ئاب 18, 2019

سەردانەکەی بارزانی و شرۆڤەی شرۆڤەکاران!

عزت سبری

 

دوای ڕیفراندۆمەکەی گەلی کوردستان و کارەساتە لەیاد نەکراوەکەی 1٦ ئۆکتۆبەر، بۆ یەکەمجار شاندێکی پایەبەرز لە هەرێمی کوردستانەوە چوە بەغدا. دوای دیداریان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، زۆر شرۆڤەکار زوو کەوتنەخۆ، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم سەردانە، بەڵام ئەوەی من زۆربەیانم خوێندۆتەوە هیچ کامیان ئامانجی سەردانەکەیان نەپێکا، زوربەیان بەسەردانێکی ئابووری هەژماریان کرد. بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ کرۆکی بابەتەکە دوایی سەردانی وەفدێکی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرگ و دۆگلاس سیلێمان بالیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا، ئەم سەردانە لەناکاوەی دەوڵەتمەداری لێکەوتەوە، ئەویش دوای ئەوەی دروستبوونی هاوپەیمانیەتیەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هیچ لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمەریکا هاوتەریب نەبوون، بەتایبەتی دوای دروست کردنی تەڵەیەکی گەورە بۆ عەبادی ئەویش هاوپەیمانیەتی بەستن لەگەڵ حەشدی شەعبی و دواتر کشانەوە و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانەتیەکەی عەبادی ئەوا عەبادی کەوتە چالێک کەدەربازبوونی تاڕادەیەک زەحمەتە، چونکە ئەمەریکا پێدا گرە لەوەی عەبادی بۆ چوار ساڵی تریش سەرەک وەزیران بێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژییەی دۆنالد ترامپ لەعێراق هەیەتی. بۆیە مەکگۆڕک بە نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاندووە دەبێ ئێوە پشتگیری لە عەبادی بکەن و لەبەرامبەردا عەبادی ناچار دەکرێت پێداچونەوە بە پرۆژەی بوودجەدا بکات و پشکی کوردستان لە سەدا حەڤدە جێگیربکات و فڕوکەخانەکان دوبارە بکرێنەوە، چونکە هیچ هیوایەک لەبەردەم عەبادیدا نیە یان پەنابردن بۆ کورد یان سەدر ئەوەی دووەمیشیان زۆر قورسە، هەروەها سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ تاران هەمان بۆچوون دووبارە دەکاتەوە، چونکە تاران زۆر بەجدی لەگەڵ ئەوەیە لیستی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی زۆرینەی کورسیەکان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران، ئەمەش معادلەیەکی قورسە بۆ دەوڵەتمەدار لەنێوان دوو سیاسەتی دژ بەیەک لەنێوان واشنتۆن و تاران بەرژەوەندییەکانی کوردستان بپارێزیت بۆ ئەوەی نەبینە سوتەمەنی لەنێوان ئەم دوو وولاتە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە چۆن ماڵی شیعە پەرتەوازەبوونە ماڵی کوردیش پەرتەوازەیە. کشانەوەی هەرسێ حزبەکان لە حکومەت بەجێهێشتنی پارتی و( هەندێک لەیەکێتی) لەم بارودۆخە قورسە، ئەرکی قورستر دەبێت. هەم لەڕووی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ناوخۆ و کاروباری دیبلۆماتیدا، چونکە دوای سەردانی تاران دەبێ سەردانی داڤۆس بکات بۆ کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ئەمیش هەم سەردانێکی بەسود هەمیش قورس، بۆیە دەبێ بەهەموو شێویەک پشتگیری بەڕێزیان بکرێت تاکو شەمەندەفەرە لە ڕێ دەرچووەکەی کوردستان بهێنێتەوە سەر هێڵی خۆی.

© 2017 Hawler