کانونی دووەم 25, 2021

16ی ئۆكتۆبه‌ر و 6ی ئۆكتۆبه‌ر، دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوێك

كەنعان بەهادین

 

له‌وكاته‌وه‌ی كه‌ جووه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ كۆچ كردن به‌ره‌و خاكی فه‌ڵه‌ستین و جێبه‌جێ كردنی به‌ڵێنی به‌لفۆر و دابین كردنی نیشتیمانێك بۆ جوله‌كه‌، عه‌ره‌ب ترسی گه‌وره‌ی لێنیشت، چونكه‌ ئیسرائیل به‌ فراوانكردنی سنووره‌كانی له‌ رێگه‌ی دروست كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێ كردن بۆ جوله‌كه‌، توانی زۆرترین خاكی عه‌ره‌به‌كان به‌ده‌ست بێنێ، تا ئه‌وه‌ی كۆماری سووریا و میسڕ، به‌هاوكاری زۆرترین ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی هاوپه‌یمانێتیان دروست كرد بۆ لێدانی هه‌یمه‌نی جووه‌كان و راگرتنی هه‌موو ئه‌و فراوانبوونه‌ی خاكی ئیسرائیل.
سوپای عه‌ره‌ب ده‌ستی گه‌یشته‌ زۆرترین ناوچه‌ی عه‌ره‌بی و سنووره‌كانی جۆلان و سینا و ناوچه‌ی خۆرئاوای ئۆردن و فه‌ڵه‌ستین، شكۆی سوپای ئیسرائیل تێكشكێنرا، تا ئاستی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌و جه‌نگه‌دا سه‌ركه‌وت.
دواتر هه‌روه‌كو له‌ مێژووی عه‌ره‌بدا هاتووه‌ كه‌ هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسڕ و سووریا به‌ داوه‌تنامه‌یه‌ك گه‌یشتنه‌ لای هنری كسنجر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و داوای لێكردن كه‌ له‌و پێشڤه‌چوونانه‌یان بكشێنه‌وه‌، هاوكێشه‌كانیش به‌وه‌ گۆڕا كه‌ ئه‌نوه‌ر سادات سه‌رۆكی ئه‌وكاتی میسڕ له‌ ته‌لئه‌بیب بینرا و له‌ وێنه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئه‌وكاتی جوله‌كه‌ نانی ده‌خوارد.
بۆیه‌ سارد بوونه‌وه‌یه‌ك بینرا له‌ هه‌ستی عه‌ره‌بچیاتی و نه‌ته‌وه‌ په‌رستی لای عه‌ره‌به‌كان، ئه‌وكات رێكکه‌وتنی كام ده‌یڤید له‌نێوان جووه‌كان و عه‌ره‌ب واژۆ كرا و كه‌ كه‌س زاتی ئه‌وه‌ نه‌كات نزیكی خاكی ئیسرائیل بكه‌وێت.
هاوشێوه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری لای خۆمان، دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد به‌ قیاده‌ی مه‌سعوود بارزانی پڕۆسه‌ی ریفراندۆمی وه‌به‌رهێنا تا له‌ زوڵم و سته‌می عێراق جیا ببینه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم جموجۆڵی هه‌ندێ له‌ كورد ده‌بینرا كه‌ ڕێككه‌وتنێك كرابێت تایبه‌ت به‌ هه‌ره‌سپێهێنانی پرسی سه‌ربه‌خۆ بوون و ئه‌نجامی ڕیفراندۆم، یه‌ك دوو جار ئه‌و هه‌وڵانه‌ شكستی پێهێنرا، به‌ڵام به‌رده‌وامی ژماره‌یه‌ك وڵاتانی ئیقلیمی و ئه‌مه‌ریكاش بۆ له‌باربردنی پرسی سه‌ربه‌خۆ بوون، شه‌وی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و رووداوه‌كانی كه‌ركووك روویدا، به‌شێك له‌ كورد كه‌ركووك و خورماتوو و خانه‌قینیان دایه‌وه‌ ده‌ستی حكومه‌تی عێراقی، به‌وه‌ش به‌شێكی تری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی گیانی ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ی كه‌ له‌ به‌شێكی كه‌ركووك و مه‌خموور و شنگال هه‌بوون، به‌رێكکه‌وتن كشانه‌وه‌، تا هێڵی 36 كه‌ پێشتر نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دیاریكردبوو بۆ رژێمه‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی به‌غدا.
ئه‌و شه‌وه‌ی كه‌ كه‌ركووك درایه‌وه‌ به‌ حكومه‌تی عێراقی، وه‌كو ئه‌وه‌ بوو كه‌ عه‌ره‌ب سینا و جۆلانی دایه‌وه‌ جوله‌كه‌، یاخود فرۆشتی به‌وان.
عه‌ره‌ب تا ئه‌مڕۆكه‌ باجی ئه‌و خیانه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌دات كه‌ بووه‌ هۆی زیانێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ عه‌ره‌ب تا هه‌تایی بووه‌ دیلی جووه‌كان، ئیستاش به‌ روونی ئه‌وه‌ ده‌بینرێت.
رووداوی به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركووكیش هاوشێوه‌ی 6ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1973یه‌، كه‌ پێم وایه‌ زیانی گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ داهاتووی قه‌زیه‌ی كورد، كه‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی كوردی نغڕۆ كرد، هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوه‌ دارایی و سیاسیانه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی به‌غدا، كاتێك ئه‌وانیش ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گه‌مارۆ و ئابڵقه‌دانی 5ملیۆن هاوڵاتی به‌تۆمه‌تی به‌شدار بوونیان له‌ پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم.

© 2017 Hawler