کانونی دووەم 25, 2021

سنور ده‌وه‌نی

 

كاتێك ئایینی ئیسلام پەیدابوو موسڵمانەكان دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەی ئەم ئایینە، بەڵام هەر لە سەرەتادا و لە یەكەم هەنگاودا لە لایەن نزیكترین كەسە ناسراوەكانی دەوروبەری پێغەمبەر(د.خ) و خودی هۆزی قوڕەیش لە مەككە كەوتنە بەر شاڵاوێكی توند و مەزڵومیەتێكی بێ‌ هاوتا، كار گەیشتە برسی كردن و تۆقاندن و ئابڵوقەدان و كوشتن و لە ناو بردن، ئیتر موسڵمانەكان هیچ پەناگەیەك و شوێنێك نەما ڕووی تێبكەن تەنها پاشا (نەجاشی) نەبێ‌ لە حەبەشە پاڵپشتی كردن و پاراستنی نەجاشی بۆ ئەم كۆمەڵە هاوەڵەی پێغەمبەر بووە بناغەی مانەوەی سەرتاسەری و بەردەوامی، ئێستاش من ڤاتیكان دەخەمە هەمان شوێنی حەبەشەی ئەو كات. دەپرسم و دەڵێم ئایا ڤاتیكان دوا وێستگەی گەیاندنی پەیامی ناحەقی و مەزلومیەت بێ دەرحەق بە گەلی كورد.....؟ ئەمڕۆ هەموو جیهان بە ڤاتیكانەوە شاهێدی پەیامی ئاشتیخوازی و پێكەوە ژیانی گەلی كوردن . لە درێژەی سەردانەكانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان بۆ وڵاتان و ناوەندە كاریگەرەكان ئەمجارەیان سەردانی ڤاتیكانی كرد لە گەڵ پاپا كۆبۆوەو بە تێر و تەسەل باسی گیر و گرفتەكانی سەرجەم گەلانی عیراق و بە تایبەتی گەلی كوردی كرد مەینەتی و داوا ڕەواكانی خستە بەردەمیان، ڕێزدار بارزانی و شاندی یاوەری زۆر بە جۆش و خرۆشەوە سەردانی ڤاتیكانیان كرد ئەمەش لە پێناو زیاتر كۆكردنەوەی دەنگی پاڵپشتی و هاوسۆزی بۆ كوردستانیان، تەواوی جیهان و وڵاتانی میواندار شاهێدی نیاز پاكی و ویست و ئارەزووی كوردستانن لە پێناو چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لە چوارچێوەی دەستور و عیراقێكی یەكگرتووی فیدڕاڵدا .
ئەبێ‌ تا كەی دەسەڵاتدارانی بەغدا واز لە غرووری سیاسی و سەربازی نەهێنن، تا كەی پشت بە یاسای هێز ببەستن و مل نەدەنە بەر چارەسەری ئاشتیانە و دادپەروەرانە، ئاخۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا تۆزێك بە خۆیاندا ناچنەوە ئەگەر تەنها بۆ جارێكیش بێ‌ لێكچوونی نێوان بڕیارەكانی (مجلس قیادە الثورە) و بڕیارەكانی خۆیان بكەن ؟! ئایا دەسەڵاتدارانی بەغدا بیر لەوە ناكەنەوە ئێستا لە تەرازووی زۆر وڵاتانی جیهاندا بڕیارەكانیان دەرحەق بە گەلی كوردستان بە هەمان كێشی بڕیارەكانی ڕژێمی پێشوی بەعس دەپێورێت، ئێستا چ لە ناوخۆ چ لە دەرەوە لای هەموو لایەك ئاشكرایە ئەو دەسەڵاتەی صدام حسین و بەعس لە پێناو (وحدە، حریە، اشتراكیە) پەیڕەوی دەكرد لە سەر گەلی كوردستان عەبادی بە ناوی (نەوت، فڕۆكەخانە، سنور) هەمان ئامانجی دەسەڵاتی بەعس بە سەر گەلی كورددا دەسەپێنێت تەنها ووشەكان گۆڕاون ئەگەر نا هەمان ئامانجیان هەیە لە برسیەتی و گەمارۆدان و تۆقاندن و وێرانكردن یان بە واتایەكی تر سەرەڕای حوكمڕانە جیاوازەكان لە بەغدا، بەڵام تەنها یەك عەقڵ و لۆژیك زاڵە ئەویش دابڕاندن و سزا دانی گەلی كوردە بەڵام بەرچاوان ڕۆشنە كە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە بە شكستی نەیارانمان چونكە دوایی ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 كاتێك بڕیاری پاراستنی گەلی كوردستان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو حكومەتی ئەوسای بەغدا بڕیاری كشانەوەی سەرجەم دام و دەزگاكانی دا ئابلوقەیەكی بە هێزی خستە سەر كوردستان هەرچەندە ئەو كات عیراق لە ژێر ئابلوقەیەكی نێودەوڵەتی دا بوو، بەڵام كوردستان كەوتە ژێر باری دوو ئابلوقەی قورس و بێ‌ بەزەیی، ڕوبەڕووی ژیانێكی سەخت و دژوار بۆوە، لێ بەڵام نه‌ته‌وه‌ی كورد وەك پیشەی جارانی زۆر ئازایانە و بوێرانە لە بەرامبەری وەستا و چۆكی نەدا، وە بە هەر قوربانیەك بێت توانی ئەو سەردەمە سەخت و تەنهایە تێپەڕێنێت سەرەڕای سەرجەم كەم و كوڕی و هەڵەكان توانی بڵێت من كوردم.
من دڵنیام بەغدا زۆر نا ئارامە بە هەناسەدانی سەربەرزانە، چونكە باش دەزانی مێژوو دووبارە دەبێتەوە بە سەركەوتنی ئیرادەی بە هێزی گەلەكەمان . سەردانەكانی شاندی هەرێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌تمه‌دار نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتانی جیهان گەورەترین شاهێدن لە سەر شكستهێنانی سیاسەتی دابڕان و سزادانی هەرێمی كوردستان، هەروەك چۆن پاراستنی هاوەڵەكان پێغەمبەر(د.خ) لە حەبەشە لە دەستی بێ‌ باوەڕەكانی مەككە چاندنی یەكەم ڕەگی پاڵپشتی بوو بۆ موسڵمانەكان بە هەمان شێوە سەرداناكنی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان گورزی كەمەر شكێنن بۆ سیاسەتە كوێر و پڕ سزاكانی بەغدا، پانتایی ئاسۆیی ڕوونمان زۆر فراوانە و لە توانایدایە باڵ بكێشێت بە سەر هەموو زریان و هەورە ڕەشەكان دەمێكە كورد و كوردستان سیاسەتی خۆ بەدەستەوەدانی كفن كردووە لە ژێر خاكدا، بۆیە تەنیا سەركەوتن و سەرفرازی لە چاوەڕوانماندایە.

 

© 2017 Hawler