کانونی یەکەم 11, 2019

ئاریان فەرەج

 

بە كوردیان گووت گەر ریفراندۆم لەم (ناوەختە!) دا بكەن، ریسی ( جیهانی دیموكرات!) لە عێراقدا دەبێتەوە بە خوری. گووتیان عەببادی دۆست و جێ ئومێدی رۆژئاوا توشی حەراجەت دەبێ و هەڵبژاردن دەدۆڕێنێ و بەرەی حەشد و دەستنێژەكانی ئێران سەردەكەون، بەوەش عێراق بە یەكجاری دەكەوێتە باوەشی ئێرانەوە و لەدەست جیهان دەچێ و بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا و ئەمریكا دەكەوێتە بەرمەترسی جددی. گوتیان ئەگەر كورد گرەوی جیهان لەسەر عەبادی بەدۆڕان بدات، توشی سزا و غەزەبی دۆستەكانی دەبێ و جیهان پشتی تێدەكات. ئێمە ئەوكات گوتمان عێراق لە بنەوانەوە لەدەست دەرچووە، گرەوی دیموكراتیانەی لەسەر ناكرێ، نە بە هیچ هێز و كەسێك ئاڕاستە مەزهەبییە تائیفییەكەی راست دەكرێتەوە و نە هیچ هێز و كەس و ئیرادەیەكی لەو جۆرەش لەئارادایە. فەرمانبەرە مەسلەكییەكانی ئیدارەی ئەمریكا، سوور بوون لەسەر ئەو زیندەخەونە بێ ئاكامە. كورد سزای سەخت و بێ رەحمانەی بەركەوت و لەسەر مومارەسەیەكی دیموكراتیانە لە لایەن جیهانی (دیموكرات)ەوە كەوتە بەر تۆڵەی بێ بەزەییانە.
رۆژەكان زوو تێپەڕین و گەیشتینە دەورانی هەڵبژاردن و وەرزی چنینەوەی بەرهەمی سیاسەتەكانی دوێنێ، ئەوەی جگە لە كورد و سەركردایەتی كوردستان، كەس پێشبینیی نەدەكرد، رویدا. عەببادی و حەشد، دۆستانی ئێران و دۆستانی ئەمریكا!! خوازیارانی عێراقی دیموكرات و خوازیارانی عێراقی مەزهەبی نەبوون بە دوو جەمسەری دژ بەیەك، بوون بە یەك بەرە و یەك لیست و یەك سەنگەر. ئەو حەشدەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەكرد هەڵبوەشێتەوە تا بەرنامە (دیموكراتخوازەكەی عەببادی!!) سەركەوێت، بوونە هاولیست و برابەشی عەببادی، ئەو عەببادییەی جیهانی دیموكرات گرەویان لەسەر كردبوو تا هەژمونی ئیران لە عێراقدا كەم كاتەوە و عێراق بكاتەوە خاوەن ئیرادە و سیادە، دەستی خستە دەستی حەشد و هادی عامری و هەموو ئەو گروپە مەزهەبییانەی دۆست و نزیك لە ئیرانن.
لیستی (عەببادی عامری) ریسی هەموو لایەكی كردەوە بە خوری. ئەوانەی گرەویان لەسەر عەببادی كرد و لەپێناو سەرخستنیدا، كوردیان سزا دا، لەلایەن خودی عەببادییەوە دەسخەڕۆ كران.(خۆ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش بێت له‌سه‌ر قبوڵكردنی حه‌شد به‌رامبه‌ر قبوڵكردنی عه‌ببادی، دیسان ده‌سخه‌ڕۆییه‌). لیستی ( نەصری عێراق) بە موبارەكەی ئێران پێكهێنرا. (نصر)ێك وەك هەموو جار بە پارە و چەك و تانك وتەیارەی ئەمریكا بەدی هات و بەڵام خێر و بێرەكەی نەك هەر بۆ ئەمریكا نەبوو، بەڵكو دۆستێكی سەرڕاستی وەك كوردیشی تێدا بە هەلاكەت چوو.
بەم حكایەتە دەگوترێت ( نەصری ئەمریكی) و لە مێژووی دەیان ساڵی رابردوودا نموونەی زۆرە.

© 2017 Hawler