تشرینی یەکەم 17, 2019

گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا، بەرەو کوێ؟

ناسک سعید

 

لەدوای رێفراندۆمەوە بەتایبەت پاش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق چۆتە قۆناغێکی نوێوە کە لەهەندێک رەهەندەدا پێشبینیکراو بوو چونکە چەندین ساڵە بەغدا بە بیانوی جیاواز مافە دەستوریەکانی کورد پشتگوێ دەخات و جێبەجێیان ناکات.
حکومەتی عێراق لەرێی ئەجێندایەکەوە هەوڵیدا بەشێوەیەکی رەهایی تەواوی دەسەڵاتەکانی کورد کەم بکاتەوە تا بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کورد بیرلە تەسلیم بونی خۆی بۆبکاتەوە. ئەم ئەجیندایە بەهۆی مکوڕبونی کورد لەسەر داوا و مافە دەستوریەکانی نەچووە ژێر باری ئەو پیلان و بەرنامانەی عەبادی دایرشتبوو. لەلایەکی دیکەوە فشاری نێودەوڵەتی بەتایبەت وڵاتانی وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لەم کۆتایەشدا ئیتاڵیا فاکتەرێک بوون بۆ بەردەوام بوونی کورد لەسەر بەرجەستەکردن و پێداگیری مافەکانیان.
پاڵپشتی ئەو وڵاتانە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هانی کوردیدا کە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان لەگەڵ بەغدا بچنە سەر مێزی گفتوگۆ،بەپێچەوانەوە سەرباری ئەم فشارە نێودەوڵەتیانە عەبادی وەک پێویست نەهاتۆتە سەرمێزی گفتوگۆ و بەجۆرێک غرووریەتی دەسەڵات گەیاندویەتیە ئاستێک کە دەیەوێت ئەم کارانەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتێکی سیاسی و حکومی بۆ خۆی بەکاربهێنێت لەپێناوی دووبارە خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ حکومەتی ئایندەی عێراق،هەروەک چاودێرانی سیاسی ئاماژەی پێدەکەن ئەم رەفتارە سیاسیەی هەڵەیەی عەبادی دواجار لەبەرژەوەندی خۆیدا ناشکێتەوە.
بینیمان لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانەی عەبادی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرێز نێچێرڤان بارزانی ئامادەی حکومەتی دەربری بۆ دانوستان، لەبەرئەم فاکتەرەشە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پاڵپشتی زۆری لێدەکرێت بۆ ئەو مێسجە ئاشتیانەی بۆ حکومەتی عێراقی ناردوە و داوای دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات بۆ تێپەراندنی کێشە و قەیرانەکان تا لەکۆتا پەیوەندی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا '' تێلەرسۆن'' ئاماژە بە هەڵوێستە ئەرێنیەکانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم دەکات بۆ بەرەوپێشچوون و چارەسەرکردنی گرفتەکان.
ئەم جۆرە تەرکیز کردنە لەسەر هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی روونە بۆ گرنگی پێدانی وڵاتان بە کوردستان لەسەرجەم رەهەندەکانەوە، بەو مانایەی ‌هەرچەند حکومەتی عێراق دەیەوێت رێگری بکات لە پتەوبون و گرنگی پێدانی وڵاتان بە حکومەتی هەرێم بەڵام هەتا ئێستا بۆی مەیسەر نەبووە. لەم سۆنگەوەیە هەفتانە عەبادیئەم پرسەی کردۆتە بابەتی سەرەکی لە وتاری هەفتانەیدا و لێدوانی جیاواز لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان دەدات و دەیەوێت هەیمەنە و دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت.
ئەوەی جێگەی بایەخە لێرە هێمای بۆ بکرێت، بۆ حکومەتی هەرێمگرنگە لەرێگەی پلان و بەرنامەرێژیەکی نوێوە هەوڵی تێپەراندنی ئەم قۆناغە سەختە بدات، لەکاتێکدا راستە لەسەر ئاستی ناوخۆییدا هەندێک حزب لە حکومەت کشاونەتەوە، بەڵام ئەوەش روونە کە ئەم بریارانە کاریگەری لەسەر کاری ئایندەی حکومەت نابێت و بەدڵنیایەوە ئەمەش تێپەر دەبێت و کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.
رەنگە ئەمانە لە دیدی عەبادیەوە وەک شکستێک بۆ حکومەتی هەرێم ئەژمار بکرێت و دووریش نیە لەپێناوی ئەو ئامانجەدا پاڵپشتی هەندێک قەوارەو پارتی سیاسی کوردیش بکات، لەهەمانکاتدا پاڵپشتی نێو دەوڵەتی بۆ کورد و فشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی بەغدا دەتوانێت شکست بەو ئەجێندایانە بهێنێنن کە پارتە سیاسیەکانی بەشداربوی حکومەت نەخشەیان بۆ داناوە و دەیانەوێت لەرێی کشانەوەیان شکست بە حکومەتی هەرێم بهێنن، دواجار ئەم هەڵویستانەش وەک کارتێکی سووتاو سەیر دەکرێن و هیچ بایەخێکیان نابێت.

 

© 2017 Hawler