکای نیوزی عه‌ره‌بی به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ ڕوماڵی رووداوه‌کانی ئه‌و په‌لاماره‌ دڕندانه‌یه‌ی ده‌کرد، کومێنتێکی زۆر بۆ روماڵه‌که‌ ده‌هات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنج و بۆچوونی شه‌قامی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئه‌و داگیرکاریه‌ بزانم سه‌یرێکی کومێنته‌کانم کرد. زیاتر له‌سه‌دا نه‌وه‌دی کومێنته‌کان ده‌ستخۆشیان له‌ئه‌ردۆگان و سوپای تورکیا ده‌کرد! کوردیان به‌ به‌کرێگیراوی ئیسرائیل و مورته‌د و له‌دین هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌قه‌له‌م ده‌دا! بێ جیاوازی سوکایه‌تیان به‌سه‌رۆک بارزانی و تاڵه‌بانی و ئۆجئالان ده‌کرد! داوایان ده‌کرد سوپای تورکیا به‌زه‌یی به‌گه‌وره ‌و بچوکی کورد نه‌کات و هه‌رهه‌موویان قه‌تل و عام بکات! داوایان ده‌کرد سوپای تورکیا بۆ پاراستنی یه‌کپارچه‌یی سوریا و عیراق، هێرش و په‌لاماره‌کانی بۆ سه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ فراوان بکات که‌ له‌ده‌ست کوردن و کورد تێیدا ده‌ژیت! به‌کورتی و به‌کوردی کومێنته‌کان پر بوون له‌ ڕق و کینه‌ و دۆژمنکارییه‌کی ڕاده‌به‌ده‌ر به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو کورد.
خۆزگه‌ هه‌موو تاکێکی کورد ئه‌و کومێنتانه‌ی ده‌بینی و که‌مێک ئە‌قل ده‌بوه‌ مێوانمان و بیرێکمان له‌حاڵی خۆمان ده‌کردوه‌. خۆزگه‌ به‌بینینی ئه‌و کۆمێنتانه‌ ده‌مانتوانی بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ که‌ له‌چاوی تورک و فارس و عه‌ره‌بدا کوردی باش و خراپ نیه‌، به‌ڵکو له‌چاوی ئه‌واندا هه‌موو کورد مورته‌ده ‌و ده‌بێت بکوژرێت! خۆزگه جیاوازیه‌کانمان وه‌لا ده‌نا و روحی فیداکاری و خوێن به‌خشین له‌پێناو ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیدا لای هه‌موو تاک و کۆمه‌ڵگای کوردی دروست ده‌بوو، خۆزگه‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ مردنێکی شه‌رفه‌مه‌ندانه ‌و سه‌ربه‌رزانه‌ له‌پێناو سه‌ربه‌خۆییدا هه‌ڵده‌بژارد. خۆزگه‌ هه‌موومان له‌حیکمه‌ت و ئه‌هەمیه‌تی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆخوازانه‌ی سه‌رۆک بارزانی تێده‌گه‌یشتین و چیتر له‌پێناو موچه و پاره‌دا ملکه‌چی دوژمنان نه‌ده‌بووین .

© 2017 Hawler