کانونی یەکەم 11, 2019

مه‌سرور بارزانی چی پێ وتین؟

سەنگەر ھەورامی

لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە بێدەنگییەك گوێچكەمانی سڕ كردبوو، ھەر ئەمەش وایكردبوو كە شتگەلێك بگوترێت و ڕووداوەكان بە شێوەیەك كە بە خواستی خۆیان بخرێنە ڕوو. شتەكان وەك خۆیان نەدەگەیشتن و پاڵەوان و خائینەكان وەك ئەكتەرە سینەماییەكان زوو زوو ڕۆڵەكەیان دەگۆڕا. ئەم ڕووداوانە لە لایەك و ڕەوشی سایكۆلۆژی و ئابوورییەی لە ھەرێمی كوردستانیش كۆمەڵێك دەمووچاوی مێركانتیلیزمی وەرزی ھێنایە گۆڕێ و چەند بەرژەوەندیخوازێكیش سواری مەوجی داواكانی خەڵك بوون. ئیدی كوردستان لە چەند سەعاتێكدا وەك مەنەسەیەكی شانۆ چەندین ئەكتەر دەھاتن و دەچوون، بەرھەمە نوسراوەكانی نێو ڕۆمان و داستانی قارەمانەكانیان پیشان دەدا. كوردستانیانیش ھەر پسولەیەكی سەیركردنێكی نمایشێك بە نیوەی تەمەنی پێشمەرگایەتی و ڕووبارێك خوێن، لەسەریان ھەژماركرا.
لە ١٠ی١ی٢٠١٨ لە دواندنێكی كەناڵێكدا مه‌سرور بارزانی ئەم بێدەنگییەی شكاندوو گوێچكەمانی لەگەڵ دەنگە ئاشناكەی جاران ڕایھێناینەوە. بەڵام مه‌سرور بارزانی چی پێ وتین؟ .
مه‌سرور بارزانی لە دەستپێكی دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم و تا بە ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و ئێستا دەگات، لە پشت پەردەی شانۆوە ئەكتەرەكانی پێناساندین و پێی وتین، ئەوانەی سەر مەنەسەكە تەنھا كەسانی ڕاھێنراون و نمایشی ئەو قارەمانانە دەكەن كە دووبارە لەسەر شانۆ دەیانكوژنەوە و ئێوەیان پێ دەگرێنن. ئەوانە كۆی ژیانی سیاسیان نمایشكردن بووە و نەیان توانیوە ببنە قارەمانێكی نێو داستانێك و دواجار لاساوی بكرێنەوە، چونكە وەھا مێژووێكیان بۆ ئایندەی كورد دروستكرد كە باوەڕناكەم ھیچ ئەكتەرێك ھەبێت ھێندە ڕوو قایم بێت تەمسیلی ئەوان بكاتەوە.
بارزانی ھەر بەمەشەوە نەوەستا و نەك بە ئێمە، بەڵكو بە عێراقییەكان و دونیاشی وت، ئێمە توانیمان لە باتی ھەموو جیھان بەرگری لە ژییانی مەدەنیەت و مانایەكی دروست بە دیموكراسی ببەخشین. بەڵام سەرەنجام ھاوكێشەكان بە جۆرێك ئاوەژوو بوونەوە كە نیشانەی پرسیاری خستە سەر ئەو وڵاتانەی كە بە بانگەوازی دیموكراسییەت و مەدەنییەت بەرژەوەندەكانیان دەپارێزن.
دیوێكی دیكەی قسەكانی مه‌سرور بارزانی، دەبێتە دەستپێكێك بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی سیاسەتی پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر، بە پشتبەستن بەوەی كە بارزانی پێی وایە ھەموو ئەو لامپەرانەی كەلە بەردەم ئەم سیاسەتە وەستابوونەوە بەرەو شكست دەچن. بۆیە بە ئارگۆمێنتگەلێك مه‌سرور بارزانی ڕۆژی ١٠ی١ی٢٠١٨دای وەك ڕاگەیاندنێك بۆ وەگەرخستنەوەی سیاسەتی پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر و بەرانگاربوونەوە ئەو لێشاوە پەلاماردەرەی كە سەركەوتنەكانی كوردستانیان بە دێوەزمە دەبینی و لە دۆڵێكدا چەند كەمتیارێك و ڕێوێك و پشیلەیەكی سپڵەو چەند سەگێكی ماڵی كۆكردەوە و بە بەرچاوی خۆمانەوە درزیان خستە ئەو بنداوەی كە خوێنی دونیایەك قارەمانی تێدا كۆكرابووەوە بۆ ئاسودەی كوردستان، ئەو خوێنەیان ڕژاندە نێو دیجلە و فراد ھەتاوەكو كەنداوەكەی عەرەب و فارسی پێ ڕەنگ بكەن.

© 2017 Hawler