کانونی دووەم 24, 2020

ئاریان فەرەج

 

 

لە شازدەی ئۆكتۆبەردا كەركوك بە خیانەت و بە زەبری هێزی عەسكەری داگیركرا. ئەو داگیركارییە كوردستانییەتی كەركوك ئیلغا ناكاتەوە. وەك چۆن كاتی خۆی تەعریب و تەهجیر نەیتوانی كەركوك لە كورستان جیابكاتەوە.
داگیركەر بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ شارێكی كوردستانی نییە، سەركوتكاری و داگیركاریی دادی نادات، بۆیە دەیەوێت لە هەڵبژاردنێكدا كە لە ژێر كۆنترۆڵ و زەبر وزەنگی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەشداری بە كورد بكات تا بتوانێ نەك بە زەبری داگیركاری بەڵكو بە لۆژیكی دەنگ و كورسی ئیدیعا بكات كە كەركوك كوردستانی نییە و داگیركردنیشی لە لایەن بەغداوە وەك كۆنترۆڵكردنی هەر پارێزگایەكی عەرەبیی عێراقییە.
هەڵبژاردنێكی لەو جۆرە كە بەغدا نەخشەی بۆ كێشاوە و دەیەوێت بە زەبری هەڕەشە و گوشار سەنگ و قورسایی كوردی تێدا كەم بكاتەوە، ئەگەر بە بەشداری هێزە كوردییەكان بەڕێوەبچێت، واقیعی ناڕەوای داگیركاری دەگۆڕێت بۆ واقیعێكی رەوای پشتقایم بە شەرعیەتی ئینتخابی، بەڵگەنامەیەكی مێژوویی دەگمەن دەداتە دەست بەغدا تا ئیدیعای عروبەی كەركوكی پێ بكات و بۆ هەتا هەتایە كوردستانییەتی كەركوك بە ئیدیعایەكی باتڵ بزانێ.
داگیركردنی كەركوك، دواجار جگە لە داگیركردن شتێكی دیكە نییە و باتڵە و شەرعییەتی نییە و رۆژێك دێ كۆتایی دێت، بەڵام شەرعیەتدان بە داگیركاری لە رێی بەشداریكردنی كورد لە هەڵبژاردنی ژێر سایەی ئیحتیلالدا، مەترسیی جددی لەدەستدانی یەكجارەكی كەركوكە.
بایكۆتی هەڵبژاردنی ناشەرعی و ژێر ئیحتیلالی عەسكەری لە كەركوك، تاكە رێكارە بۆ رێگرتن لەو پیلانە شومەی بۆ زەوتكردنی یەكجارەكیی كەركوك لە ئارادایە. كوردانی كەركوك و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە نە دەتوانن لەژێر ئیحتیلالدا ئازادانە دەنگ بدەن و نەبەشداریی هێزە كوردییەكانیش بەم پەرتەوازەیی و لێكترازانە زەمانی دەنگهێنان و سەركەوتنی بۆ كورد تێدایە. لە هەمان كاتیشدا بەشدارییەكی لەو جۆرە لە لایەن كوردەوە، قبوڵكردنی واقعی تاڵی داگیركاری كەركوكە وەك واقیعێكی ئاسایی.
هەڵوێستی كوردانە و كەركوكیانەی پارتی و بایكۆتی هەڵبژاردنی ژێر سایەی ئیحتلال، دەبوا هەڵوێستی كۆی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بوایە، باشترین وەڵام بۆ خیانەتی شازدەی ئاب و دەستگرتن بە كوردستانییەتی كەركوكەوە، بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە نامەشروعەیە.

© 2017 Hawler