ئاب 18, 2019

شرۆڤەکردنی سیاسی لەسەردەمی ئێستاماندا

سیروان مینەخان

 

لەم سەردەمەی ئێستاماندا، پێویستییەکی زۆرمان بە شرۆڤەکردنە، چونکە زمان هۆیەک نییە بۆ گواستنەوەی مەبەست بە روونی و لە هەمان کاتیشدا گوێگریش کەسێکی بێ ئاگا نییە. چەندین پرسیار لای سەرهەڵدەدات هەر بۆیە گوتارەکان پێویست بە شرۆڤەکردن دەکات تا لایەنە شاراوەکانی نێو گوتار بخرێتەڕوو. شرۆڤەکردنی سیاسی بۆتە بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی هاوچەرخ بۆ پیاوی دەوڵەت و بەرپرسی ئاسایش و بەرپرسی سیاسی و گرنگی پێدەرانی سیاسەت و بیرمەند تا بتوانن ئەوەی لە جیهان و دەوروبەرەکەیاندا دەگوزەرێت تێبگەن و هەنگاوی وردی بۆبنێن . سەرەڕای ئەمانەش لە دەزگاکانی راگەیاندن و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە شرۆڤەکاری تر هەن، شرۆڤەکردن دوو ئەرک لەخۆدەگرێت : خۆپارستن و پێشبینیکردنی دیاریدە نەرێنییەکان و خستنەڕووی دەرهاویشتەکان بۆ دابینکردنی خۆپاراستن، دەتوانین بڵێین رێگەگرتنە لە پێشهاتە چاوەڕوان نەکراوەکان یان چارەسەرکردنییەتی . شرۆڤەکردنی سیاسی زانست و هونەرە، زانستە، چونکە رێبازەکانی زانستی پیادەدەکات بۆ ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە تابگاتە ئەنجامێکی سەرکەوتوو، هەروەها هونەرە، چونکە پشت دەبەستێت بە بۆچوونی شرۆڤەکار و شارەزایی کەڵەکەبووی، شرۆڤەکردن شارەزاییەکە ئەرکی هۆشەکی بەکاردەهێنرێت بۆ پرۆسەی شرۆڤەکردن و رێکخستن و پۆلینکردن تا دەگاتە ئەنجامێکی دورست و لۆجیکی بۆ رووداوە سیاسییەکان و پێشهاتەکان . شرۆڤەکردنی سیاسی وەک دراوێکی دوو ڕوو وایە هەریەکەیان پرسیارێک لەخۆ دەگرێت،کە بریتین لە (چی رویدا؟) (بۆ رویدا؟)، بەڵام بابەتی نەبوونی شرۆڤەکاری سیاسی و تێکەڵکردنی لەگەڵ هەست و سۆز و ئایدیۆلۆجیا و بۆچوونی خۆی وای لێهاتووە پرسیارەکە بەم شێوەی خوارەوەی لێبێت : - شرۆڤەکاری سیاسی چی دەوێت ؟ - بۆچی شرۆڤەکاری وای دەوێت ؟ ئەمەش وادەکات، ئێستا بڕوخێنێت و ئایندە دورستبکات و مرۆڤی ئاسایی بخاتە گومانەوە . زۆر جار مەرام مەبەستەکان لە شێوەی شرۆڤەکردنی سیاسی دەخرێتەڕوو و باس لە چەند سیناریۆیەک دەکەن تا رووداوەکە بەو ئاڕاستەیە ببات، کە خۆیان دەیانەوێت بە واتایەکی تر ئەقڵ ناچار بکەن، ئەنجامەکان قبوڵ بکەن . ئەم شرۆڤەکردانەی ئێستا باوە زیاتر دەچێتە خانەی پڕوپاگەندەکردن و مەرایکردن و خۆبردنەپێش بۆ لایەنێک و لە خانەی زانستی دەرچووە .

© 2017 Hawler