ئاب 15, 2020

چەرمی ڕووی هێند قایمە شمشێری میسری نایبڕێت

بەختیار شاخی

 

خیانەتەکەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر برینێکی هێندە قووڵە تاهەتایە ساڕێژ نابێت. تا ئێستاش زۆربەی خەڵک لە شۆکی ئەو خیانەتەدا ماون و باوەڕ ناکەن لەو کاتەدا کە کوردستان لە ئاواتەکەی هێندە نزیک بوو، چەند کاڵفامێک بتوانن خەنجەرێکی ئاوا نامەردانە لە دڵی کوردستان بدەن و خیانەتێکی ئاوا گەورە بکەن و بەچەند سەعاتێک ڕەنجی کورد بە با بدەن.ئەوەی جێی سەرنجیش بوو، لەو کۆستەی گەلی کودستاندا، ئەو بەناو ڕۆشنبیرانەی کە خۆیان بە سەرقافڵەی "داکۆکیکردن لە مافی خەڵک" دەزانن، هەر ئەو قەڵەمبەدەستەخۆپەرستانەی پایتەختی ڕۆشنبیری کە لەسەردەمی مەلیک مەحمودیشدا بوونە نۆکەری داگیرکەر، ئەمجارەش بەرەی خیانەتیان هەڵبژارد و خۆیان و وڵاتیان بە چەند دینار و تمەنێک هەرزانفرۆش کرد.
دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند کە شەرعیەت ناداتە داگیرکاری و تا ڕەوشی داگیرکاری بەردەوام بێت، بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە ناکات، قەزەمەکانی باڵی خیانەت و دابەستەکانی ئەو باڵە لە بەغدا، هاواریان لێ هەستاوە و دەڵێن :"پارتی بەم بڕیارەی کەرکووک دەداتە دەست قەدەر"!
ئەمە چ ڕوویەکە گەلۆ؟! ئەوانەی کەرکووکیان فرۆشت، ئەوانەی خیانەتیان لە حزبەکەی خۆیان کرد و نامەردانە بوونە هاوسەنگەری هێزی داگیرکەر و چوونە پشت سەنگەرەکانی پێشمەرگە و تەقەیان لە پێشمەرگە دەکرد و دەیان پێشمەرگەی یەکێتییان شەهید کرد، ئێستا بەو ڕووە قایمەوە باسی لەدەستدانی کەرکووک دەکەن. ئەو کەسەی لە ڕۆژی داگیرکردنی کەرکووکدا و لەبەرنامەی ڕاستەوخۆی کەناڵی باڵی خیانەتەوە پڕ بە گەرووی و بە بزە و دڵی خۆشەوە دەیگوت: "هێزەکە واڕۆیشتن وتێپەڕین، وا بەرەو هەولێر دەڕۆن و ئەمشەو دەچنە ناو هەولێر". بەڵێ هەر ئەوانەی بە خەیاڵ و پیلانی داگیرکردنەوەی هەولێر و هەموو کوردستان بوونە جاشی حەشد، ئێستا چۆن لەڕوویان دێت باسی کەرکووک بکەن و خۆیان بە خاوەنی ئەو شارە و خەڵکەکەی بزانن؟ هێشتا پێیان وایە خەڵکی کەرکووک دەنگ بەوان دەدەن؟ هێشتا چاوەڕێن پاداشتی خیانەتەکەیان ئەوە بێت دیسان کۆیلە و خۆفرۆشەکانی ئەوان وەک نوێنەری خەڵکی کەرکووک بچنەوە بەغدا؟ یا دیسان چەند "دابەستە" و موفتەخۆرێک بەناوی ڕاوێژکار و کاوێژکار بچن لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا مووچەی ئەستووری وڵاتفرۆشی بخەنە گیرفانیان؟
هەزار دروود بۆ گیانت شێخ ڕەزا کە لە وەسفی ئەمانە دا نووسیوتە:
چەرمی ڕووی هێند قایمە، شمشێری میسری نایبڕێت
گەر بە کــەوشی کەیت، دەمێنێت، تـا قیامەت نادڕێت

© 2017 Hawler